پانێڵی گۆڕانی کەشوهەوای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان  راپۆرتی تایبەت بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە زەوی بەرەو گەرمبوونێکی زۆر مەترسیدار دەڕوات.

لەو راپۆرتەدا کە 3000 لاپەرە دەبێت، باس لە چەند سیناریۆیەک دەکات، لە هەریەکەیاندا، مەترسییەکان و کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لە کەشوهەوای زەوی دەخاتەڕوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی بۆ زیاتر لە 1.5 پلەی سیلیزی لە چاو چەرخی بەر لە پیشەسازیدا لە ساڵی 2030 روودەدات. ئەمەش زەنگی مەترسییەکی گەورەیە، چونکە راپۆرتەکە دەڵێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ ئەو ئاستە واتە کەوتنەوەی کارەساتی سروشتی زیاتر وەک لافاو، زریان، هەروەها ئاگرکەوتنەوە، کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە. لەپاڵ ئەمانەشدا زۆربوونی دانیشتووانی زەوی وا دەکات داخوازیی لەسەر خۆراک و ئاو بەجۆرێک زیاتر بێت، کە ببێتە هۆی کۆچی بە کۆمەڵی خەڵک لەپێناو دەستکەوتنی خۆراک و ئاو.

راپۆررتەکە ئاماژە بەوەش دەکات چالاکییەکانی مرۆڤ وەک پیشەسازی، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا، سووتاندنی کاربۆن و بەرهەمهێنانی گازە ژەهراوییەکان، کشتوکاڵ و گەڕان و پشکنینی جۆراوجۆر، دۆخی گۆی زەوییان بە جۆرێک ناسەقامگیر کردووە، کە ئەو سیناریۆیانەی بۆ داهاتوو دانراون سیناریۆی مەترسیدارن..

باشترین سیناریۆی نێو راپۆرتەکەی پانێڵی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تاوەکو 2030 پلەی گەرمای گۆی زەوی بۆ 1.5 پلە لەچاو سەردەمی پێش پیشەسازیی بەرزدەبێتەوە.. ئەمەش واتە 10 ساڵ خێراتر لەوەی جیهان چاوەڕێی دەکرد.

یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنی پاریسی 2015 بۆ پاراستنی کەشوهەوای زەوی، بریتی بوو لە هەوڵی راگرتنی ئەم پلە گەرمییە لە 1.5 پلەدا تاوەکو ساڵی 2050، بەڵام ئەم راپۆرتە دەڵێت ئەگەر جیهان تاوەکو ئەوکاتە چاوەڕێ بکات کارەساتی گەورە روودەدات.

دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەکە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا داوا لە وڵاتانی جیهان کرد رێککەوتنی بەپەلە بۆ پاراستنی گۆی زەوی واژۆ بکەن و ئەو رێککەوتنەش نەکەوێتە دوای مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، واتە لە کاتی کۆبوونەوەی لوتکەی گلاسکۆ  بۆ گۆرانی کەشوهەوا. 

جگە لەم سیناریۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان چوار سیناریۆی دیکەی پێشبینی کردووە. سیناریۆی دووەم دەڵێت، بەپێی توێژینەوەی ئاستی ئێستای کاربۆن و گازە ژەهراوییەکان لەسەر ئەم هەسارەیە تاوەکو ساڵی 2050 زەوی بە جۆرێک گەرم دادێت، کە پلەی گەرما دەگاتە 1.9 پلە زیاتر لە ئاستی پێش سەردەمی پیشەسازی.. ئەمەش واتە زۆربوونی ئاگرکەوتنەوە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە شوێنە ساردەکانی جیهان و توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان. توانەوەی ئەو سەهۆڵبەندانەش واتە دەردانی کاربۆنی دیکە بۆ سەر زەوی. 

بۆ سیناریۆی سێیەم راپۆرتەکە پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2100 پلەی گەرما لەچاوی ئاستی پێشوو بۆ 2.7 پلە بەرزببێتەوە، بەمەش مەترسییەکە زۆر لە سیناریۆی یەکەم و دووەم زیاتر دەبێت.

