دوای چەند مانگێک ناکۆکی و کێشە و دەیان گفتوگۆی نێوان شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە لایەک و نوێنەرانی کورد و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە ناکوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق، دواجار و لە ٣١ی ئازار بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا. شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەندکردن و ڕێککەوتن لەسەر بودجەی بە سەرکەوتن و ھەنگاوێکی گرنگ ناو برد، ھەولێریش وەک ئەوەی ھێشتا متمانەی بە بەغدا نەبێت، ھەر لەدوای پەسەندکردنی یاساکەوە داوای لە بەغدا کرد پابەندی ڕێککەوتنی نێوانیان ببێت، تەواوی یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات و بەشەبودجەی ھەرێم بنێرێت.
 
پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق


ناوەرۆکی مادەی ١١ کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان، بەم جۆرەیە:
یەكەم: شایستەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤ تاوەكوو ٢٠٢٠ یەكلا دەكرێنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم وردبینیی تێدا دەكات بۆ دەرخستنی هەژمارەكانی كۆتایی داهاتە داراییە بەدەستهاتووەكان و خەرجییەكانی هەرێم كە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پەسند دەكرێت، دوای جیاكردنەوەی خەرجییە سیادییەكان، ئەوەی لە چوارچێوەی خەرجییەكانی حاكیمە بۆ هەرێم خەرج كراوە.
دووەم:
ا. حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكان بە بڕی ٤٦٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە، لەو بڕەش بڕی پێویست بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بڕی بەكاربردنی ناوخۆ لە هەرێم و پترۆدۆلار جیا دەكرێنەوە، بە جۆرێك كە داهاتی ئەو بڕەی ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكات؛ لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت كەمتر نەبێت بە نرخی سۆمۆ.
ب. بڕگەی ئەلف بەهاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ج. حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بە گەنجینەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی كە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم وردبینی لە داتاكانی ئەو داهاتانە دەكرێت.
د. حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراق كە لەلای بانكە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمە، وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو مانگانە بڕێك لە پشكی هەرێم دەبڕێت، ئەوەش لە ساڵی (٢٠٢١)ەوە بۆ ماوەی (٧) ساڵ بەردەوام دەبێت.
ھ. حكومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە دانەوەی شایستەكانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (أ، ب، ج، د) لە مادەی (١١) جێبەجێ دەكات.
سێیەم: دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكرێت بە پێدانی ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی تاوەكوو ٣٠/٦/٢٠٢١.
چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەیان لەو پشكەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی بۆی دیاری كراوە، پێش خەرجكردنی هەر خەرجییەكی دیكە.


بودجەی عێراق لە بەرژەوەندیی ھەرێمدایە یان عێراق؟


سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ھەرێم پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بە دەستکەوت ناو دەبات، بەڵام بەشێک لە شیکەرەوە و پسپۆڕانی داراییش پێیان وایە بودجەکە کەلێنی زۆری تیایە و ھەرێمیش ھێندەی کاری بۆ ھێشتنەوەی دۆسیەی نەوت لە دەستی خۆیدا کردووە، ھێندە ھەوڵی نەداوە بودجەکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دابڕێژێت.


