عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا، خاوەن یەدەگێگی گەورەی نەوتە و دووەم بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو ئۆپێك، كەچی بە درێژایی مێژووەكەی بەهۆی گەندەڵییەوە، خەڵكەكە بەدەست هەژاری و بێكاری و نەهامەتیدا دەناڵێنن، سندووقێك بۆ هێنانەوەی پارە دزراوەكان دامەزراوە و تا ئێستە لە كۆی چەندان ملیار دۆلاری دزراو، 38 ملیۆنی گەڕێندراوەتەوە.


موعتەز عەباسی، جێگر ی سەرۆكی سندووقی هێنانەوەی پارە دزراوەكانی عێراق، هێنانەوەی بڕی 38 ملیۆن دۆلاری لە سێ دەوڵەت راگەیاند، ئەو قسانەیش لە دووەم رۆژی كۆنگرەی نێودەوڵەتی هێنانەوەی پارە و پشكە دزراوەكانی عێراق لە دەرەوە هات كە لە بەغدا ساز دەكرێت.


عەباسی وتی، سندووقەكە چەندان فایلی لایە كە كەسین و پێوەست نین بە دەوڵەتەوە، چەند رێككەوتننامەیەك هەن، لەوانە رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و رێككەوتننامەی عەرەبی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، كە دەق و میكانیزمی گێڕانەوەی پارە درزاوەكانیان تیادایە، بە گەڕاندنەوەیان بۆ گەنجینەی دەوڵەت.


زیاتر وتی، سندووقەكە لەوەتەی دامەزراندنییەوە توانیویەتی بڕێك پارە لە هەندێك دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، لەوانە 65 هەزار دۆلار لە ئوردن و 25 ملیۆن و 942 هەزار دۆلار لە ئەڵمانیا و 11 ملیۆن و 915 هەزار یۆرۆ لە ئیسپانیا.


هەر لەو بارەوە،  پێنجشەم مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رای گەیاند، پێش رووخانی رژێم و دوای رووخانیش، گەندەڵكاران چەندان ملیار دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی عێراق، كە ئەوە مافێكی گەلی عێراقە و هەرهەمووی دەگەڕێنینەوە.  

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©