ـ سوهەیب  میکائیل 


( مرۆڤی هەرزان ) ناونیشانی کۆتا رۆمانی ( گۆران سەباح ) ـە ، کە لە ئاداری 2021 بلاوکراوەتەوە. ئەم رۆمانە لە (٢١٠) لاپەرە پێک دێت . لە ناوەرۆکی رۆمانەکەدا پێشبینی رودانی چەندین رووداو دەکات کە لە داهاتودا لە ( ٢١٠٠) و سالانی پێشتر روودەدەن.
( مرۆڤی هەرزان )  رۆمانێکی خەیالی زانستی یە ، کە ژانرێکی نوێیە لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا.  لەوانەیە پێشتر هەندێک رۆمانی کوردی کەمێک لە بنەماکانی رۆمانی خەیالی زانستیان پەیڕەو کردبێت، بەلام لە رۆمانی ( مرۆڤی هەرزان ) دا رۆماننوس بە تەواوی توانیویەتی بنەماکانی رۆمانی خەیالی زانستی لە نوسینی رۆماندا پەیڕەو بکات. خوێنەر بە ئاسانی تێدەگات کە رۆمانی خەیالی زانستی چۆنە و دەبێ چۆن بنوسرێ . 

ـ بۆچی مرۆڤی هەرزان:

کاتێک ئەم رۆمانەم خوێندەوە، ئەم دەربڕینەی لەسەر زاری کارەکتەر ( بێرنی لۆمۆ ) کە لە لوتکەی هەولێر بۆ چارەسەری خۆ کوشتنی مرۆڤ پێشکەشی دەکات. دەلێت : (( ئەوانەی خۆیان دەکوژن شایەنی ژیان نین )) لە کاتێکدا هەمووان کۆبونەتەوە بۆ چارەسەر، ئەم بە خۆیی و کۆمپانیا کەی بانگەشەی بەردەوامبونی خۆ کوشتن دەکەن . لێرەدا رێک ئاخاوتنی ( پیتەر کمپ ) م بیرهاتەوە کە لە گوتارێکدا دەربارەی رۆمانەکانی سەدەی بیستەم دەلێ : ( لە زۆربەی رۆمانەکاندا مەبەستێک هەیە،ئەویش ئەوەیە مرۆڤ بەرهەمی شەرانگێزیە و شەرانگێزی لە ناو خودی مرۆڤدایە. وەک چۆن هەنگ هەنگوین بەرهەم دێنێ ئەوهاش مرۆڤ لە کۆمەلگادا شەرانگێزی بەرهەم دێنێ و بەلاوتری دەکاتەوە . )
هەر بەڕاست بەهای مرۆڤ لە کۆمەلگاکانی جیهاندا چۆنە ؟ چ شتێک ئەمڕۆ لە مرۆڤ هەرزانتر هەیە ؟ بەهای مرۆڤ لە کوێیە لە کاتێکدا چەندین سالە لە دەوروبەرمان بە بەهانەی جیا جیا مرۆڤ لەناو دەبرێ ئەوەتە لە ( ئەفغانستان ، عیراق ، سوریا ، لیبیا ، یەمەن ... ) مرۆڤ چ بەهایەکی هەیە ؟ ! 
ئەوەنیە لە خۆشیدا بە تەقەی خۆشی مرۆڤ دەکوژرێ و لەناخۆشی و جەنگ هەر مرۆڤ دەکوژرێ !


ـ رۆمان و پێشبینی : 

لە بواری پاراسایکۆلۆژیدا ئەو کەسانەی لە رادە بەدەر هەستکردن و پێشبینی کردنیان هەیە بەوە ناسراون کە هەستی شەشەمیان لە کەسانی ئاسایی بەهێزترە. ئەدیب و رۆماننوس و داهێنەر رێک وەک ئەو کەسە وایە کە هەستی شەشەم و گشت هەستەکانی تری دەکەوێتە کار، و لە بەرهەمەکانیدا روداوێک یان کارەساتێک پێشبینی دەکات کە رەنگە لە داهاتویێکی نزیک یا دیاریکراو لە کۆمەلگایەکی مرۆڤایەتیدا روبدات. ئەوەتا ( جۆرج ئۆرویل ) لە رۆمانی ( ١٩٨٤) دا پێشبینی دروست بونی کۆمەلگایەکی کردووە کە لەو سالەدا دێتە خولقاندن ، ئەندامانی یەک خێزان دەبنە سیخوڕ بەسەر یەکتریدا. هەلبەت ئەمە پاش ماوەیەک لەرۆژئاوادا لە واقعدا رویدا. لە کۆمەلگای کووردیشدا  نمونەی زیندومان هەیە کە تاکە کەس نەیدەوێرا لەناو خێزانی خۆی بە خراپە باسی رژێمی بەعس بکات . 
ناوەرۆکی رۆمانی ( مرۆڤی هەرزان ) یش خالی نیە لە پێشبینی بۆ رودانی کۆمەلێک روداوی زۆر مەزن لەم چەند سالەی داهاتودا. کە دورنیە هەندێک لەو پێشبینیانە ببنە راست. لەم رۆمانەدا سود لە هونەری سینەما وەرگیراوە، لە زۆر شوێنی ئەم رۆمانەدا خوێنەر هەست دەکات ئەگەر ئەم ڕۆمانە بە زمانی بیانی بلاو بکرێتەوە ئەوا لە داهاتویێکی نزیکدا دەکرێتە فیلمێکی سینەمایی هاوشێوەی ( ماترێکس ).