د. فەرھاد قادر؛ پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، لە بارەی ئەوەی تاکوو چەند ئەم یاسایە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە، دەڵێت: بۆ دەرخستنی ئەوەی كە یاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمدایە یان نا، پێویستە ئەوە بزانین پڕۆسەكە هاوكات بوو لەگەڵ خراپیی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بەگشتی و دۆخی مووچەخۆران بەتایبەتی، ئەمە لەپاڵ پەرۆشیی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێككەوتن و درێژەكێشانی ماوەی گفتوگۆكان و جۆر و چەندێتیی كۆبوونەوەكان كە بە سەرۆكایەتیی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق ئەنجام دەدرا، بەڵگەن كە هەرێمی كوردستان بە پێویستی دەزانی لەگەڵ عێراقدا ڕێك بكەوێت و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانی دەزانێت.
نەبەرد کەریم؛ پسپۆڕی دارایی و خوێندکاری دکتۆرا لە بواری ژمێریاری و داراییدا، ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرێت، بەگشتی لە بەرژەوەندیی ھەرێم دەبێت و دەڵێت بەپێی دەرئەنجامی ھەوڵی شاندەکانی ھەرێم کە سەردانی ناوەندیان کردووە و گەیشتوون بە ئەم ناوەرۆکەی بودجە کە ئێستا بووە بە یاسای بودجەی ٢٠٢١، بەگشتی یاساکە بۆ حکومەتی عێراقی زۆر زۆر باشە، چونکە کورتھێنانی بودجەی بۆ ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، چونکە پێشتر پێشبینییەکان ئەوە بوون کە کورتھێنانی بودجە لەنێوان ٥٠ بۆ ٦٠ ترلیۆن دینار بێت، بەڵام ئێستا ئەم کورتھێنانە بۆ ٢٥ تاکوو ٣٠ ترلیۆن کەم بووەتەوە. لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەکەدا بە ٤٥ دۆلار دیاری کراوە، ئێستا نرخی نەوت بەرز بووەتەوە (سەرووی ٦٠ دۆلار) و پێشبینییش دەکرێت تاکوو کۆتایی ساڵ بگات بە ٨٠ دۆلار. جێگیرکردنی ١٠٠ دۆلاریش بە ١٤٥ ھەزار، یەکێکی دیکە لەو ھەنگاوانەیە کە سوودیان بە بودجەی عێراق گەیاندووە، واتە کورتھێنان کەم کراوەتەوە و داھاتیش زیاد کراوە.
لە بارەی ئەوەی ئایا لە بەرژەوەندیی ھەرێمدایە، بێگومان وەک ساڵانی پێشوو نابێت، پێشتر ١٧٪‏ و دواتر ١٤٪‏ و ئێستاش کەمتر بووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر جێبەجێ بکرێت، لە قازانجی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندایە.


یاسای بودجە و ئایندەی ھەرێم


سەرەڕای ھەموو ڕەخنەکان، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە یاسای بودجەی عێراق بۆ ئایندەی ھەرێم گرنگ و بەبایەخە و ڕەنگە دەروازەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنی زۆر کێشەی دیکەی نێوان ھەولێر و بەغدا.


لە وەڵامی ئەوەی یاساکە چ ڕەھەند و گرنگییەکی ستراتیژی و ئایندەیی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە؟ نەبەرد کەریم دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٠٥ تاکوو ساڵی ٢٠١٤، ھەموو ساڵێك كە پڕۆژەیاسای بودجە ھەبووە و پشکی ھەرێم نێردراوە، کۆمەڵێک ڕەھەندی ستراتیژیی گرنگی ھەبووە، وەک: بونیادنانی ھەرێمی کوردستان، زیادکردنی سەرچاوەی دیکەی داھات و ھەلی کار، وەک کەرتی پیشەسازی، گەشتیاری و بازرگانی، ئەم دۆخە بۆ ھەرێم باشتر بووە. واتە تاکوو بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە ھاتبێت، حکومەتی ھەرێم لە ئاستێکی دارایی زۆر باشدا بووە، بەڵام ئەو ساڵانەی کە حکومەتی ھەرێم خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت و دارایی خۆی کردووە؛ کەوتووەتە قەیرانەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان خاڵێکی زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە، بێگومان بە کۆمەڵێک دەستکاری و میکانیزمی دیکەوە.


