لێك هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت و سۆشیاڵ میدیا و ماددە هۆشبەرەكان بەهۆكاردەزانرێن، پسپۆڕێكی پەروەردەش دەڵێت، سیستمی پەروەردەی لە هەرێمی كوردستان كامڵ نیە و پێویستە لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە حكومەت بەرنامەی خۆی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش بەپێویستی دەزانێت یاسای باری كەسیەتی تایبەت بەخێزان هەموار بكرێتەوە.


سیستمی پەروەردە كاریگەری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزان هەیە
د. ڕەهێڵ تەلعەت، پسپۆڕی پەروەردە  ڕایگەیاند، ئەوەی كاریگەری لەسەر زۆربونی ئامارەكانی توندوتیژی هەیە سیستمی پەروەردەیە، ناتوانم بڵێم كە سیستمێكی كامڵە، بەڵكو كەموكورتی زۆری تێدایە، بۆیە دەبێت لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە حكومەت بەرنامەی خۆی هەبێت و بزانێت چ جۆرە شێوازێكی پەروەردە گونجاوە بۆ كۆمەڵگای كوردی، نەك هەر خێزانێك بە شێوازی خۆی و ئاستی ڕۆشنبیری خۆی منداڵەكانی پەروەردەبكات، وڵاتانی پێشكەوتو سیستمێكی پەروەردەی یەكگرتووویان هەیە كە لە ڕێگەی سیستمەكانی كارگێڕییەوە شۆڕی دەكەنەوە بۆ ناو خێزان، سیستمی پەروەردە یەكێكە لەو سیستمانەی كە زۆر گرنگە، سەرجەم وڵاتان لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە شێوازێك لە پەروەردە كە بگونجێت لەگەڵ داب و نەریتی ئەو كۆمەڵگایەیی خۆیان شۆڕی دەكەنەوە بۆ ناو خێزانەكان.

لە بارەی ماددە هۆشبەرەكان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا ئەو پسپۆڕەی پەروەردە وتی، بێگومن ئەوانەش كاریگەرییان هەیە بەڵام ئەوە فیعلەكە نیە و ڕەتفیعلە بۆیە ئەگەر پەروەردەیەكی باشت هەبوو ئەوا منداڵەكان دوور دەكەونەوە لەو شتانەی كە كاریگەری خراپی هەیە، ئەگەر كوڕو كچ لە خێزانێكدا بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەر پەروەردەكران و یەكترییان قبوڵكرد، هەردووكیان مافیان هەیە و ڕێزیان لە یەكتر گرت ئەو كاتە توندوتیژیەكان كەمتر دەبنەوە.

پەرلەمانی كوردستان و هەمواركردنەوەی یاسای خێزان
لای خۆیەوە گوڵستان سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان تایبەت وتى، مەترسی هەڵوەشاندنەوەی خێزان مەترسیەكی جیدیە و هەڕەشەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانی كوردی و دەرئەنجامی ئەو ڕەوشە خراپە و پەروەردە ناتەندروستەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و حكومەت بەشێوەیەكی خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەكات و بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریەی كە هەیە كاریگەری خراپی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزان هەبووە، ئەو یاسایەیی كە هەیە لە پەرلەمان دەبێت هەموار بكرێتەوە و بە ئاڕاستەیەكدا ببرێت كە ئاڕاستەیەكی گشتی هەبێت لە نێوان سیستمی پەروەردە و خێزانەكاندا بۆ ئەوەی خێزان هەڵنەوەشێتەوە كۆمەڵگا بەرەو هەڵوەشانەوە نەچێت.

وتیشی، سۆشیاڵ میدیا و زۆربونی ماددە هۆشبەرەكان ئاماری هەڵوەشادنەی خێزانیان زیاد كردووە و ڕۆژانەش لە زیاد بوندایە، ئامێرەكانی پەیوەندی كردن بەشێوەیەكی ڕەها لەبەردەم هەموو كەسێكدایە بەبێ ئەوەی ئاستی هۆشیاری كەسەكان لە بەكار هێنانیان بەرزبكرێتەوە لە چۆنیەتی بەكار هێنانیان، هاوكات نەبونی سنورێك بۆ هێنانی مادە هۆشبەرەكان دەرئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان.

ئامارەكانی توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان
بەپیی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە ساڵی 2020ەدا، 25 حاڵەتی كوشتن لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە بەجۆرێك كە 15 یان لە هەولێر و 4 یان لە دهۆك و 5 یان لە سلێمانی و یەك حاڵەتیش لە ئیدارەی گەرمیان تۆماركراوە.
بەپیی ئامارەكە، 38 حاڵەتی خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە بەجۆرێك كە 16 یان لە هەولێر و 14 حاڵەتی خۆكوشتن لە دهۆك و دوو حاڵەت لە سلێمانی و سێ حاڵەت لە ئیدارەی ڕاپەڕین و سێ حاڵەتیش لە سۆران تۆماركراون.

بەپیی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، حاڵەتەكانی خۆسوتاندن لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە هەڵكشانە بەجۆرێك لە ماوەی ساڵی 2020دا، 67 حاڵەتی خۆسوتاندن تۆماركراوە، بەجۆرێك 24 حاڵەتی خۆسوتاندن لە هەولێرتۆماركراوە و 21 حاڵەت لە دهۆك و 8 حاڵەت لە سلێمانی و دوو حاڵەتی خۆسوتاندن لە ئیدارەی گەرمیان و 4 حاڵەتیش لە ئیدارەی ڕاپەڕین و 8 حاڵەتیش لە قەزای سۆران تۆماركراون.

لە ساڵی 2020ەدا، 10 هەزار و 370 سكاڵا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، بەجۆرێك كە 4 هەزار و 392 سكاڵایان لە هەولێر بوە و 2 هەزار و 217یان لە دهۆك و 2 هەزار 290 سكاڵا لە سلێمانی و 898 لە گەرمیان و 342 لە ڕاپەڕین و 231 سكاڵاش لە سۆران تۆماركراون.

هەربەپیێ ئامارەكە 125 توندوتیژی سێكسی، لە شارەجیاوازەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە بەمشێوەیە، 52 حاڵەت لە هەولێر 26 لە دهۆك و 7 حاڵەت لە سلێمانی و 12 لە گەرمیان و 20 لە ڕاپەڕین 8 حاڵەتیش لە سۆران تۆمار كراون.

لە چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵیشدا لە هەرێمی كوردستان، یەك حاڵەتی كوشتن و 7 حاڵەتی خۆكوشتن 4 حاڵەتی خۆسوتاندن و 8 حاڵەتی سوتاندن تۆماركراون، هاوكات 966 سكاڵاش تۆماركران و پێنج حاڵەتی دەستدرێژی سێكسیش تۆماركراون.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©