هەندێک دۆزینەوە و رووداو مێژووی مرۆڤایەتیان بردە قۆناغێکی نوێوە، دۆزینەوەی نەوت یەکێک لەو رووداوە گرنگانەیە بە قوڵیی گۆڕانی بەسەر ئابووریی و سیاسەتی جیهانییدا هێنا. ئەوانەی دەستیان بەسەر نەوتدا گرت، تا ئاستێکی زۆر توانییان دەست بە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتیی و ئابوورییەکەشیدا بگرن. حەوت خوشکەکە دروستبوون و نەوتی جیهانیان هەڵڵوشی.
حەوت خوشکەکە
ناوی حەوت خوشکەکە لە (SevenSisters)ی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە. دانانی ئەم ناوە بۆ ئەم حەوت کۆمپانیا زەبەلاحە، بەهۆی کارکردنی پێکەوەیی و رێککەوتنەکانی نێوان، ئەگەر گونجاو و پڕ بە پێستی خۆیان بێت، بەڵام خوشکایەتییەکی پاک و بێکێشە نەبووە، ئەوەش بەهۆی ئەو ململانێ و پاشقولگرتنانەی نێوانیان، بەڵام هاوکارییەکانی نێوانیان و رێککەوتنیان لەسەر ئەوەی یەکگرتوو بن بەرامبەر نەیارە هاوبەشەکانیان، وای کردووە ئەم ناوە پڕ بە پێستی خۆیان بێت.
کۆمپانیاکان
؛
یەکەم؛Anglo-Iranian Oil Company(ئێستا بریتیش پترلیۆم–BP).
دووەم؛ Gulf Oil(دواتر بوو بە بەشێک لە شیڤرۆن)
سێیەم؛ Royal Dutch Shell
چوارەم؛ Standard Oil Company of California (شیڤرۆنی ئێستا).
پێنجەم؛ Standard Oil Company of New Jersey (Esso>Exxon > ExxonMobil)
شەشەم؛
Standard Oil Company of
New York Socony Mobil ئێستا بەشێکە لەExxonMobil
حەوتەم؛
Texaco (دواتر بوو بە بەشێک لە شیڤرۆن)
نەوتی کەرکوک؛ کلیلی مێژووی نوێی جیهان
جۆن داڤیسن رۆکفلەر ساڵی ١٨٣٩ لەدایکبووە و ساڵی ١٩٣٧ کۆچی دوایی کردووە. دە ساڵ پێش مردنی رۆکفلەر و لە ساڵی ١٩٢٧،عێراق یەکەم بیرە نەوتی لە شاری کەرکوک دۆزییەوە.
ساڵێک دوای دۆزینەوەی یەکەم بیرە نەوت لە عێراق و لە ساڵی ١٩٢٨، هەزاران کیلۆمەتر دوور لە بیرە نەوتەکەی کەرکوک، لە یەکێک لە قەڵاکانی سکۆتلەندا سێ بازرگان کۆدەبنەوە و سەرەتای مێژوویەکی نوێ دادەڕێژن.
ناپلیۆنی نەوت
بازرگانی یەکەم (هێنری دیتێردینگ)ی هۆڵەندی بوو، لە ساڵی 1866 لەدایکبووە و لە ساڵی 1939 کۆچی دوایی کردووە.
هنری بە ناپلیۆنی نەوت ناسراوە.ناپلیۆنی نەوت نوێنەری کۆمپانیای (Royal Dutch Shell) بووە.بۆ ماوەی 36 ساڵ بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای Royal Dutch Petroleum بووە.
دووەم بازرگان جۆن کدمانی بەریتانی بوو کە نوێنەری کۆمپانیای (ئەنگلۆ-ئێرانی) بوو کە ئێستا بە (بریتیش پترلیۆم) ناسراوە.
