خۆراكی ناتەندروستانە و نەریتە ناتەندروستە خۆكردەكانی دیكە بوونەتە گەورەرترین هەڕەشە لەسەر تەمەندرێژی مرۆڤ، بەوەی لە زۆرتر لە 71%ی حاڵەتەكانی مردندا رۆڵیان هەیە، ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەكی گەورەی جۆرناڵی لانسێت كە دەیلی تەلەگراف ئاماژەیپێكردووە.

توێژینەوەكە، كە پشتی بە داتای نزیكەی 200 وڵات بەستووە، دەڵێ ئەو زیادبوونەی تێكڕای تەمەن كە بەهۆی پرۆسەكانی كوتان و سەپاندنی ستانداردەكانی خاوێنی هاتنەدی، ئێستا بەهۆی قەڵەوبوونی دانیشتووانی زەوییەوە دیسان لە پاشەكشەدایە.

لە توێژینەوەكەدا بەدواداچوون كراوە بۆ 249 هۆكاری مردن، 315 نەخۆشی و زەبر و 79 رێگەخۆشكەری نەخۆشی و مردن لە 195 وڵاتدا لەنێوان ساڵانی 1990و 2015 دا.

بەپێی توێژینەوەكە، هەرچەندە مردن بە نەخۆشییە گواستراوەكانی وەك مەلاریا و پەتاكان بەشیوەیەكی بەرچاو كەمیانكردووە، مردن بەو نەخۆشییانە زیادیكردووە كە بەهۆی شێوازی نادرووستی ژیان تووشی خەڵكی دەبن.

دەركەوتووە ساڵی رابردوو 71.3%ی حاڵەتەكانی مردن بە هۆكارگەلی نامیكرۆبییەوە بووە، ئەوە لەكاتێكدا ساڵی 1990 مردن بەو نەخۆشییانە 57.6% بوو.

لە نموونەی ئەو نەخۆشییە نامیكرۆبییەكانی كە پەیوەندییان بە شێوازی نادروستی ژیان هەیە، دەتوانین ئاماژەبكەین بە نەخۆشییەكانی دڵ، جەڵتەی مێشك، شێرپەنجە و شەكرە.

توێژینەوەكە دەریخست بەرزەپەستانی خوێن یەكەم هۆكاری رێگەخۆشكەرە بۆ مردن، بەوەی رێگە خۆشدەكات بۆ زۆرتر لە 9%ی هۆكارەكانی تێكچوونی تەندروستی. وەك دەزاندرێ قەڵەوی و وەرزشنەكردن لە تاودەرە بەرچاوەكانی بەرزیی فشاری خوێنن.

دوابەدوای بەرزیی فشاری خوێن، ئەم هۆكارانە هاتوون بە ریز: جگەرەكێشان (6.3%)، بەرزیی شەكری خوێن (6.1%) و قەڵەوی (5%).

هەرچەندە خەڵكی ئێستا زۆرتر دەژین، دەركەوتووە خانمانی بە تەمەن 10 ساڵی كۆتایی ژیانیان و پیاوانی بەتەمەنیش 9 ساڵی كۆتاییان بە تەندروستییەكی نەخوازراوەوە بەسەردەبەن.

پرۆفیسۆر جۆن نیوتن، لە دامەزراوەی تەندروستی گشتی بەریتانی، دەڵێ "جاران وڵاتان لەبارەی ئایدز، مەلاریا و سورێژە و هاوشێوەكانیان نیگەران بوون بۆ دانیشتووانیان، بەڵام ئێستا كێشەكە بریتییە لە خواردنی ناتەندروست، جگەرەكێشان و زۆر خواردنەوەی كحول".

داتاكانی توێژینەوەكە دەریانخست لە 191 وڵاتدا تێكڕای تەمەنی مرۆڤ بە لەسەرخۆیی روو لە هەڵكشان بووە، بە جۆرێك لە 15 ساڵدا تێكڕای تەمەنی مرۆڤ 6.1 ساڵ زیادركرد.

بەگشتی لەماوەی توێژینەوە 25 ساڵییەكەدا تێكڕای تەمەنی مرۆڤ 10.1 ساڵ زیادیكردووە، دریژبوونەوەی تەمەنیش واتای ئەگەری زۆربوونی نەخۆشییە درێژخایەنەكانە لە كۆتایی تەمەندا لە حاڵەتی پیادەكردنی شێوازێكی نادروستانەی ژیان.

توێژینەوەكە دەڵی ئەو سەركەوتنانەی بەهۆی شەڕی دژەمیكرۆب بەدیهاتن، بەهۆی شێوازی نادرووستی ژیانی خەڵكی ئێستا لە مەترسیدان.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©