سیناریۆی  چوارەمیش یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان، دەڵێت ئەگەر کاری بەپەلە نەکرێت و کاربۆن بە خێرایی کەم نەکرێتەوە تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە پلەی گەرما دەگاتە 3.6 پلە زیاتر لە ئاستی ئاسایی.

ترسناکترین سیناریۆی نێو راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە سیناریۆی پێنجەمە، ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوییە بۆ 4.4 پلە لە چاو سەردەمی پێش پیشەسازیدا.

گەرمای لەم جۆرەش واتە توانەوەی تەواوی سەهۆڵبەندانەکان، دەردانی کاربۆن و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و چەندین قەیرانی دیکە.

زاناکان دەڵێن ئەگەر پلەی گەرما بەو جۆرە بەردەوام بێت، جۆرێک لە کۆچبەری دروست دەبێت کە پێیدەڵێن کۆچبەری کەشوهەوا، ملیۆنان کەس لە زۆر شوێنی جیهانەوە کۆچ دەکەن و بەدوای خۆراک و ئاودا دەگەڕێن، بەتایبەت خەڵکی شار و ناوچەکانی نزیک کەناراوەکان، هەروەها خەڵکی ئەو دوورگانەی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی دەریاکانەوە شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن، یان ئەو شوێنانەی کە لەوانەیە بکەونە ژێر ئاوەوە.

هەر ئەم گۆرانکارییە بەرهەمە کشتوکاڵیەکان کەمتر دەکاتەوە، بۆ نموونە چین کە ئێستا 28%ی برنجی جیهان بەرهەم دەهێنێت لە دۆخێکی وەهادا چین زیاتر لە دوو لەسەر سێی بەرهەمەکەی لەدەست دەدات، هەمان شت بۆ زۆربەی شوێنەکانی جیهانیش راستە.

دارستانەکان لەناودەچن

کاریگەرییەکی دیکەی ئەم دۆخە گەرمە چاوەڕوانکراوە، ئەگەری سووتانی بەشێكی زۆری دارستانەکانی ئەمازۆن و ناوچەکانی دیکەی جیهانە و لەوانەیە 80%ی ئەو دارستانانە لەناو بچن و بەشێکیان ببنە بیابان. ئەمەش واتە بچووکبوونەوەی سییەکانی گۆی زەوی و کەمبوونەوەی ئۆکسجین.

پلەی گەرماش وەها بەرزدەبێتەوە کە لەوانەیە لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا پلەی گەرما بەشێوەیەکی ئاسایی لە هاویندا بگاتە 45 پلەی سیلیزی.

ئەو گەرمایەش واتە داخوازییەکی بێشومار لە جیهاندا بۆ ئامێرە فێنککەرەوەکان، کە ئەوانیش پێویستیان بە وزەیەکی زۆر هەیە. لەدۆخێکی واشدا جیهان ناچارە بیر لە وزەی پاک بکاتەوە، ئەمەش زەحمەتییەکی زۆر تووشی مرۆڤایەتی دەکات. ئەگەر ناچاریش بن سووتەمەنی بۆ ئەو وزە بەکاربهێنن ئەوا جیهان بەرەو کارەساتی دیکە دەڕوات.

مەترسیی گەورە لە جەمسەرەکانە

مەترسییە گەورەکەش سەهۆڵبدانەکانە، چونکە جگە لە توانەوەی سەهۆڵ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان کە بەجۆریك هەڕەشە لە ژێرئاوکەوتنی چەندین شاری کەناراوەکان دەکات، لە هەمانکاتدا مەترسییەکی دیکەشی هەیە، ئەویش ئەگەری دەردانی نزیکەی 500 ملیار تۆن کاربۆنە لەژێر بەستەڵەک و شاخە سەهۆڵبدانەکانی جەمسەرەکانی زەویدا.

