بەشێک لە وڵاتانی جیهان سفری سەر دراوەکانیان لادەبەن، ئەم رێگایەش وەک یەکێک لە چارەسەرە گرنگەکانی رزگاربوون لە دابەزینی بەهای ئەو دراوە بەکاردەهێنرێت. چەندین وڵات لە جیهاندا پەیڕەوی ئەم رێگایەیان کردووە و یەکێک لەو وڵاتانەش کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

رزگاربوون لە سفر
کاتێک قەیرانی دارایی روو لە وڵاتێک دەکات و بەهای دراوەکەی دێتە خوارەوە، چەند رێگایەک دەگرێتەبەر بۆ رزگارکردنی دۆخی دارایی و ئابووری و بەهای دراوەکەی، یەکێک لە رێگا تاقیکراوەکانیش، لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکەیەتی.

لەم رێگایەدا هەوڵ دەدرێت پڕۆسەکە بەجۆرێک ئەنجامبدرێت کە دوای لابردنی سفرەکان، نرخی دراوەکە بەهاکەی بەرزببێتەوە یان دابەزینی بەهاکەی رابگرێت و بیپارێزێت لە دابەزینی زیاتر. بۆ نموونە کاتێک شەش سفر لە دراوێک دەکرێتەوە (دراوی یەک ملیۆنی)، دەبێت دراوی نوێ کە دەبێتە (یەکی) و هیچ سفرێکی نامێنێتەوە، لانی کەم هەمان نرخی پێشووی هەبێت.

هۆکارەکانی لابردنی سفرەکان
لابردنی سفرەکانی سەر دراو، هەنگاوێکی قورسە و تەنها کاتێک پەنای بۆ دەبرێت کە مەترسی گەورە لەسەر بەهای دراوەکە هەبێت. واتە پڕۆسەیەکی درێژ و بیرلێکراوەیە و بە وریاییەکی زۆرەوە جێبەجێدەکرێت، چونکە ئەگەر هەیە بەهای دراوکە بە تەواوی بهێنێتەخوارەوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لابردنی سفری سەر دراو، بەدەستهێنانی دڵنیایی نێودەوڵەتییە بۆ ئەو وڵاتە و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵکەکەی خۆیەتی بە دراوەکە.

کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراوی وڵات، رێگریکردن لە زیادبوونی بەردەوامی فشاری هەڵاوسان و گۆڕینەی دراوی ناوخۆ بە دراوە بیانییەکان، چەند هۆکارێکی دیکەن، کە وڵاتێک ناچاردەکەن  پەنا بباتە بەر لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکەی.

بوونی سفری زۆر لەسەر دراوێک، مامەڵەپێوەکردنی لە بازاڕ و بانکەکاندا قورستر دەکات و گواستنەوەشی گرانتر دەبێت، ئەمانەش ئەو هۆکارە لاوەکیی بەڵام گرنگانەن کە لابردنی سفرەکانی سەر دراوێک پێویستر دەکەن.

ترس لە دۆڕانی متمانە
لەگەڵ ئەوەی هەڵاوسان، دابەزینی بەهای دراو و ناسەقامگیرییەکەی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، لە هۆکارە سەرەکیی و بەرچاوەکانی لابردنی سفرەکانی سەر دراوێکن، بەڵام چەند هۆکارێکی دیکە هەن کە نادیار و ئاماژەپێنەدراون، لە کاتێکدا ئەم هۆکارانە نەک هەر سەرەکین بەڵکو ترسی هەرە گەورەن بۆ ئەوەی وا لە وڵاتێک بکەن بۆ رزگاربوون پەنا بۆ لابردنی ئەو سفرانە ببات.

ترسی لەدەستدانی متمانەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەو ترسە گەورە و شاراوەیە کە دەوڵەتان ناچار دەکات خۆیان لە سفرەکانی سەر دراوەکانیان رزگار بکەن.

لەدەستدانی متمانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتیانی وڵات، دەوڵەتێک ناچار دەکەن چەند رێوشوێنێکی پێویست بۆ رێگرتن لە دابەزینی بەهای دراوەکەی بگرێتەبەر، چونکە تاکو بەهای دراوی وڵات زیاتر دابەزێت، متمانەی هاوڵاتیان بە هێز و تواناکانی دام و دەزگا ئابورییەکانی وڵاتیش دێتەخوارەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا متمانەی زیاتر لەدەستدەدات. ئەوە جگە لەوەی دابەزینی بەهای دراو کاریگەری دەبێت لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی وڵاتێک و دەوڵەت ناچارە بە زووترین کات ئەم مەترسییە نەهێڵێت.

کۆمەڵەی ئەمریکیی بۆ زانستە سیاسییەکان (APSA) لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا لە 2005، باس لە چەند هۆکارێکی دیکەی پەنابردنی دەوڵەتانی جیهان بۆ لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکەی دەکات.

کۆمەڵەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو وڵاتانەی کە پێکەوەهەڵکردنی ئیتنیکییان بەرزە، کەمتر دەکەونە بەردەم مەترسی لەدەستدانی بەهای دراوەکەیان و گۆڕینیان و  رووبەڕووی ئەم مەترسییە دەبنەوە، بەڵام ئەو وڵاتانەی فرە ئیتنیکن و تووشی هەڵاوسانی ئابورییش دەبنەوە، ئەگەر زیاتر بکەونە بەردەم ئەم پڕۆسەیە.

ململانێ ناوخۆییەکانی ناو وڵاتێک راستەوخۆ کاریگەرییان دەبێت لەسەر بەهای دراوی وڵات و پەنابردنەبەر دەستکاریکردنی.

