تووشبوونەوە بە کۆرۆنا بۆ جاری دووەم دوای چاکبوونەوە لێی بە تەواوەتی رووداوێکی دەگمەنە، بەڵام تووشبوونەوەی چەند کەسێک لە سەرتاسەری جیهاندا کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ئەوەمان پێدەڵێت ئەو بەرگرییەی لەش لە دژی کۆرۆنا دروستی کردووە، هیچ گەرەنتییەکی نییە کە جارێکی دیکە کەسەکە تووش نەبێتەوە، کوتانیش بە ڤاکسین لەوانەیە ببێتە کارێکی رۆتینیی بەردەوام لە ژیانی رۆژانەماندا.

ماڵپەڕی BNO کە سەرچاوەیەکی هەواڵی هۆڵەندییە و لەسەر ئاستی جیهاندا بەدوای بارەکانی توشبوونەوە بە کۆرۆنادا دەگەڕێت، دەڵێت لە 110 ملیۆن تووشبووی جیهان تەنیا 51 باری پشتڕاستکراوە هەن کە دیسانەوە تووشی کۆرۆنا بوونەتەوە لەگەڵ 11 هەزار تووشبوو کە گومانیان لێدەکرێت تووشی کۆرۆنا بووبنەوە.

ناوەندی کۆنترۆڵ و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا ناسراو بە CDC لە ماڵپەڕی خۆی نووسیویەتی کە هیچ بارێکی تووشبوونەوە بە کۆرۆنا لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا تۆمارنەکراوە. 

زۆر کەس لەوانەی کە جاری یەکەم تووشی کۆرۆنابوون، بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێن بەبێ ئەوەی ترسیان لە تووشبوونەوە هەبێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: "ئەوەی کۆرۆنای گرتبێت، تووشی جۆرە نوێیەکەی دەبێتەوە؟"

بەر لەوەی بچینە نێو وردەکاریی ئەو بارانەی کە پشتڕاست کراونەتەوە کە تووشی کۆرۆنا گۆڕاوەکەی ئەفریقیای باشوور یاخود بەریتانیا بوونەتەوە، د. ئانتۆنی فاوچی وەڵام دەداتەوە.

د. ئانتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانەگەی نیشتیمانیی هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنی راگەیاند: "ئەگەر کۆرۆنا گۆڕاوەکە پەرەبسێنێت، ئەزموونی هاوڕێیانمان لە ئەفریقای باشوور ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەر تووشی ڤایرۆسە رەسەنەکە بووبین، ئەگەرێکی بەهێز هەیە تووشبوونی پێشترت نەتوانێت لە تووشبوونەوە بتپارێزێت."

پێشبینی دەکرێت گۆڕاوە نوێیەکەی کۆرۆنا تاوەکو سەرەتای مانگی ئادار جێ بە کۆرۆنای رەسەن چۆڵ بکات و بە ئەمریکادا بڵاوببێتەوە.

ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2021  لە فەرەنسا تووشبوویەک بە گۆڕاوە نوێیەکە تۆمارکرا، لە مانگی ئەیلوولی 2020ـدا تووشی کۆڤید-19 بووبوو، لە کانوونی یەکەمی 2020ـدا دوای چاکبوونەوەی دوو جار پکشنینی کرد، هەردوو جارەکە ئەنجامەکەی نەرێنی بوو. کەچی جارێکی دیکە لە شوباتی 2021ـدا تووشی هەناسەتەنگی و کێشەی سییەکان هاتبووەوە. 

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هەمان نەخۆش بەهۆی توشبوونی بە گۆڕاوە نوێیەکە رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەرپرسانی فەرەنسی دەڵێن تووشی گۆڕاوەکەی ئەفریقیای باشوور بووە، ئێستا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددایە.

ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەو کەیسە کردووە، لە رۆژنامەیەکی پزیشکیدا بە ناوی "Clinical Infectious Diseases" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئەمە یەکەم پێناسەی گۆڕاوەکەی ئەفریقیای باشوورە کە نەخۆشێکی بە سەختی تووشی کۆڤید-19 کردووە. ئەمەیش دوای چەند مانگێک لە تووشبوونی بە سووکی بە هەمان ڤایرۆس."



ڤاکسین لە دژی گۆڕاوە نوێیەکە کاری خۆی دەکات؟

هەریەک لە کۆمپانیای فایزەر/بایۆنتێک و مۆدێرنا دەڵێن mRNAی ڤاکسینەکانیان بەرگری دژی گۆڕاوە نوێیەکەی ئەفریقای باشوور و ئەوەی بەریتانیا دروست دەکات.

بەڵام کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر هاووڵاتییەک لە ئەفریقیای باشوور کە ڤاکسینی ئاسترازینیکای وەرگرتبوو، تووشی گۆڕاوە نوێیەکە بوو، وڵاتەکە ناچار بوو بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی ئاسترازینیکا بوەستێنیت.

دکتۆر بروس پۆلسکی، پسپۆڕ لە نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی Langone لە نیویۆرک دەڵێت: "پێموایە هەموو کەسێک لەوە تێگەیشتووە کە دوای توشبوونی یەکەم لە خاڵێکدا تووشبوونەوە بە کۆرۆنا هەیە."

