ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جەیک سولیڤان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا دەستی بە وتووێژ لەگەڵ ئێراندا کردووە لەسەر گەڕانەوەی بەلایەنی کەم پێنج بارمتەی ئەمەریکایی کە لەلایەن تارانەوە گیراون.


لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی "Face the Nation"ی کەناڵی CBS، سولیڤان گوتی ئەمە یەکێک بوو لە " ئەرکە سەرەکییە بەرچاوەکانی" بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن کە بتوانێت ئەو ئەمەریکاییانە " بە سەلامەتی بگەڕێنێتەو بۆ وڵات" و دەستگیرکردنی ئەوان بە تەواوەتی " مایەی توڕە بوون و بێزارکەرە".


سولیڤان ڕایشیگەیاند " ئێمە دەست دەستمان کردووە بە پەیوەندی کردن لەگەڵ ئێرانییەکاندا لەسەر ئەم بابەتە."


ئەو کە بابەتەکەی بە " کارەستی مرۆیی" ناودێر کرد وتیشی " ئێمە پێشنیازێکی درێژخایان قبوڵ ناکەین کە بەردەوام ئەمەریکاییەکان بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی بگرن."
ئێران دەیان کەسی کە هاووڵاتی دوو وڵاتن، گرتووە لە ناویاندا پێنج ئەمەریکاییش زۆربەیان بە تۆمەتەکانی سیخوڕی کردن.


تەنانەت لە کاتێکدا وتووێژەکان لەسەر بارمتەکان دەستیان پێکردووە، سولیڤان وتی هیچ وتووێژێک لەگەڵ تاران دەستیپێ نەکردووە سەبارەت بە دووبارە گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی ئێران کە کاربەدەستانی ئێران سورن لەسەر ئەوەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە نەک پەرەپێدانی چەکی ناوکی .

ڕۆژی هەینی سەرۆک جۆو بایدن ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەوڵی "ڕێکخستنەوەی وتووێژەکان" دەدات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رێککەوتنەی کە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.


لە لێدوانێکیدا بۆ کۆنفراسی ئاسایشی میونیخ کە لە کۆشکی سپییەوە بە ئۆنلاین پێشکەشی کرد بایدن وتی " ئێمە پێویستمان بە شەفافیەت و وتووێژکردن هەیە بۆ کەمکردنەوەی زۆربوونی بەهەڵە تێگەیشتنی ستراتیژی و هەڵەکان."


بەڵام سولیڤان وتی " ئێران هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە" بۆ پێشنیازی نوێکردنەوەی وتووێژەکانی ناوکی.


ئەو وتی " ئەوە ئێرانە کە لە ئیستادا بە شێوەیەکی دیپلۆماسی پەراوێز خراوە نەک ئەمەریکا، و لە ئێستادا تۆپەکە لە مەیدانی ئێراندایە."


بەڵام پێشتر یەکشەممە ئێران وتی ئەمەریکا ناتوانێت جارێکی تر بگڕێتەوە ناو پەیمانە ناوکیەکە پێش ئەوەی سزا ئابورییەکانی سەر تاران هەڵبگرێت . واشنتن دەڵێت دەبێت تاران سەرەتا بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ساڵی 2015 و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی کەمبکاتەوە.


ئەم لێدوانانەی واشنتن و تاران لە کاتێکدایە کە ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی کۆبووە و بۆ ئەوەی هەوڵ بدات توانای پشکنەرەکانی بۆ چاودێریکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی تاران بپارێزێت.


پاش ئەو وتووێژانە، گروپەکە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێراندا ئەنجام دا بۆ بەردەوامبوون لە پشتڕاستکردنەوەی پێویست و چاودێری کردنی چالاکییەکان، بەڵام ڕێککەوتنەکە داوای کەمتر دەستگەیشتن دەکات و چیتر پشکنینێکی خێرا بۆ دامەزراوە ناوکیەکانی ئێران ئەنجام نەدرێت.


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف ڕایگەیاندبوو،سەرەڕای سەردانەکەی گرۆسی کامێراکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی دەکوژێندرێنەوە بۆ پانبەندبوون بە یاسایەک کە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کراوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©