د. فەرھاد قادر بە تیشک خستنە سەر بەیاساییکردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێم، بەم جۆرە باس لە گرنگیی ڕێککەوتنەکە بۆ ھەرێم دەکات و دەڵێت: پێش ڕێکكەوتن لەسەر ئەم یاسایە، هەست بە دابڕانێكی زۆر لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا دەکرا، ئەم دۆخە سەرەتاكەی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە سەرچاوەی گرتبوو. بۆیە هەر گفتوگۆ و لێكنزیكبوونەوەیەك لەنێوان هەرێم و عێراق، خۆی لە خۆیدا كارێكی باش و سەرەتای داڕشتنی ڕەهەندی ستراتیژیی گەورەترە، ئەمە جگە لەوەی بۆ یەكەم جار لە یاسای عێراقدا ماف دەدرێتە هەرێمی كوردستان كە نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكات، بەوەش دەبێتە بەڵگەیەك بەدەست هەرێمەوە كە داكۆكی لە پرسی یاساییبوونی هەناردەكردنی نەوتی خۆی بكات و هێزی ئەو سكاڵایانەی پێشتر دژی كراون؛ لاواز بكات.


سوود و زیانەکانی یاسای بودجە بۆ ھەرێم


لەدوای دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و پەسەندکردنی، دوو بۆچوونی جیاواز لە بارەی یاساکەوە دروست بوون؛ بۆچوونێک یاساکە بە زیان و بەشێکی دیکەش بە سوودبەخش ناوی دەبەن.
د. فەرھاد قادر لەسەر سوود و زیانەکان دەڵێت: گرنگیی یاسا لە جێبەجێكردندایە، پاشان ئەم یاسایە بۆ یەك ساڵە، بۆیە زیاتر سوودی بۆ ئەو بڕگە و مادانە هەیە كە لە ناوەرۆكەكەیدا هەیە.
هەر چی پرسی خاك و ناوچە دابڕێنراوەكانە، ئەوا پرسێكی دیكەیە و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەری بۆ دیاری كراوە و هێزی یاسایی دەستوور لە یاسای بودجە باڵاترە، ئەوەندە هەیە كە دەكرێت هەرێمی كوردستان درێژە بە گفتوگۆ و پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا بدات و تەنها ئەوە نەبێت كە ساڵانە لە كاتی یاسای بودجەدا گفتوگۆ بكرێت. هەروەك باس كرا، گرنگیی یاسا لە جێبەجێكردندایە. ئەم یاسایەش گەر وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەم سوودانەی هەیە:
1. دۆخی دارایی هەرێم باشتر دەبێت.
2. سەرەتایەكە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هەرێم بۆ عێراق و بەپێچەوانەشەوە.
3. مووچەی فەرمانگە فیدراڵییەكان دەكەوێتە سەر حكومەتی فیدراڵی و ئەركیان بەسەر هەرێمەوە نامێنێت.
ئەگەر یاساکە جێبەجێ نەكرێت، هەرێمی كوردستان لە دۆخی چەقبەستووی خۆیدا دەمێنێتەوە و بەوەش زیانی پێ دەگات.
نەبەرد کەریم لە بارەی سوود و زیانەکانی یاساکەوە، جەخت لە بابەتی شەفافی دەکاتەوە و دەڵێت: یەکێک لە سوودەکانی یاسای بودجەی عێراق ئەوەیە کە تا ئاستێک داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوون دەبێت، ئەوەی باس دەکرێت کە پێدانی داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و ٥٠٪‏ی داھاتی ناوخۆیە، وەھا دەکات ئەم ژمارانە ئاشکرا ببن و داھات بۆ پەرلەمان و ھەموو لایەک ڕوون ببێتەوە، ئەوەشی وەک تەکمیلی و بەشەبودجە دێت، دەکرێت وەک قازانج سەیر بکرێت. لە یاسای دارایی و ژمێریاریدا جێبەجێکردنی بودجە زیانی نییە، چونکە جێبەجێکردنی یاسای بودجە ڕێگری دەکات لە کۆمەڵێک گەندەڵیی دارایی، بۆیە ھەمیشە یاسای بودجە سوکانی لە زیانەکانی زیاترە، بەڵام بێگومان دەکرا بە شێوازێکی دیکەش دابڕێژرایە و سوودی زیاتر بووایە و پشکی ھەرێمیش زیاتر بکرایە.
ھەرێم دەبوو چی بکات؟
سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی پێشوازی لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە کرا و بە ھەنگاوێکی ئەرێنی تەماشا کرا، بەڵام ڕەخنە ئاڕاستەی شاندی ھەرێمیش دەکرێت بەوەی دەبوو جددیتر کاریان کردبا و یاساکە باشتر لە ئێستا لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان بووایە.
