ــ پەروێز هوما 

من ئیتر دەستنوێژی حەقیقەت دەشکێنم و 
دەچمە کڵێسای خەیاڵەوە.  
ئەم ڕێگە بچکۆلەیە دەدەمە بەر ڕێزەی هەنگاوەکانم. 
سەرم شی بووەتەوە، 
بیکێشم بە هەر شتێکا، 
وەک کوڵۆسم ورد دەبێ! 
لەم شەقامەدا، 
هەموو هەنگاوەکانم، 
تامی ئفلیجی دەدەن. 
کامەرانی تا دەگاتە ئێمە، 
باڵەکانی سست دەبێ،
ئەم جوگرافیایەش تەنراوە بە داهۆڵ. 
لە سەر دڵی ئەم وشکە شارەدا، 
هەر خەریکی وەشاندنی تۆوی ئازادی بوومە، 
ئێستایش دەستە دەستە، کۆیلە دەچنمەوە. 
هێندە ماندووم، وا هەست دەکەم ژیان بەتەنها خەریکی منە.
ئیتر ئەم ژیانە ناجووم، ڕاستییەکانی ئەتفێنمەوە.
تەنهایی منی شاردووەتەوە، 
کردوومی بە پرسیارێک و ئەمدات بەگوێ هەموو قەرەباڵەخیەکاندا. 
غەدرێک لەقوڕگمدایە، 
ئەگەر بدوێم، 
ئەبێت بەخوێن و ڕۆدەچێتە ناو گەدەم.  
ئەستێرە پیرەکان زڵتەی چاویان دەهات، 
بەدیار تەنهاییمەوە. 
خاچەکان هەزاران ئەندێشەی منیان پێوەیە. 
دەستدرێژی کرایە سەر خەیاڵەکانم، 
هەر خەیاڵێکیشم، فیشەکی زوڵمێک بە بەین برۆکانیەوەن، 
هەر خۆزگەیەکم لە کەنێکا فڕێدراوە. 
ئەگەر باڵیش دەر بکەم، 
ئەم ئاسمانە سەرزەنشتی فڕینەکانم دەکات. 
هەست دەکەم، ئیتر هەستم نەماوە، 
وەک هەندێک بەفرم بەسەر دەموچاوی گوڵێکەوە، 
کەمێکیتر خۆر خوێنم دەڕێژێ! 
وشەکان لە ناو دەممدا ورد دەبن، 
گریمانەکان لێم کۆبونەتەوە و 
هەر هەموویان دەڵێن: مەعز بۆ ڕەزای حەقیقەت، 
با ڕوونەدەین. 
من ئەم ڕێگە بچووکەم بۆ نابڕێت، 
من دڵنیام، ئەم ڕێکردنەم، 
لە مێژووی هیچ پیاسەیەکا نانوسرێتەوە. 
هەنگاو دەنێم و بەرەو دواوە دەڕۆم، 
وەک بڵێی سەرم هەڵگەڕابێتەوە. 
تەواوی ئایدۆلۆژیاکان کۆدەکەمەوە و 
دەیانخەمە ناو ماسولکەکانم، 
دیسان لە شوێنی خۆمدام، 
وەک بڵێی ئەم ڕێگەیە، 
لە چەشنی تریدمەیڵ بێت! 
من بەخۆم ئاشنا نیم، کێی تر بناسم؟ 
گوێچکەکانم پڕن لە ئامۆژگاری، 
ئارەزووم دەکرد ژیانم چپەیەک بوایە لەنێوان من و خودادا و  کەس گوێی لێ نەبوایە. 
ناوەوەم پڕە لە چیرۆکی ئاگراوی، 
بۆیە ئەم جەستەیەم هیچ دۆزەخێک نایترسێنێت! 
دڵدانەوەکانیش، 
وەک ڕەنگکردنی ژوورەکەمە، 
منیش هەتا تاریکی بڕ بکات، 
نابینام!

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©