ئەوە بوو دواتر وینستۆن چەرچڵ بەشێک لە پشکەکانی کۆمپانیاکەی کڕی، بۆ ئەوەی کەشتییەکانی هێزی دەریای بەریتانیا لەبریخەڵوزی بەردین پشت بە نەوت ببەستن. ئەم نزیکایەتیی و هاوبەشییەی نێوان هێزی دەریایی بەریتانیی و کۆمپانیاکە وایکرد مانەوەی نەوت و بوونی لە دەستی کۆمپانیاکە،تەنها بابەت و وەبەرهێنانێکی تایبەت نەبێت و ببێت بە بابەتی ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا و ببێت بەو دەمارەی خوێنی پێدا بچێت بۆ هێزی دەریایی و سەربازیی بەریتانیا.
سێیەم کەسیش بازرگانی ئەمریکی (واڵتەر تیگ) بوو، واڵتەر نوێنەرایەتی کۆمپانیای (ستاندارد)ی دەکرد لە کۆبوونەوەکەدا.واتە ئەو کۆمپانیایەی رۆکفلەر دایمەزراند، کە خۆی تاکو سی ساڵ باسی لێوەنەکرد و ئەمڕۆ بە (ئیکسۆن) ناسراوە.
کوڕی باوکی خۆی
رۆکفلەر لە ساڵی 1870 کۆمپنایای (ستاندارد ئۆیڵ)ی دامەزراند. دوای تەنها 9 ساڵ، کۆمپانیاکە دەستی گرت بەسەر ٪90ی هەموو نەوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
رۆکفلەر هەموو جار دەیوت "من نهێنییەکانی سەرکەوتنم لە باوکمەوە فێربووم"، زۆرینەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باوکی رۆکفلەر لە بازرگانیدا پشتی بە فێڵ و خەڵەتاندن بەستووە، چەند منداڵێکی هەبووە و چەند جارێکیش خێزانی پێکەوە ناوە. رۆکفلەر پێنجەم برای ناو پێنج براکەی بووە.
رۆکفلەر هەرگیز لە کارکردن نەوەستا و هیچ سەرکەوتن و شکستێکیشنەیوەستاندووە، بەردەوام بووە لە کارکردن، تاکو رووداوێکوەستاندی، ئەویش وەستانی دڵی بوو لە ساڵی ١٩٣٧، کە کۆتایی بە ژیانی هێنا.
رۆکفلەر هەر لە سەرەتای ژیانییەوە کەسێک بووە پشتی بە فێڵکردن بەستووە و توانی بە فێڵێکیش لە خزمەتکردن بە سوپای وڵاتەکەی هەڵبێت.
سەرەتا کەسێکی دەوڵەمەند نەبووە و مانگانە بە 25 دۆلار کاری کردووە. سەردەمی جەنگ و سەرقاڵبوونی سوپای قۆستووەتەوە و بەشێک لە کەلوپەلە سەربازییەکانی بردووە و بە نرخی بەرز فرۆشتوونی، بەو جۆرەش ئەو پارەیەی دەستیکەوتووە (لەبری خزمەتکردن) داویەتی بە سوپا تاکو خزمەتی سەربازیی نەکات.
سەرەتای دەرهێنانی نەوت لە ئەمریکا رووبەڕووی چەند کێشە و گرفتیک بوویەوە، کە گرنگترینیان ئەوە بوو کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت خاوەن توانای دەرهێنانی نەوت نەبوون بە شێوەیەکی چالاک و ئاست بەرز. کۆمپانیاکانی نەوت ئەو بڕە نەوتەیان دەردەهێنا کە دەیانویست، بەڵام ئەوەی دەمایەوە دەچووە ناو ئاوەوە و بەفیڕۆ دەچوو. رۆکفلەر ئەو نەوتە بەفیڕۆدراوەی کۆدەکردەوە، لە رێگەی پاڵاوگەی زۆر سادە و سەرەتاییەوە دەیگۆڕین بۆ مۆمی پارافین و چەند بەرهەمێکی دیکە.
رۆکفلەر کە لەسەر نەوتی بەفیڕۆدراو کاری دەکرد، کەسێکی ئاسایی بوو، کەس نەیدەناسی، بەڵام بە بەردەوامبوون و نەوەستان، دواتر بوو بە خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەکانی جیهان.
لە ساڵی 1870 گرنگترین هەنگاوی خۆی نا، کۆتایی بە هاوبەشیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە هێنا و کۆمپانیای (ستاندارد ئۆیڵ)ی دامەزراند.
