دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا وەزیری تەندروستیی بەریتانیا یاریدەدەرەکەی ماچ دەکات، ئەندامێکی پەرلەمانی وڵاتەکە داوا دەکات وەزیری تەندروستی دەستلەکاربکێشێتەوە.

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، ڤیدیۆیەکی مات هانکۆک، وەزیری تەندروستیی بەریتانیای لە کاتی ماچکردنی جینای یاریدەدەری بڵاوکردەوە کە لە 6ـی ئایار تۆمارکراون. مات داوای لێبووردنی کردووە، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی لە مەترسیی دوورخستنەوەی بیپارێزێت.

دەنکان بەیکە یەکەم پەرلەمانتاری نەریخواز بوو کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی لە مات کرد. لە لایەکی دیکەوە، پارتی کرێکاران داوا دەکەن وەزیرەکە دەربکرێت.

رەخنەکانی خەڵک و پەرلەمانتارەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا ماوەیەکی زۆر بازاڕەکانی بەریتانیا داخران و لایەنە تەندروستییەکانیش بەردەوام هۆشدارییان بە خەڵک دەدا کە دووری کۆمەڵایەتیی بپارێزن. تیم مۆنتگۆمێری، راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەو بارەوە بە بی بی سی گوتووە، "کاتێک کە یاساکانی خۆی پێشێل دەکەیت، دەبێت بە خەڵکی پێشان بدەیت کە سەرپێچیت کردووە و دەستلەکاربکێشیتەوە".

مات هانکۆک و جینا کۆلادانجێلۆ هەریەکەیان سێ منداڵیان هەیە و ژیانی هاوژینیشیان پێکهێناوە. مات لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەکانەوە دەڵێت، "زۆر داوای لێبووردن دەکەم، خەڵکم نائومێد کرد".

لە ئایاری ساڵی رابردوو پرۆفێسۆر نێیل فێرگێسۆن دەستی لە پۆستی گرووپی راوێژکاریی زانستیی حکومەت کێشایەوە، ئەوەش داوی ئەوە هات کە خانمێک چەند جارێک سەردانی ماڵی کردبوو، لەو کاتەشدا مات هانکۆک گوتی، کارێکی باشی کردووە کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©