زانایەکی تورک لە ترسان خەوی لێناکەوێت

دوای بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییە مەترسیدارانە زانایەکی تورک دەڵێت، من ئەمشەو خەم لێناکەوێت.. پرۆفیسۆر لیڤێنت کورناز زانای بواری کەشوهەوا، سەبارەت بەو راپۆرتە دەڵێت: "پێموانییە بتوانم ئەمشەو خەوم لێبکەوێت. وشە و زاراوەی زۆر تووند و مەترسیدارم بینی، بەتایبەت ئەگەر بتەوێت بەدوای زانیاریی راپۆرتەکەدا بچیت، چونکە دەزانم هێشتا شتی دیاریکراو و ورد هەن, کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێنەدراوە، کە ئەمانە زۆر مەترسیدارن".

کورناز دەشڵێت؛ "ئەم راپۆرتە راستەوخۆ بە هەموو سیاستڤانانی جیهان دەڵێت پێویستە ئاگادار بن، هەندێک گۆڕانکاری هەن ناتوانین خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، کە لەوانەیە زۆر مەترسیدار بن لەسەر مرۆڤایەتی.

هەروەها سڤێنیا شوڵز، وەزیری ژینگەی ئەڵمانیاش، مەترسییە گەورەکەی بینی، داوای هەنگاوی کرداری خێرای کرد بۆ کەمکردنەوەی کاربۆن و سنووردارکردنی سووتەمەنی. شوڵز دەڵێت: "راپۆرتەکە پەیامێکی زۆر روونی هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەسارەکەمان لەبەردەم مەترسییەکی کوشندەدایە و دانیشتووانەکەشی لەبەردەم هەمان مەترسیدان."

ئەم وەزیرە ئەڵمانییە هەروەها دەڵێت راپۆرتەکە پێماندەڵێت تاوەکو 2050 هیچ چارەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە جگە لە دابەزاندنی دەردانی گازە ژەهراوەییەکان بۆ 0%. 

بەگوێرەی ئەم داخوازییانەش پێویستە جیهان بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزە وەک نەوت، خەڵووز و گازی سروشتی کەم بکاتەوە و رێگە نەدات گازە ژەهراوییەکانی کە لێوە دەرەچن بچنە ناو بەرگەهەوای زەوییەوە، لەم بوارەشدا چین، ئەمریکا و وڵاتانی سەر بە ئۆپیک و رووسیا ئەرکێکی گەورەیان دەکەوێتە سەر.

دوای وزەش کشتوکاڵ و بەتایبەت بەرهەمهێنانی برنج یەکێکە لەو چالاکیانەی زەوی پیس دەکات بە گازی میسان، بە جۆرێک بەگوێرەی توێژینەوەکانی پەیمانگای سەرچاوە جیهانییەکان، بەرهەمهێنانی برنج لە جیهاندا بە رێژەی 1.5٪ بەشدارە لە پیسکردنی زەوی و دەردانی گازی ژەهراویی بەتایبەت میسان. بەمەش پاراستنی کەشوهەوا لە داهاتوودا پێویستی بەوە دەبێت بەرهەمهێنانی برنج بە رێژەی زیاتر لە 60% کەمتر بکرێتەوە.

هەروەها خانووبەرە و رێگاوبان، گواستنەوەی ئاسمانی، دروستکردنی مادە پلاستیکییەکان، گەشتوگوزار، مادەی پاکژکەرەوە، تەکنەلۆژیا و سێکتەری دیجیتاڵی و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسکردنی هەوا و گۆڕانە ترسناکەکانی کەشوهەوای گۆی زەوین.

ئەو وڵاتانەش کە زۆرترین بەشدارییان لەم مەترسیەدا هەیە بریتین لە چین، ئەمریکا،  یەکێتیی ئەوروپا، هیندستان، رووسیا و ژاپۆن، کە پێکەوە بەرپرسن لە  نزیکە ٪60ی پیسبوونی گۆی زەوی.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم راپۆرتە و توێژینەوەکانی پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا زانستییەکانی بوارەکە. لێخووڕینی چەند کاژێرێکی ئۆتۆمبیل، گەشتی فڕۆکەیەک، بەکارهێنانی زیاتری کارەبا، کارپێکردنی زۆری ئامێری فێنکەرەوە و گەرمکەرەوە، گەشتکردن، کشتوکاڵ و تەنانەت خواردنی قاپێک برنجیش بەشداری لە پیسبوونی کەشوهەوای زەویدا دەکەن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©