رۆکفلەر بوو بەو حوتەی بە دەریای نەوتدا دەگەڕا و هەرگیز تێر نەدەبوو. هەر ساڵێک و دەستی بەسەر بڕێکی زیاتر نەوتی وڵاتەکەیدا دەگرت. بە دوو باڵی بەهێز و دەروونێکی تێرنەبووەوە بەسەر خاکی وڵاتەکەیدا دەگەڕا، هەر پاڵاوگەیەکی دەبینی دەیکڕی، هەر رکابەرێکی هەست پێدەکرد، راوی دەکرد و بەکاری دەهێنا.
دوای ئەوەی بوو بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی زۆر بەرهەم، کۆمپانیاکانی گواستنەوە کێبڕکێیان دەکرد بۆ ئیشکردن لەگەڵیدا، بەم جۆرەش کرێی گواستنەوەی بەرهەمەکانی دابەزی، چونکە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی کاری لەگەڵدا بکەن پێشبڕکێی ئەوەیان بوو کەمترین پارەی گواستنەوەی لێوەربگرن، بەو هۆیەشەوە توانی نرخی بەرهەمەکانی کەم بکاتەوە و بەم جۆرەس دەست بە سەر بازاڕەکاندا بگرێت.
بۆ ماوەی 12 ساڵی تەواو رۆکفلەر دەستی گرتبوو بەسەر بازاڕی نەوت، بیرە نەوتەکان، پاڵاوگەکان و دابەسکردنی سوتەمەنیدا.
یاسا؛ گرێکەی رۆکفلەر
سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵ توانی دەست بەسەر بازاڕی نەوتدا بگرێت و زۆر گوێ بە یاسا بەرکارەکان نەدات، لە ساڵی 1911 دادگای ئەمریکا تەخت و تاراجی ئیمپراتۆریەتی (ستاندارد ئۆیڵ)ی هێنایە خوارەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو کارە نایاساییانەی ئەنجامی دابوون لە قۆرخکردنی بازاڕ.
کۆمپانیەکە ورد و خاش کرا و بۆ 34 کۆمپانیای جیاواز دابەشکرا.
دووان لەو 34 کۆمپانیایە (ئیکسۆن) و(مۆبیل) بوون. هەردوو کۆمپانیا توانییان یەکبگرنەوە و (ئیکسۆن مۆبیل) دروستبکەن و ببێت بە کۆمپانیا دیار و زەبەلاحەکەی ئەمریکا و جیهان.
رۆکفلەر تەنها ئامانجی ئەوە نەبوو دەست بەسەر بازاڕی نەوتی ئەمریکادا بگرێت، بەڵکو دەیویست دەست بەسەر نەوتی هەموو جیهاندا بگرێت، بۆیە بڕیارەکەی دادگا ئەم خەونە گەورەیەی رۆکفلەری لەگۆڕنا.
بڕیارەکەی دادگای ئەمریکا کە بووە هۆی لەدەستدانی خەونەکانی، رۆکفلەریان بەرەو دونیایەکی نوێ برد، دونیایەک کە تەواو پێچەوانەی دونیای سەرەتای ژیانی بوو.
ئەو دونیایەش دونیای هاوکاریکردنی هەژاران و کاری خێرخوازی بوو.تاکو کۆتا ساڵەکانی ژیانی بڕی ئەو پارەیەی لە کاری خێرخوازییدا بەخشیبووی 540 ملیۆن دۆلارە.
سکۆتلەندا؛ لەدایکبوونەوەی ئیمپراتۆر
ئەو کەسانەی بە دوای خەونە گەورەکانیان دەکەون و دەستبەرداری نابن، جارێکی دیکە خەونە لەبارچووەکانیان زیندوو دەکەنەوە و خۆیان بۆ دەورووبەر دەسەلمێننەوە.
رۆکفلەر تەنها لەسەر پەڕاوە یاساییەکان خەونەکەی کۆتایی پێهاتبوو، قەڵاکەی سکۆتلەندا بوو بە شوێنی لەدایبوونەوەی خەونە هەمیشەییەکەی.
