گه‌نده‌ڵی كۆسپی سه‌ره‌كییه‌ له‌به‌رده‌م ئاشتی جیهانی و گه‌شه‌پێدان و مافی مرۆڤ، ئاماره‌كانیش دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ساڵانه‌ به‌ تریلیۆن دۆلار له‌ ڕێی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی وڵاته‌ جیا جیاكانی جیهانه‌وه‌ ده‌دزرێ و بوونی نامێنێت، زۆربه‌ی ئه‌و پارانه‌یش له‌ ناوه‌نده‌ دارایی و بانكییه‌كانی له‌نده‌ن و نیویۆرك و سویسڕا به‌ ناوی جیا جیا سپی ده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ خزمه‌تی گه‌نده‌ڵكارانه‌وه‌، له‌ كاتێكدا جیهان له‌ هه‌موو كات پێویستی به‌ به‌هێزتركردنی كه‌رتی ته‌ندروستییه‌، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تاكان، به‌ڵام به‌شێك له‌ زانایان نایشارنه‌وه‌، كه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌موو په‌تاكان ترسناكتره‌ و سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م په‌تاكانه‌.


به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كان ساڵانه‌ 2.6 تریلیۆن دۆلار له‌ ته‌واوی وڵاتانی جیهان له‌ ڕێی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت، به‌شی زۆری ئه‌و پارانه‌یش بۆ سه‌ركوتكردنی كه‌مینه‌كان و تێكدانی ئاسایشی وڵاتان و بازرگانی به‌ هۆشبه‌ر و پاره‌داركردنی تیرۆریستان به‌كارده‌هێنرێن، كه‌واته‌ هه‌موو ئه‌و پارانه‌ دواجار ده‌چنه‌ خزمه‌تی پرۆسه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ و ترسناكه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی جیهان.


ساره‌ چایس له‌ كتێبه‌كه‌ی به‌ ناوی "دزه‌كانی ده‌وڵه‌ت: بۆچی گه‌نده‌ڵی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی جیهان" ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كان كه‌ خه‌ڵكی دێنه‌ سه‌ر شه‌قام و ده‌ست به‌ ناڕه‌زایی و توندوتیژی ده‌كه‌ن، بریتییه‌ له‌ سته‌می به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ هانی كۆمه‌ڵگه‌ و جه‌ماوه‌ر ده‌دا، به‌ ته‌واوی بێ ئومێد بن و خۆیان به‌ دوای جۆرێك له‌ دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بگه‌ڕێن و هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی بده‌ن.

به‌ گوێره‌ی پرۆگرامی به‌رگری و ئاسایشی سه‌ر به‌ ڕێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، ڕێژه‌ی 70%ی وڵاتانی دنیا به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر گه‌نده‌ڵیان تێدا ده‌كرێت و ئامراز و ڕێوشوێنی پێویستیشیان تێدا نییه‌، تا ڕێگری له‌ گه‌نده‌ڵی بكه‌ن و بڕ و شوێنه‌واره‌كانی كه‌م بكه‌نه‌وه‌. له‌ هه‌موویشی ترسناكتر كاریگه‌ری گه‌نده‌ڵییه‌ له‌سه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستی، ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی گه‌نده‌ڵی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستییه‌وه‌، ئه‌و ئه‌جێندا و پلانه‌ی تا ساڵی 2030 دایانڕشتووه‌ تا له‌ جیهان بهێنرێته‌ دی، به‌ ته‌واوی شكستی خواردووه‌.


ئاسایشی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر وڵاتێك و ئاسایشی ته‌ندروستی جیهان له‌سه‌ر ئاستی گۆی زه‌وی، ئه‌گه‌ر جاران هێنده‌ په‌ی به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و كه‌لێنه‌كانی نه‌كرابووایه‌، ئه‌وا په‌تای ڤایرۆسی كۆڤید 19 هه‌موو كه‌لێن و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی ده‌رخست، له‌ كاتێكدا په‌تاكه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌سه‌ر جیهان و هیچ سوپایه‌كیش ناتوانێ ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه‌، ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ توانای ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ترسناكانه‌مان هه‌بێت، كه‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی و داهاتوو ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئاماژه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن، كه‌ ئه‌م سه‌ده‌یه‌ زۆرترین په‌تای تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ و ده‌رده‌كه‌وێت.


له‌ 2002 ڤایرۆسی سارس سه‌ری هه‌ڵدا، دواتر ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌راز، پاشان ئه‌نفله‌وه‌نزانی باڵنده‌، دواتر ڤایرۆسی ئیبۆلا و زیكا و دواجاریش كۆڤید 19، ئه‌مانه‌ سه‌رجه‌میان له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ڕوویان له‌ مرۆڤایه‌تی كرد، كه‌ دواهه‌مینیان تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و كۆتایی نه‌هاتووه‌.


ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی زیان به‌ بواره‌كانی تری ژیان بگه‌یه‌نێت، ئه‌وا زیانه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستی چوار هێنده‌ زیاتره‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ناچالاكی سیسته‌می ته‌ندروستی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و مه‌رگی هاووڵاتییان به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی نییه‌، بگره‌ بابه‌تی مه‌رگ و ژیانه‌ و دوا هیوا و ئومێدی سه‌رجه‌م مرۆڤێكه‌ كه‌ كێشه‌ی ته‌ندروستی هه‌بێت.


ترسناكترین جۆری گه‌نده‌ڵی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستیدایه‌، چونكه‌ پێوه‌سته‌ به‌ ژیان و مه‌رگی مرۆڤه‌كانه‌وه‌
ئاماره‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌، كه‌ وڵاتانی جیهان ساڵانه‌ بڕی 8.3 تریلیۆن دۆلار له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی خه‌رج ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌و بڕه‌ زیاتر له‌ 500 ملیار دۆلاری گه‌نده‌ڵی تێدا ده‌كرێ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌كردنی كه‌رتی ته‌ندروستی پێ ناكرێت.


بابه‌ته‌كه‌ پێوه‌سته‌ به‌ ده‌ستی دووه‌مه‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ حوزه‌یران/یۆنیۆی 2021ه‌وه‌ سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بڕی 11.5 ملیار دۆلار و بانكی نێوده‌وڵه‌تی 12 ملیار دۆلاری خسته‌ خزمه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڤاكسین و كه‌لوپه‌لی ته‌ندروستی دژ به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ ته‌واوی وڵاتانی جیهان پێ بكڕدرێت، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌چێته‌ ده‌ست ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بانك و گرووپه‌ خۆبه‌خشه‌كان و فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كانی وڵاتانی جیا جیا و له‌وێوه‌ گه‌نده‌ڵی تێدا ده‌كرێ و بۆ بواری تر سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت.


له‌ ڕاستیدا ڤایرۆسی كۆرۆنا هێشتا ترسناكترین په‌تا نییه‌، به‌ڵام هۆشداریدانێكه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی، تا سیسته‌می ته‌ندروستی كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتان بگه‌یه‌نرێته‌ به‌هێزترین ئاست، چونكه‌ گومان له‌وه‌دا نییه‌، كه‌ له‌ داهاتوو په‌تای زۆر فره‌وانتر و ترسناكتر ڕوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر خه‌ریكی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ بین، ئه‌وكات ژماره‌ی قوربانییه‌كان زۆر گه‌وره‌ و كاره‌ساتبارتر ده‌بن له‌وه‌ ئێسته‌ ده‌بینین.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©