سودەکانی لابردنی سفرەکانی سەر دراو
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی وڵاتێک لە کاتی لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکەی، هەڵبژاردنی کاتی ئەم پڕۆسەیە. بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە کاتێک تورکیا پەنای بۆ لابردنی سفرەکانی سەر لیرە برد لە سەرەتای هەزارەی نوێدا، کاتەکەی گونجاو بوو لەگەڵ ئەو سەقامگیرییە ئابوورییە گشتییەی بەدەستیهێنابوو، سەرەڕای ئەوەی کە بەم کارە خەڵکی وڵاتەکەی لە هەستێکی سەخت رزگار کرد بەوەی کە بەهای دراوەکەیان بەرامبەر دراوە بیانییەکان  بە تەواوی دابەزیبوو.

یەکێک لە سودەکانی لابردنی سفرەکانی سەر دراوێک بەدەستهێنانی هێزی یاساییە بۆ دراوەکە، جگە لەوەی کە سودی دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی توانای دراوەکە لە ماماڵەی راکێشانیدا لە بانکەکان و ئامێرەکانی مامەڵەی دراو (ATM).
گۆڕینی دراو و لێکردنەوی سفرەکان، لەکاتی پڕۆسەی چاکسازییشدا دەتوانێت هاوکارێکی گرنگ بێت، وەک ئەوەی لە ساڵی 2002 لە ئەفغانستان روویدا، ئەوەش کاتێک دراوکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەهاکەی لەدەستدا.

ئەو وڵاتانەی لە سفرەکانی دراوەکەیان هەڵهاتن
لە ئاستی جیهاندا چەند وڵاتێک پەنایان بۆ لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکەیان برد، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی لەسەرەتای گەشەکردن و هەستانەوەی دوای قەیرانەکانیان بوون.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی، ئەڵمانیا یەکەم وڵات بوو سفرەکانی سەر دراوەکەی لابرد (مارک)، ئەوەش بەهۆی ئەو گوشارە ئابوورییە زۆرەوە کە بەهۆی هەڵاوسانەوە سەریهەڵدابوو.

بەشێک لە وڵاتان دوای لابردنی سفرەکان و گۆڕینی دراوەکانیان، هێشتا سەرکەوتوو نەبوون لە سەقامگیرکردنی بەهاکەی، بۆیە چەند بارەیان کردەوە.

بۆلیڤیا دوو جار، رووسیا، پۆڵەندا و بەلجیکا سێ جار، ئۆکرانیا چوار جار، یوگسلاڤیای پێشوو پێنج جار، ئەرجەنتین شەش جار و بەڕازیلیش حەوت جار ئەم پڕۆسەیان لەسەریەک دووبارە کردووەتەوە.

سودان لە 2007، جەزائیر لە 2016 و تورکیاش لە سەرەتای 2005 سفری سەر دراوەکانیان لابرد و گۆڕییان.

ئێرانیش بۆ رزگاربوون لەو قیرانە داراییە سەختەی تێیکەوتبوو بەهۆی فشار و سزا ئابورییەکانەوە، بەهای دراوەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بەتایبەت لە بەهاری ساڵی 2018ەوە، ئەوەش کاتێک ئیدارەی ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، بۆیە ئێران بریاریدا بە لابردنی سفرەکانی سەر ریاڵ.

پەرلەمانی ئێران لەسەر پێسنیاری بانکی ناوەندی ئیران بریاری لابردنی سفرەکانی سەر ریاڵی پەسەندکرد و لە ئێستادا چاوەڕوانی پەسەندکردنی بریارەکەن لەلایەن ئەنجومەنی پاسەوانی دەستور تاکو ببێت بە یاسا.

گۆڕینی ناوی دراو
بەشێک لە وڵاتان جگە لە لابردنی سفری سەر دراوەکانیان، لەگەڵیشیدا ناوی دراوەکانیان گۆڕی.

بەڕازیل لە ساڵی 1994 سفری سەر دراوەکەی لابرد و ناوەکەی لە رۆبڵەوە بۆ ىڕازیلیا گۆڕی. رووسیا لە ساڵی 1198 لە رۆبڵی رووسییەوە کردی بە رۆبڵ، ئەڵمانیا لە ساڵی 2002 لە مارکەوە کردی بە یۆرۆ.

بڕیار وایە دوای پەسەندکردنی بڕیاری لابردنی سفرەکانی سەر ریاڵ لەلایەن ئەنجومەنی پاسەوانی دەستور، ناوی ریاڵ بۆ تمەن بگۆڕدرێت.

لابردنی سفری سەر دراو بڕیارێکی خێرا و بیرلێنەکراوە نییە، ئەگەر بە باشی بیری لێنکرابێتەوە، بە پڕۆسەیەکی ورد و گەورەدا تێپەڕنەبووبێت و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیش کە چارەسەرکردنی هەڵاوسانە بەدینەهێنێت، لەبری سود وڵات دەخاتە ناو قەیرانێکی قوڵترەوە و سفرەکان بە زیانێکی زۆرترەوە دەگەڕێنەوە.

گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکانی سەر دراو لە کاتی بوونی گەندەڵی ئیداریی و داراییدا، لەبری سود بەهای دراوەکە زیاتر تووشی مەترسی لەدەستدان دەکاتەوە.

لابردنی سفری سەر دراو ئەگەر بە شێوەیەکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبێت، رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتیی هەستێکی باش لەناو خەڵکدا دروست بکات بەوەی دراوەکەیان بەهێز بووە، بەڵام لە دوور مەودادا زیانەکان دەردەکەون و بەهای دراوەکە تووشی مەترسی زیاتر دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©