نەبەرد کەریم پێی وایە ھەمیشە باس لەوە دەکرێت کە پشکی ھەرێم کەم بووەتەوە، بۆیە دەبووایە لەسەر زیادکردنی پشکی ھەرێم کاری باشتر بکرایە، چونکە لە یاسای بودجەدا لایەنی براوە ئەوەیە کە بتوانێت زۆرترین داھات بۆ ناوچە و وەزارەتەکەی خۆی بەدەست بھێنێت. دەکرێت بە ھەمان شێوە سەیری دۆخی دارایی ھەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراقیش بکرێت، چونکە ھەردوو حکومەتەکە و بەتایبەت بەغدا، ٩٥٪‏ی داھاتەکەی پشتی بە کەرتی نەوت بەستووە، بەڵام حکومەتی ھەرێم کەمتر لە ٧٠٪‏ی پشتی بە نەوت بەستووە، بە شێوەیەکی گشتی ھەردوو حکومەتەکە پشتیان بە داھاتی نەوت بەستووە، بۆیە گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوتدا کاریگەریی لەسەر ھەردوو لا دەێت. دەشکرێت بڵێین جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە و پابەندنەبوون، لە زیانی حکومەتی ھەرێمدایە.
د. فەرھاد قادر بۆچوونی وایە بە ھۆی دۆخە سیاسییە گشتییەكە و كەڵەكەبوونی گرفتەكان، نەدەکرا لەمە زیاتر لە یاساکەدا جێگای بکرێتەوە بۆ ھەرێم و دەڵێت: ئەوەندەی من ئاگادار بم، شاندی هەرێم و نوێنەرانی كورد جەختیان لەسەر زۆر خاڵ كردووەتەوە، بەڵام دۆخە سیاسییە گشتییەكە و كەڵەكەبوونی گرفتەكانی چەند ساڵە، وایان كردووە لەمە زیاتر نەتوانرێت لە یاساكەدا جێ بكرێتەوە و ئەولەویەت درا بە پرسی مووچەی فەرمانبەران.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی شاندی هەرێم و سەرۆكەكەی بدەین كە پشوودرێژانە لەگەڵ سەرجەم لایەن و كەسایەتی و تەنانەت لەگەڵ تاكی پەرلەمانتارە كاریگەرەكانیش گفتوگۆ كرا، تاوەكوو توانرا بەو جۆرە یاساكە تێپەڕێنرێت.
ئەگەری پابەندنەبوون
یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق کە لە خودی کێشەکان گەورەترە، بێمتمانەییانە بەرامبەر یەکتر، ھیچ لایەک متمانەیان بە یەکتر نییە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەردوو لا لەسەر یاسای بودجە ڕێک کەوتوون و دەرچووێنراوە، بەڵام یاساکە جێبەجێ نەکراوە و ھەولێر و بەغداش یەکتریان بە پابەندنەبوون و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار کردووە.
ترس ھەیە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی یاساکە لە ھەر لایەکیانەوە بێت، دۆخی دارایی ھەرێم خراپ ببێت و ھەمان قەیرانی ساڵانی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە.
د. فەرھاد قادر تیشک دەخاتە سەر ئەگەری جێبەجێنەکردنی یاساکە و دەرئەنجامەکانی و دەڵێت: بەدڵنیاییەوە لە ئەگەری پابەندنەبوون، دۆخی سیاسی و دارایی هەرێم خراپ دەبێت و ئەمەش ناسەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی لێ دەكەوێتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان وەكوو خۆیان ڕایانگەیاندووە بەپێی توانای دارایی خۆیان لەگەڵ دۆخەكەدا دەگونجێنن، ئەمەش ناڕەزایی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی و مووچەخۆرانی لێ دەكەوێتەوە. نابێ بیرمان بچێت، بڕی ئەو پارەیە كە بڕیارە لە عێراقەوە مانگانە بۆ هەرێم بێـت، نزیكەی (100) ملیاری لەو بڕەی هەرێم خۆی دەستی دەكەوێت زیاترە، ئەمە جگە لە دەستكەوتەكانی دیکەی بودجە.
