پاش ئەوەی دوێنێ لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تویتێکدا بە مەسرور بارزانی وت، "سەرۆکی حکومەت تۆ بە تەواوی متمانەت لەدەستداوە"، تویتەکەی کاردانەوەی لێکەوتەوەو بەرپرسانی یەکێتی و پارتی کەوتنە هەڵدانەوەی دۆسیەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتر.

لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تویتێکدا تایبەت بەدۆسییەی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد نووسی، "سەرۆکی حکومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە، ئەگینا ئەمەت قبوڵنەدەکرد."


حکومەت چی وت؟


لە کاردانەوەی تویتەکەی لاهور جەنگیشدا جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی دادگاکانی هەرێم دەکات کە دادپەروەرانە، سەربەخۆییانە، دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەک و فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لە سەر هەموو کەیسەکان بدات".
وتەبێژی حکومەت باس لەدوو کەیسی پێشووی سلێمانی دەکات وەک وەڵامێک بۆ لاهور جەنگی و دەڵێت، "هیچ کەیسێک پشتگوێ نەخرێت، لەوانە کەیسی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی."

ئەم وتانەی وتەبێژی حکومەت لەکاتێکدایە یەکێتی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەوەش وایکرد، شوان داودی پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بنووسێت، "جوتیار عادل وتەبێژی سەرۆکی حکومەتە نەک حکومەت."


"سیناریۆیە دژی کابینەی مەسرور"


زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەئەکاونتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندووە، "له‌ ده‌ستپێكی دروستبوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ندێك توشی هستریای سه‌رۆكی كابینه‌كه‌ بوون و به‌ر له‌ هه‌نگاوه‌كانی بهاوێژێت ئه‌ودیوی كارنامه‌كه‌یان ده‌بینی كه‌ خۆیان له‌ناو دۆڵێكی ته‌مومژاویدا ده‌بینیه‌وه‌ و وێنای ئه‌و رۆژانه‌ی خۆیان له‌به‌رچاو بوو كه‌ ئیدی ئه‌گه‌ر هه‌ر ناونیشانێك به‌ خۆیانه‌وه‌ بلكێنن، ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌و مافیاگه‌ری و گه‌نده‌ڵكارییه‌ی فرچكیان پێوه‌ گرتبوو".
نووسیویشییەتی، "بۆ ده‌بێت هه‌ر رۆژێك له‌ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستێك له‌و حكومڕانیه‌ته‌ی ئێوه‌ پێتان په‌سه‌ند نییه‌ شه‌ڕی وه‌رگرتنی بكه‌ن و له‌ولاش ئامۆزایه‌كه‌ی تر شه‌ڕی حكومڕانیه‌ته‌كه‌ بكات و وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی هه‌وڵی ناشیرینكردنی بدات ،ئایا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ پێمان بڵێن ئێوه‌ یار ده‌بن یان نه‌یار؟."
لیزا فەلەکەدین کاکەیی پەرلەمانتاری پارتیش دەڵێت، "درێژەدان بەم سیاسەتەی ئێستا کە تەنها بریتییە لە دروستکردنی سیناریۆی جۆراوجۆر دژی کابینەکەی مەسرور بارزانی نەک بەتەنها چارەنووسی خودی لاهور بەڵکو چارەنووسی هاو ئاوازەکانیشی بەرەو هەڵدێر دەبات."

 بەختیار شاوەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق نووسیویەتی، "سەروەری دادگا بانێکە و دووهەوا"، دەڵێت، لە کەیسی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد و دەستگیرکراوانی بادیناندا لەنێوان ئەم دوو کەیسەدا کە نێوانیان تەنها دوو هەفتە بوو بانێک و دوو هەوا بەبڕیارەکانی حکومەتی هەرێمەوە دەبینرێت.
شیرین یونسی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیش لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی نووسیویەتی، "بۆ وتەبێژەکەی حکومەت؛ پێویستە لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری مردنی جەوھەر نامیقیش بکەن کە چۆن و بۆچی دەرمانخوارد کرا، ھەروەک چۆن فەرەیدون جوانڕۆیش تیرۆرکرا نەک بە رووداوی ھاتوچۆ لە ھەمەری گولەنەبڕدا گیانیلەدەستدا، ئەی بۆ ناپرسی محێدین رەحیم بەو ھەموو پاسەوانەوە لەماڵەکەی خۆی کوژرا؟ باسی ئەوەش بکەن واحید کوڤلی چۆن مرد؟ سەری زێرابی تیرۆری سیاسی بەدەستی حزبەکەت ھەڵمەدەوە با بۆگەن نەمانکوژێت."

ئۆپۆزسیۆن چی دەڵێن؟
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە راگەیاندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، "دەستگیرنەکردنی تاوانباری ھێرشکردنە سەر غالب محەمەد و پەیامی ھاوسەرۆک و وتەبێژی حکومەت ئاماژەی مەترسیداری تێدایە، ژیانی کەس لە کوردستان پارێزراو نیە و حوکمڕانی لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، تائێستاش ئەم دوو ھێزە بێدەنگ بوون لە تاوانی یەکتر، ئەم بێمتمانەیی دروستکردنە لە ھەموو شتێک مەترسیدارترە."


عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری کۆمەڵیش نووسیویەتی، "رۆژ بە رۆژ باشتر دەیسەلمێنن کە ئێوە شایستەی حکومڕانی نین و هێشتا سنوری عەقڵیەتی شاختان تێنەپەڕاندووە."
بەشێکی هاوڵاتیانی هەرێمیش سەرنجیان لەسەر ئەوە هەیە، هەر کاتێک رووداوێک لە کوردستاندا روودەدات و بە دڵی حزبێکی دەسەڵاتداری هەرێم نییە، ئەوا دەکەونە شەڕێکی ساردی میدیایی لەگەڵ یەکتردا و بەیاننامە لە دژی یەکتری دەردەکەن و چەندین نهێنی یەکتری ئاشکرادەکەن.
چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان ململانێیەکە لەنێوان دوو باڵی دیاریکراوی نێو یەکێتی و پارتیدان، تائێستا باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەیەکێتی و نێچیرڤان بارزانی لەپارتی هیچ کاردانەوەیەکیان لەسەر ئەم رووداوە نەبووە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©