كۆمپانیای بەناوبانگی ئێڵ جی بۆ بەرهەمە ئەلیكترۆنییەكان لە كۆرۆیای باشور، بڕیاردەدات بە وەستاندنی بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەكەكان و داخستنی ئەو بەشە، ئەوەش دوای سەرنەكەوتنی بەرهەمەكانیان و زیانیانێكی زۆر.

بڕیارەكەی ئێڵ جی لەكاتێكدایە، مانگی كانونی دووەمی رابردوو رایگەیاند، لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا بەشی مۆبایلەكانیان نزیكەی (4.5) ملیار دۆلار زیانی كردووە، بۆیە چەند بژاردەیەكیان لەبەردەستدایە بۆ داهاتووی ئەو بەشەو گفتوگۆی جدی لەبارەوە دەكەن.

یەكێك لەو بژاردانە فرۆشتنی بەشێكی ئێڵ جی بووە بە كۆمپانیایەكی ڤێتنامی، بەڵام لەسەر چەند مەرجێك رێكنەكەوتن و گرێبەست لەنێوانیاندا ئەنجام نەدراوە.

ئێڵ جی، ساڵی (2013) لەبەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەكدا گەیشتە لوتكە، لەسەر ئاستی جیهان پلەی سێهەمی پڕ فرۆشترین جۆرەكانی مۆبایلی بەدەستهێنا، ئەویش دوای كۆمپانیاكانی ئەپڵ و سامسۆنگ.

دوای ئەو بەروارە مۆبایلەكانی كۆمپانیاكە روبەڕوی گرفتێكی زۆر بۆوە، نوێكردنەوەی پرۆگرامەكانی زۆر خاوبۆوە، لەبازاڕكردنیشدا نەیتوانی كێبڕكێ لەگەڵ كۆمپانیا دیارەكانی گۆڕەپانەكەدا بكات، ئەوانەش وایكرد فرۆشی بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزێت و ساڵ لەدوای ساڵ زیانەكانیان زیاتربێت.

ئێڵ جی لەڕووی رێژەی بازاڕەوە لە ئەمریكای باشور لە پلەی سێهەمدایە و لە ئەمریكای لایتن لە پلەی پێنجەمدایە، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان تەنها (%2 )ى بازاڕی داگیركردووە.

بەپێی ئامارەكان ساڵی رابردوو كۆمپانیاكە (23) ملیۆن ئامێری مۆبایلی بۆ بازاڕەكان بەرهەمهێناوە، لەبەرامبەردا كۆمپانیای سامسۆن (256) ملیۆن مۆبایلی هەبووە، ئەوەش جیاوازی زۆری رێژەی داواكاری لەسەر بەرهەمی هەردوو كۆمپانیاكە دەخاتەڕوو.

بەشی مۆبایل لە كۆمپانیای ئێڵ جی بچوكترین بەشە لە پێنج بەشە سەرەكییەكەی كۆمپانیاكە و تەنها (7.4) داهاتی كۆمپانیاكەی بەدەستبووە.

لەئێستادا كۆمپانیاكە دەیەوێت تەكنەلۆژیای مۆبایلەكانی لەدروستكردنی ئامێرەكانی ناوماڵ و پێكهاتەی ئۆتۆمبیلی كارەبایدا بەكاربهێنێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©