به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت: پێشبینی ده‌كرێ ژماره‌ی تووشبوانی كۆرۆنا له‌ هه‌ولێر زیاتر بێت،ئه‌مڕۆش ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بڕیار له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌دات.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11-7-2020 د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێت، پاشان ژووری ئۆپه‌راسیۆن بڕیاره‌ نوێیه‌كان ده‌رده‌كات".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بڕیار له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌دات، پێویسته‌ له‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كانیشدا ڕه‌چاوی بژێویی خه‌ڵك و پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ تا ئێستا نازانم بڕیاره‌كانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر چۆن ده‌بێت، ئێمه‌ش پێشنیاره‌كانمان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌خه‌ینه‌ ڕوو".


روونیشیكرده‌وه‌ "پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌یه‌كی زۆری تووشبووی كۆرۆنا له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر هه‌بن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی نیشانه‌یان نییه‌ بۆ پشكنین سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ژماره‌ی تووشبوان زۆر له‌وه‌ زیاتره‌، كه‌ ئێستا له‌به‌رده‌ست دایه‌، هۆكاری سه‌ره‌كیش بۆ زیادبوونی ژماره‌ی تووشبوان، جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێنوێنییه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌، كه‌ گرنگترینیان به‌كارهێنانی ماسك و ده‌ستكێشه‌".


راشیگه‌یاند،" ئێستا له‌ هه‌ولێر 15 تووشبووی كۆرۆنا له‌ژێر چاودێریی چڕی پزیشكی دان، 40 تووشبووی دیكه‌ی كۆرۆناش له‌ هه‌ولێر باری ته‌ندروستییان ناجێگیره‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بنێردرێنه‌ به‌شی چاودێریی چڕ".


به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم، تا ئێستا له‌ پارێزگای هه‌ولێر دوو هه‌زار و 184 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌زار و 493 توشبوو چاكبوونه‌ته‌وه‌ و 48 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©