سێ پیاوە ئەمریکی، بەریتانی و هۆڵەندییەکە لە کۆبوونەوەکەی ساڵی 1928ی نێوانیاندا لە سکۆتلەندا،گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە رکابەرییەکانی نێوانیان خزمەت بە خەڵک دەکات و زیان لە سەروەتو سامان و پارەکانی خۆیان دەدات،یاساش رێگا نادات تەنها یەک کۆمپانیا دەست بەسەر نەوتی جیهاندا بگرێت.
لێرەوە گەیشتنە ئەو بۆچوونەی هیچ رێگایەکی دیکە نییە رێککەوتن و پێکەوە کارکردنێکی گونجاو نەبێت.
سێ بازرگانە گەورەکە پێیان وابوو ئەم پێکەوە کارکردن و رێککەوتنە یارمەتیدەریان دەبێت تاکو دەستیان بە زۆرترین دەستکەوت بگات، بەبێ ئەوەی کەس لەم نهێنیی سەرکەوتنەیان تێبگات.
رۆکفلەر، هێنری و کیدمان بە رێککەوتنێکی نەنووسراوی نهێنیی گەیشتن کە هیچ کەس و دەوڵەتێک ئاگاداری نەبوون.
تەنانەت دەوڵەتەکانی خۆیان بە بەرهەمهێنەر و بەکاربەریشەوە ئاگاداری ئەم رێککەوتنە نەبوون.
رێککەتنەکەی نێوان سێ دەوڵەمەندەکە بە درێژایی 20 ساڵ بە نهێنی مایەوە. تا ئەو کاتەی نهێنیەکان ئاشکرابوون و بڵاوکرانەوە.
چوار خوشکی دیکە
ئاشکرابوونی نهێنییەکانی رێککەوتنەکەی سکۆتلەدا، رێککەوتنێکی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا. هەر چوار کۆمپانیای (مۆبیل)، تکساکۆ)، (گەڵف) و (شیڤرۆن) گەیشتنە رێککەوتن و دونیای نەوت چووە قۆناغێکی نوێوە.
کۆنترۆڵی حەوت حوتەکەی جیهان بەسەر نەوتی جیهاندا، لەسەر ئەوە بەند بوو، کە وڵاتانی نەوتی هەژاربوون و هەستیشیان بەو سەروەتە گرنگە نەوتییە نەدەکرد کە خاوەنی بوون و کۆمپانیاکان لێیان دەشاردنەوە. وڵاتانی نەوتی هەرگیز نەیاندەتوانی داواکاریی و خستنەڕووی کۆمپانیاکان رەتبکەنەوە یان لێی بکشێنەوە. وڵاتانی بەرهەمهێنەر و خاوەن نەوتیش ئەم راستییەیان سەلماند کە لەسەر رووباری نەوت بوون و توانای بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی نەوتەکەی خۆشیان نەبوو.
ئێران؛ مڵۆزمە هەمیشەییەکە
لەگەڵ ئەوەی جیهان لەبەردەم دەمی حەوت خوشکەکەدا ئامادە و بێدەنگ بووە، ئێران هەمیشە مڵۆزمێکی گەورە و دڕکێکی هەمیشەیی رێگاکەیان بووە.
ئێران یەکەم وڵات بووە لەژێر هەژموونی ئیمپراتۆری خوشکەکە دەرچووە.دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و واژۆکردنی رێککەوتننامەی (سایکس پیکۆ)، کێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسا دابەشکرا و ئەمریکا پارچە کێکی بەرنەکەوت. ئەمەش زیاد لە ئەمریکا بۆ کۆمپانیاکانی سەخت بوو، چونکە ئەوەندەی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا تووڕە بوون، ئەوەندە ئەمریکا تووڕە و نیگەران نەبوو، هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە ئەم کۆمپانیایانە نەیانتوانی هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا بسەپێنن و نەوتەکەی ببەن، بەتایبەت ئێران.