نەبەرد کەریم بۆچوونی وایە ئەگەر حکومەتی ھەرێم شەفاف بێت و گۆڕانکاری بکات، یاساکەش جێبەجێ نەکرێت دەتوانێت ئیدارەی دۆخی دارایی خۆی بکات و دەڵێت: حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە پارەی بۆ ڕەوانە بکرێت، لە چەند مانگی ڕابردوو خۆی ئیدارەی دۆخی دارایی خۆی داوە، ئەویش بە لێبڕینی ٢١٪‏ی مووچە. لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە، بەپێی ژمارە بەردەستەکان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەگەر بە شێوازێکی ڕوون ئیدارەی دۆسیەی نەوت، داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان بکات، داھاتەکەی زیاتر و ڕێکخراوتر دەبێت و دەتوانێت لایەنی دارایی خۆی بەڕێوە ببات، بەڵام دەرئەنجامەکانی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێن حکومەت لە ئیدارەکردنی دارایی ھەرێمدا سەرکەوتوو نەبووە، ئەمە لە کاتێکدا داھاتی حکومەت بەشی مووچە و پڕۆژەکانیشی دەکات، بەڵام گەندەڵیی دارایی و قاچاخچێتی ڕێگر و ھۆکاری گەورەن.
بودجەی ھەرێم لە چاوەڕوانیدا
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی ئامادەکردنی بودجەی ٢٠٢١ی خۆیەتی. حکومەت دەڵێت ھەوڵ دەدەن لە نزیکترین کاتدا پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکەن و بۆ دەنگدان لەسەری، ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکەن.
ڕۆژی شەشی نیسانی ٢٠٢١، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی کۆ بوونەوە و تێیدا گفتوگۆ لە بارەی بودجەی ھەرێمەوە کرا و باس لەوە کرا بڕیار درا لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لە بارەی بودجەی ھەرێمەوە بکرێت.
ڕۆژێک دواتر، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم گفتوگۆی لە بارەی بودجەوە کرد و لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یەکەمی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ خستە ڕوو، جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌كارییە‌كان هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە‌ داھاتوویە‌كی نزیكدا ئە‌و پڕۆژە‌‌یاسایە‌ ئامادە‌ دە‌بێت.
بڕیار بوو مانگی ئازار پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بگاتە پەرلەمان، وەک ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ٣١ی ئازار بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند: “ئەوان بە ئێمەیان وت ڕەنگە لەناوەڕاستی مانگی ئازار بگات، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووە، بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان گرنگە لەدوای نزیکەی هەشت ساڵ پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، چونکە بەڕاستی خەرجکردنی پارە و کۆکردنەوەی داهات و دابینکردنی پارە بۆ سێکتەرە جیاوازەکان بەبێ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ئاماژەی پێ بکرێت، بەتەواوەتی نادەستووری و نایاساییە. هەرێمی کوردستان لە خراپترین قۆناغەکانی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەی هەبووە، ئێستا هیچ مەنتقی تیادا نییە پڕۆژەیاسای بودجەی نەبێت.”
تاکوو ئێستا بەشێک لە وەزارەتەکان کارەکانی خۆیان لە کۆتا نزیک کردووەتەوە و حکومەتیش جەخت لە بەردەوامیی کارەکان دەکاتەوە. تاکوو ئێستا دیار نییە حکومەتی ھەرێم لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراق؛ بودجەکەی ئامادە دەکات یان نا؟ ئەگەر عێراق پشکی ھەرێم نەنێرێت، چ کاریگەرییەکی لەسەر بودجەی عێراق دەبێت؟
بەپێی لێدوانی بەشێک لە پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان، تاکوو یەکلا نەبێتەوە عێراق پابەندی یاسای بودجە دەبێت یان نا، ناتوانرێت بودجەی ھەرێم یەکلا بکرێتەوە، چونکە لەسەر بنەمای پشکی ھەرێم لە یاسای بودجەی عێراق ئامادە دەکرێت.
ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢١، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب؛ وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید؛ وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان تایبەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١  خستە ڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی ئەنجوومەنەکە لەناو پڕۆژەیاساکە جێگیر بکرێن و دواتر ئامادە بکرێت بۆ پەسندکردنی کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
نەبەرد کەریم بە ڕەخنەگرتن لە ناوەرۆکی یاسای بودجەی عێراق بۆ ھەرێم، باس لە بودجەی ھەرێمی کوردستانیش دەکات، سەرەتا دەڵێت ڕێککەوتنی بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ڕووی داراییەوە زۆر سەرکەوتوو نەبووە، چونکە حکومەتی ھەرێم ئەگەر مانگانە داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەست بکات و ٥٠٪‏ی داھاتی ناوخۆش بنێرێتە بەغدا، ئەمە بڕێکی زۆر زۆرە، تەنانەت بەپێی ژمارەکان و بەپێی ئەم ڕێککەوتنە ڕەنگە حکومەتی ھەرێم زیانی ١٠ ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە لە خۆی بدات. بۆ نموونە؛ ئەگەر نرخی نەوت بۆ ٨٠ دۆلار بەرز ببێتەوە،  ئەو کاتە دەبێت فرووقاتەکانیش پڕ بکاتەوە، چونکە وەک حکومەتی ھەرێم ئاماژەی پێ دەکات، خەرجی و گرێبەستەکانی بە بڕێکی کەمتر بووە، بەڵام حکومەتی عێراقی بە نرخی سۆمۆ دەیەوێت، واتە حکومەتی ھەرێم بە ٥٠ دۆلاریش نەوت بفرۆشێت، ئەو کاتە دەبێت بە ٨٠ دۆلار ڕادەستی بکات، واتە بەھای ٨٠ دۆلار، ئەمەش زیانێکی دارایی زۆر لە ھەرێم دەدات، بەڵام ئەگەر بھاتایە حکومەتی ھەرێم ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکەی ڕادەست بکردایە، لە قانجی دەبوو.
لە بارەی بودجەی ھەرێمیشەوە، باس لەوە دەکات نەبوونی یاسای بودجە لە ھەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری ھەبووە، چونکە داھاتەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە دابەش نەکراوە، ئەمەش وای کردووە گەندەڵیی دارایی سەر ھەڵبدات و خەرجی و داھاتەکان ڕوون نەبن، بۆیە ئەگەر یاسای بودجە ھەبێت، ڕێگری لە گەندەڵی و بەھەدەردانی داھات دەکرێت.
لە بارەی شێوازی ئامادەکردنی پڕۆژەکەش، باس لەوە دەکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوو شێوازی کارکردن لەسەر بودجەی دیاری کردبوو: یەکەمیان ئەگەر یاسای بودجەی عێراق جێبەجێ بکرێت و پشکی ھەرێم بنێردرێت، لەسەر ئەم میکانیزمە پڕۆژەیاسای خۆی دیاری دەکات. شێوازەکەی دیکەش ئەوە بوو ئەگەر لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا نەگەن بە ڕێککەوتن، یان ڕێککەوتن بکرێت بەڵام جێبەجێ نەکرێت و بوەستێنرێت، ئەو کاتە حکومەتی ھەرێم یاسای دیکەی بودجەی دەبێت.
د. فەرھاد قادر بەم جۆرە باس لە کاریگەریی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی عێراق لەسەر بودجەی ھەرێمی کوردستان دەکات: جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر یاسای بودجەی هەرێم دەبێت و دەبێتە سەرچاوەیەكی دارایی ڕوون و ئاشكرا بە درێژایی ساڵی ٢٠٢١ (لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لە ساڵی (٢٠١٣)وە یاسای بودجەی نەبردووەتە پەرلەمان)، بەپێچەوانەشەوە درێژە بە سیاسەتی خۆگونجاندن دەدرێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©