KNA


بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی کە لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەی پێشکەشی دەکات، هالاند بووەتە جێی بایەخی گەورە یانەکانی ئەوروپا، لە سەرووشیانەوە هەردوو گەورە یانەی ئیسپانیا، بارسێلۆنا و ریال مەدرید.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا، داواکارییەکانی ئێرلینگ هالاندیان بۆ یانەیە ئاشکراکردووە کە دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بکات.

هالاند ئێستا بە یەکێک لە باشترین هێرشبەرانی جیهان دادەنرێت، کە تەمەنی 20 ساڵە و لەوەتەی پەیوەندی بە دۆرتموندەوە کردووە کاریگەرییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا، کە لە 25 یارییدا 27 گۆڵی تۆمارکردووە.

هالاند ئامانجی چەند یانەیەکی سەرەکی ئەوروپایە لە هاوینی داهاتوودا، وەک یانەی ریال مەدرید، بارسێلۆنا، مانچێستەر یونایتد و تەنانەت بایرن میونشنی ئەڵمانیش.

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا، هالاند و مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی لەوە ئاگادارن کە نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایلێکردوون بیر لە مووچەیەکی گەورە بکەنەوە ئەگەر هەنگاوێکی نوێی هاوێشت.

بەپێی رۆژنامەکە، مەرجی نوێی هالاند بۆ ئەو یانەیەی دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، مووچەیەکی 18 ملیۆن یۆرۆییە و دەبێت ماوەی گرێبەستەکەیشی 5 ساڵ بێت، کە بێگومان ئەم پارە زۆرە بۆ هەر یانەیەک بارقورسییەکی زۆر دەبێت، لە سایەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

 

تاگ    وه‌رزش

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©