کێکێکی نوێ
دوای ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان خەریک بوو هەلی بەشدارییان لە کێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستبدەن، نێوەندگرێک هات، هێڵێکی بەسەر ناوچەیەکدا کێشا کە پێشبینی دەکرا لە داهاتوودا نەوتی لێدەربهینرێت. لەم هێڵەدا رێگە بە هیچ کۆمپانیایەک نەدەدرا بە تەنها کێکی هێڵەکە بخوات، بەڵکو دەبوایە دەرهێنانی نەوت بە هاریکاریی و رێککەوتن بێت. ئەو نێوەندگرەش ئەم کارەی لەپێناو خۆیدا کرد و بەرهەمی ئەم بیرکردنەوەشی ئەوە بوو کە 5٪ی هەر رێککەوتنێکی پێدەدرا کە لەنێوان لایەنەکان دەکرا لە ناوچەکانی ئەو هێڵەدا.
تۆتاڵ هات
تۆتاڵی فەڕەنسی ئەم هەلەی قۆستەوە و بوو بە یەکێک لە کۆمپانیا بە هەژموونەکان لە ناوچەکەدا.
بەپێی رێککەوتنی سەر هێڵەکە، کۆمپانیای (تۆتاڵ) هاتە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ سێ کۆمپانیای سەرەتای حەوت خوشکەکە، بەم جۆرەش هەموو کۆمپانیاکان پشکی یەکسانیان لە نەوتی ئێران و عێراق بەرکەوت.
سعودییە؛ ماسییە قەڵەوەکەی گەدەی حەوت خوشکەکە
سعودییە بوو بە وڵاتێکی دیکەی ناو گەدەی حەوت خوشکەکە و روویان تێکرد و نەوتەکەیان هەڵڵوشیی.
فرانکلین ڕۆزڤێڵت ساڵی 1945 سەردانی سعودییەی کرد و لەگەڵ (عەبدولعەزیز بن سعود) کۆبووەوە، ئامانجی سەردانەکەش بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 1936ی نێوانیان بوو، کە دەرگای سعودییەی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا کردەوە.
ئۆپیک و حەوت خوشکەکە
لە بەغدا و بۆ ماوەی چەند رۆژێک نوێنەرانی کوەیت، ئێران، عێراق، ڤەنزوێلا و سعودییە کۆبوونەوە و بڕیارێکی گرنگ و مێژوویان دا. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر رێکخراوێکی هاوبەش لەنێوانیاندا درا. ئامانجی رێکخراوەکە یەکخستنی نرخی نەوتی ئەو وڵاتانە بوو لە بازاڕەکاندا. بەم جۆرە و لە ساڵی 1960 رێکخراوی (ئۆپیک) لەدایکبوو.
حەوت خوشکەکە ئاهەنگیان بۆ لەدایکبوونی (ئۆپیک) نەگێڕا و نیگەرانیشیان دەرنەبڕی، بەڵکو بە تەواوی پشگوێیان خست.متمانەی حەوت خوشکەکە بە هەژموون و تاوانای خۆیان کوێری کردن لە ئاستی ئەوەی کە (ئۆپیک) دەبێت بە بڵێسەی شۆڕشێکی حکومەتەکانی ناوچەکە بەسەر چڵێسییەکانیاندا و پاروویەکی چەور نابێت بۆیان.
تەنانەت کاتێک لە جەنگی کانونی یەکەمی 1973ی (عەرەب – ئیسرائیل) ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیلی کرد، (ئۆپیک) سزای ئەمریکای دا و بڕیاری بەرزرکردنەوەی نرخی نەوتی دەرکرد، بەم جۆرەش (ئۆپیک) دەسەڵات و توانای خۆی سەلماند و بۆچوونی خۆی بۆ هەموو جیهان ئاشکرا کرد کە دەتوانێت بڕیاری گرنگ و یەکلاکەرەوە بدات. لە کاتێکدا لە سەرەتای شەڕەکەدا بەهۆی کەمیی نەوتەوە حەوت خوشکەکە تاکلایەنە نرخی نەوتیان بەرزکردبووەوە.
حەوت خوشکەکە (ئۆپیک)یان نەکرد بە بابەتی گرنگیپێدان یان دژایەتییکردن، بەڵکو بەردەوام بوون لە دەستگرتن بەسەر بازاڕی نەوتدا و زاڵبوون بەسەر هەر رکابەرێکی نوێدا.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©