ـ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە رۆمانی ( مرۆڤی هەرزان ) دا : 

زۆر جار دەگوترێت یان گوێمان لێ دەبێت کە لەم سەردەمەدا  ( زانست گەیشتۆتە لوتکەی خۆی ، و هەرشتێک بگاتە لوتکە بەرەو خوار شۆڕ دەبێتەوە ) بەلام  خوێندنەوەی ئەم رۆمانە تەواو ئەم بۆ چونەت لا پێچەوانە دەکاتەوە.  رۆماننوس بە بەکارهێنانی کۆمەلێ زاراوەی زانستی وەکو ( ئارگ ، پوهمان ،ساتفۆن ، ئاپی ڤیو ، ماگنوسکین ، دیگ ... )  و دروستکردنی جیهانێکی زانستی خەیالی، زانیاری گرنگ دەداتە خوێنەر و فەرهەنگی زانستی خوێنەر دەولەمەند دەکات. خوێنەر هەست دەکات کە زانست زۆری ماوە بگاتە لوتکەی خۆی و لە داهاتودا چۆن زانست و تەکنەلۆژیا رۆلیان بەرچاو دەکەوێت.  

ـ دروستکردنی زمانێکی نوێ : 


یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە رۆمانی ( مرۆڤی هەرزان ) لە رۆمانەکانی تر جیا دەکاتەوە، دروستکردنی زمانێکی نوێیە لەلایەن رۆماننوس . لەم رۆمانەدا رۆماننوس لە دوو شوێن پێویستی بەوە هەبوە زمانێکی نوێ دروست بکات کە جیاواز بێت لە زمانەکانی سەر زەوی .
 یەکەم :  زمانی ( کانگۆیەکان ) بونەوەری سەر هەسارەی ( کانگۆلۆکا )ٚ ن . کە  رۆماننوس وا وێنەی دەکات ئەم هەسارەیە شەش هەزار سالی روناکی لە زەوی دوورە ، لە ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا مرۆڤ دەتوانێت پەیوندی بە ( کانگۆیەکان ) بکات . لەم رۆمانەدا (کانگۆیەکان ) زۆر پێشکەوتون و دەتوانن یارمەتی مرۆڤ بدەن بە تایبەت کاتێک لە تاقیگەی زەوی بلند، کاتێک ( شوشە ) کە کارەکتەری سەرەکی رۆمانەکەیە  بە هاوکاری تیمەکەی کە لە کۆمەلێک زانای بەناوبانگی جیهان پێک هاتوون. هەول دەدن چارەسەرێک بۆ خۆ کوشتنی خەلک بدۆزنەوە، پێویستیان بەوەیە روحی مرۆڤێک بنێرنە جیهانی مردوان و دواتر بیگەڕێننەوە، لەو پرۆسەیەدا ( کانگۆیەکان ) هاوکاری شوشە و تیمەکەی دەکەن . دوتریش بۆ یەکەم جار ( کانگۆیەکان ) سەردانی زەوی دەکەن و روو بەروو لەگەل مرۆڤ گفتوگۆ دەکەن . 
لێرەدا رۆماننوس زمانێکی نوێی بۆ ( کانگۆیەکان ) دروست کردووە. کە ئەمەیان رەگەزێکی گرنگی رۆمانی خەیالی زانستی یە. چونکە لۆژیکی نیە بونەوەری هەسارەیەکی تر بە زمانی مرۆڤەکانی سەر زەوی بدوێن . بۆیە رۆماننوس زمانێکی تایبەتی بە ( کانگۆیەکان ) دروست کردووە . بەلام لە رێگای ئامێری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو زمانەکە وەرگێڕانی بۆ دەکرێ. 

دووەم : کاتێک بونەوەری روح بەر لە جیهانی مردووەکان  روحی مردوی ژمارە ( ١ ، ۲ ، ۳ ، ٤ ) بەرز دەکەنەوە و پرسیاریان لێ دەکەن ، دیسان رۆماننوس زمانێکی نوێی بۆ ئەو بونوەرانە دروست کردووە . کە ئەمەش داهێنانێکە پێشتر لە رۆمانی کوردیدا  فەرامۆش کراو بوە و هیچ بایەخێکی پێ نەدراوە.

Suhaib sent Today at 9:50 PM
لە کۆتاییدا ئەم رۆمانە شایەنی خۆێندنەوەیە و کەلێنێکی گرنگی لە رۆمانی کوردیدا پرکردەوە. هیوادارم رۆماننوسانی کورد ئاگاداری ژانرە نوێیەکانی رۆمانی جیهانی بن و لە داهاتودا رۆمانی کوردی هاوشانی رۆمانی گەلانی جیهان پێشکەوتوو بێت .
 هیوادارم ئەمە کۆتا بەرهەمی ( گۆران سەباح ) نەبێت و لە داهاتوودا بەرهەمی جوانتر بخوێنینەوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©