رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان  رایگەیاند: کۆبونەوەکەدا سەرکردایەتی گۆڕان دەخوازێت وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرێتەوە کە بۆچی قەیرانی دارایی کە بازار و ژیانی هاوڵاتیانی پەک خستوە، کاریگەری نەکردوەتە سەر حیزبە دەسەڵاتدارەکان.

دلێ عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاشكرایكرد "بەشدارییکردنی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی چاکسازییە، لە کۆبونەوەکانمان لەگەڵ پارتى و یەکێتى و لایەنە ئیسلامییەکانیش جەختمان کردوەتەوە کە بەرپرسیارێتى لەسەر یەکێتى و پارتى زیاترە لە حیزبەکانى دیکە، ئێمە ئێستاش لامان پرسیارە و دەمانەوێت وڵامەکەى وەربگرینەوە بۆچى خەزێنەى حیزبە دەسەڵاتدارەکان زۆرى تێدایە کەچى باخەڵى خەڵک و میللەت و بازاڕ هیچى تێدا نییە؟ بۆ کۆمپانیاکانى حیزب پارەیان هەیە و ژیانیان باشە کاسبکاران و خەڵک و بازاڕ ژیانیان باش نییە؟".

 

رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی دوای کۆبونەوەی چەند رۆژی رابردوی جڤاتی گشتی، باژێروانەکان و تیمی حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە کۆبونەوەکەدا بەرئەنجامی کۆبونەوەی گۆڕان و لایەنەکان بۆ باشترکردنی بژێوی خەڵک و دەستکردن بە پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە و تیمی حکومەتی گۆڕانیش لە کۆبونەوەکەدا دوا هەنگاوەکانی حکومەتیان لەبارەی چاکسازی خستەڕو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ روانگە و کارەکانی حکومەت لە بوارەکانی چاکسازی دارایی، یاسایی و کارگێری دەکەن، چونکە بەشداری گۆڕان لەسەر ئەو بنەمایەنە بوە، لە هەمانکاتیشدا گۆڕان کار لەسەر ناڕەزایی هاوڵاتیان دەکات و داواکارییەکانیان دەگەیەنێتە کۆبونەوەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©