برووس دەڵێت: "پێموانییە هیچ کەسێک باوەڕی وابێت کە جارێک تووشی کۆرۆنا بوو، ئیتر هەرگیز تووش نابێتەوە."

ناوەندی کۆنترۆڵ و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا تێگەیشتنی بۆ کۆرۆنا وایە کە دەکرێت دوای سێ مانگ لە تووشبوون، جارێکی دیکە تووشبوونەوە روو بدات.


ئەو ناوەندە پێشبینییش دەکات لەگەڵ بەردەوامبوونی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و لاوازبوونی بەرگریی لەش، بە تێپەڕبوونی کات تووشبوونەوە بە کۆرۆنا و جۆرەکانی بە شێوەیەکی فراوان رووبدات.


لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان لەبارەی بەرگریی لەشەوە چیمان پێدەڵێن؟

لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان لەبارەی تووشبوونەوە بۆچوونی جیاواز دەخەنە روو. زانکۆی نەخۆشخانەی گشتیی ئیندیانا لە بلوومینگتن چەند هەڵمەتێکی راگەیاندووە و بە وردی کار لەسەر تووشبوونەوە بە کۆرۆنا دەکات لەو شوێنانەی لە ئەمریکا چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەن. بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو بارانەیش دەکات کە دەگوترێت لە فەرەنسا بۆ جاری دووەم تووشی کۆرۆنا بوونەتەوە.

زانکۆی ئیندیانا لە پرۆژەکەیدا پشکنینی بۆ هێزەکانی مارێنز لە دوورگەی پاریسی سەر بە کارۆلاینای باشوور کردووە و دەرکەوتووە ئەوانەی تووشی کۆڤید-19 بوون، بەرگرییان لە دژی تووشبوونەوە پەیداکردووە، بەڵام لەنێویاندا باری جیاواز هەبووە، بۆ نموونە ئەوانەی IgGـیان کەم بووە کە جۆرێک لە دژەتەنە لەنێو خوێندا، ئەوانە ئەگەری تووشبوونەوەیان بە کۆرۆنا زیاتر بووە.

لە قەتەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێک کراوە، دەرکەوتووە کەمتر لە 1٪ـی ئەو 44 هەزار کەسەی کە لە کۆڤید-19 چاکبوونەتەوە، جارێکی دیکە تووشی کۆرۆنا بوونەتەوە.


هۆکار چییە هەندێک خەڵک تووشی کۆرۆنا دەبنەوە؟

مەرج نییە هەرکەسێک کە جارێک تووشی کۆرۆنا بوو، بەهۆی شەڕی ڤایرۆسەکەوە جەستەی دژەتەن دروست بکات. شەڕی هەندێک کەس دوای چاکبوونەوەیشیان ئاست و رێژەی دژەتەنەکانیان ئەوەندە بەرز نییە کە بتوانێت پارێزگارییان لێبکات.

یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی کۆرۆنا ئەوەیە کە دیار نییە دژەتەنەکانی چەندە لەنێو جەستەی مرۆڤدا دەمێننەوە. 

بە گوێرەی بەدواداچوونێکی ناوەندی کۆنترۆڵ و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، لە زۆربەی خەڵکدا دژەتەنەکان کە بەهۆی کۆرۆناوە پەیدا بوون، دوای 60 رۆژ بەرەو کەمی دەڕۆن. 

توێژینەوەیەکی دیکەیش لەبەریتانیا کراوە، دەرکەوتووە کە IgG دەتوانێت زیاتر لە 6 مانگ لەنێو جەستەی مرۆڤدا بمێنێتەوە.

دکتۆر ستانلی پێرلمان، پرۆفیسۆری مایکرۆبایۆلۆجی لە زانکۆی ئایۆوا دەڵێت: "لەبەر ئەوەی نازانین بەرگری تا چەند دەمێنیتەوە. ئەگەری هەیە ئەو ڤایرۆسە لە خۆگۆڕین بەردەوام بێت. دوایی وایلێدێت ڤایرۆسەکە بە خۆگۆڕین ببێتە ڤایرۆسی هەڵامەت."

مەبەست لەو گوتەیەی سەرەوە ئەوەیە، ئەگەر ئەم ڤایرۆسە درێژە بکێشێت، دوایی تەنیا دەبێتە ڤایرۆسێکی بێزارکەر، بەڵام وەکو نەخۆشییەکی کوشندە نامێنێتەوە. ئەو سەرما و هەڵامەتەی ساڵانە تووشی دەبین، ئەوانیش ڤایرۆسی کۆرۆنان کە نەتوانراون لەناو ببردرێن. رۆژانێک ئەمانیش ڤایرۆسی کوشندەبوون کە ئێستا بەرگریمان لە بەرامبەریان پەیدا کردووە. بەرگرییش لە دژی ڤایرۆسی سەرماوسۆڵە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەمێنێتەوە. ئەو کەسانەیشی بەهۆی ڤایرۆسی سارس یاخود ڤایرۆسی سەرماوسۆڵەوە تووشی هەناسەتەنگی بوون و بە سەختی نەخۆشییەکەیان گرتووە، بۆ ماوەیەکی درێژتر تووشی ڤایرۆسەکە نەهاتوونەتەوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©