سەروەر مەحموود

ئەلبێر کامۆ لە ڕۆمانی تاعووندا دەلێت: (خودی تاعوون گرفتی سەرەکیی خەڵکی نەبوو، بەڵکو ئەوەی بوبووە گرفتوگرێ، سستبوون و لەناوچوونی پەیوەندیی و خۆشەویستی بوو لەنێو خەڵکیدا.) ئێستاو لەم زەمەنە زۆر دوورەیی لە تاعوونەوە، ھێشتایش ئێمە وەک مرۆڤ لەنێو نادڵنیایی و ناخۆشەویستییدا تل دەخۆین و بەرەو ناکۆتا لە نغرۆبوون و تاعوونبوونداین. ھێشتایش بەو ھەموو تێپەڕو تێنەپەڕەوە، خەیاڵئاسا بەنێو خولگەی نەبڕاوەو ھەمیشەیی ژینێکی کوژەرو درماوییدا، بۆ نێو قووڵبوونەوەیەکی سەیرو پڕ لە وەھم مل دەنێین.

    ئەلبێر کامۆ 

دەشێ تا ھەنووکە ئێمە بەو ھەموو خاوەندارییەتەی ئازارەوە کە ھەمانە، لە ئازار نەگەیشتبین و بەو گشتۆکە ئەزموونی ئێشەیشەوە نەزانین لەکوێی بازنەی ئێشداین. ئەم ھەژموونە پڕ نیگەرانیی و بوولێڵ و ناڕوونە، ھەژموونی دروستکراوی تاعوونییەو شتێکە لە نێوان ئەگەرو نائەگەردا بەرەو کەفکردن سەر دەباو... سەرەوبنیش دەنیشێتەوە. فەزایەکە لە ناتێگەیشتن و ناحاڵیبوون و دەمانخاتەوە سەر ھەقیقەتی بناغەیی خۆمان و... دەستمان لە ئاڕاستەی دەرەکییمان بەردەدا، بۆ ھەمیشەیش بەرجەستەی نادڵنیاییمان دەکاو تووشمان دەکا بەتووشی ڕاڕاییەکی تاعوونیی ئەبەدییەوە. ئەو ژینگە تاعوونییەی بەرۆکی تاک و کۆمەڵگەی گرتووە، شتێکە تا ئاستی کوێری، تاریک. چونکێ تا ئەم چرکەساتەیش، مرۆڤی ئێمە لەو جۆرییە مرۆڤانەن لە قووڵایی خەویشدا دەستیان لە دەستی نائارامی بەرنابێت و لە تەواوی بێداریی و ئاگاییشیاندا خەریکی شیکردنەوەی مردنی لەسەرخۆی خۆیانن. ئێمە تا ئێستاکەیش بە تاکوکۆمانەوە، لە بچووکیی و کورتیی بیچمی خۆشەویستیی و دڵنیاییدا، قەناعەت بەبەرینییەکی تژیی و سیخناخی پڕ لە ناخۆشەویستیی و نادڵنیایی دەکەین و، لاھۆشانە دەکەوینە پەسن و پێداھەڵدانی مەرگێکی خۆویست. بۆیە ھەتا ئێرەش ئێمەی خۆکوژو خۆخنکێن، دڵنیانین کە ئایا گرفتی ناجێگیرییمان دەکەوێتە ئەستۆی سیستم و دامەزراوە «نادامەزراوە»کەمان، یاخود خودی خۆمان؟ ئۆخژن نین لەسەر ئەوەی ئێمە سیستم بەڕێوەمان دەبات یاخۆ خۆمان، سیستم ئاڕاستەمان دەکا یان ناسیستمە ھەڕەمەکییەکەی نێو خۆمان؟ بە مانایەکی دیکە، ئێمە تا ئەم ھەناسە گەرمە تازەیەی ئێستایش ناتوانین ددان بەوەدا بنێین کە ئایا خودی ئێمە «قسەکەرین» یاخود «بیستەر»؟ «بەڕێوەبەرین» یاخود «کاربەڕێکەر»؟ بەڵکو زۆر شەرمنانە دەتوانین پێ بەو ھەقیقەتە تەماوییەدا بنێن و بڵێین: (کە ھێشتا ئێمە لە نێوان خۆساغکردنەوەو خۆبزرکردندا ناتوانین خۆمان دیاری بکەین، ھێشتا ڕووی ئەوەمان نییە ناسنامەی ھەقیقی خۆمان ئاشکرا بکەین و لە زەلکاوی وەھم و نادڵنیایی بێینە دەرێ(
مرۆڤی تاعوونیی و تێوەگلاو، ئەو مرۆڤانە نەبوون کە تووشی پەتای تاعوون ھاتن و کەوتنە ململانێیەکی سەختەوە لە تەرەفی ژیان'ەوە بەرانبەر بە مەرگ، ئەوانە نەبوون تیشکی ڕۆژو ھیلالی مانگ و تریفەی ئەسێرەیان بە ناچاری بەجێھێشت، بەڵکە ئەوانەن لە تەواوی ماوەی ژیانیاندا خزمەتکارو ئەزبەنیی و ئەڵقەلەگوێی تاعووندارەکانن!


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©