قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیی لە ئارشاک مانوکیان، كونسوڵی گشتی ئەرمینیا كرد لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە چەند پرۆژەیەكی هاوبەشیان تاوتوێ كرد.

نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکرەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئارشاک مانوکیان، كونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێمی كوردستان کۆبوەوە، هەردولا باسیان لە چەند پرۆژەیەكی هاوبەشی زانستی و كلتوری كرد، لەوانەش واژۆكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لەنێوان دامەزراوە زانستییەكانی ئەرمینیا و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و پسپۆڕی. 

لەبەشێكیتری كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدان و فراوانكردنی مۆزەخانەی جینۆسایدی هەڵەبجە كرا، بەتایبەت كە ئەرمینیا ئامادەیی دەربڕیوە هاوكاربێت لەو پڕۆژەیە.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتوە، هەردولا هاوڕابون لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەرمینیا و هەرێمی كوردستان، لەم میانەیەشدا جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی پێشنیاری ئەرمینیای كرد بۆ ڕەوانەكردنی پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی چاو بەبێ بەرامبەر بۆ بینینی و چارەسەركردنی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان.


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©