باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق رایگەیاند، وێڕای هەڕەشەكان بۆ سەر نوێنەرایەتی دیپلۆماتی وڵاتان لە بەغدا، بەڵام بیریان لە داخستنی باڵیۆزخانەكەیان نەكردۆتەوەو جەختیش دەكاتەوە كە ئەوان و هاوپەیمانەكانیان كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ناكەن و رەتیشیدەكاتەوە كە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیان كردبێتە مەرج بۆ كازمی و دەشڵێت: لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا قسەی كردوەو داوای لێكردون پشتیوانی دامەزراوەكانی دەوڵەت بن لە بەغدا.

ستیڤن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی "ئاسیا"دا، رایگەیاند، وێڕای هەڕەشەكانی بۆ سەر تەواوی دیپلۆماتكاران لە بەغدا لەنێویاندا ئێمە، بەڵام بیرمان لە داخستنی باڵیۆزخانەكەمان نەكردۆتەوە.
هیكی گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی كە لەسایەی هەوڵەكانی حكومەتەكەی مستەفا كازمیدا، ئەمساڵ ئەو هەڕەشانە وەك ساڵانی رابردو نەبون.

وتیشی، پێدەچێت پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو ئارامبونەوە بڕۆن لەسەردەستی ئیدارەكەی بایدن و بەوەش پەیوەندییەكانی نێوان گروپە چەكدارە عێراقییەكان و واشنتۆنیش باش دەبن.

لەگەڵ ئەوەش باڵیۆزی بەریتانیا وتی، نیگەرانیمان هەیە سەبارەت بە رۆڵی ئێران لەناوچەكەو بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بەهیوای ئەوەین ئەمساڵ دانوستان و گفتوگۆ لەمبارەیەوە هەبن و دەرفەتیش هەیە بۆ چارەسەر بەشێوەی گفتوگۆ.
هەروەك ئاماژەی بەوەشدا كە هیوادارن ئێران مامەڵە لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بكات لەعێراق نەك لەگەڵ ئەو گروپە چەكدارانەی كە لەدەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەتدان.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە عێراق خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەسەر ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر ناوچەی سەوز و ئەنجامەكانیشی رادەگەیەنرێن، وتیشی، دڵنیا نیم كە ئێران بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەپشت ئەو كەسانەوەی بێت كە هێرشی موشەكەی دەكەنە سەر باڵیۆزخانەكان بەڵام هەموان دەزانن میلیشیاكانن بەو هێرشانە هەڵدەستن. 

هیكی جەختیشی كردەوە كە مەرجی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبیان لەسەر كازمی دانەناوەو وتی، حەشد رۆڵێكی گەورەی لەدژی داعش بینی و بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و گرنگتر لەهەمو شتێك ئەوەیە كە هەمو جومگەكانی دەزگا ئەمنییەكان لەژێر كۆنترۆڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا بن، بەڵام بەداخەوە هەندێك گروپی چەكدارن هەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی حەشدو دەوڵەتیشدان كە ئەوانەش ئاڵنگارییەكی گەورەن بۆ گەلی عێراق و سەقامگیری وڵات و پێشكەوتنی.
هەروەك جەختیشی كردەوە كە بەریتانیاو هاوپەیمانەكانی كارناكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بەڵام لە دورماوەدا دەبێت دامەزراوەكانی دەوڵەت و سوپای عێراق بەهێزبكرێن و ئێمە سەرنجمان لەسەر گرنگیی بونی سوپاو پۆلیسێكی بەهێزە.
هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا هیكی ئاشكرایكرد كە لەگەڵ لایەنی ئێرانی و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا قسەی كردوەو داوای لێكردون پشتیوانی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق بن، ئەگەر ئەوەیان بەلاوە گرنگە.
وتیشی"زۆرجار قسەكردن لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا قورسە بۆ من، بەڵام لەبەر پێویستی بونی سەقامگیری لەعێراق، یەك دەبینین."

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©