جیا لە ئامرازە سەرەتایی و كۆنەكانی جەنگ و ململانێ و رووبەڕووبوونەوە، وڵاتانی دنیا، بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان لە كاروباری وڵاتانی دراوسێ خۆیان و دنیادا هەیە، تا ئاستێكی زۆر پشت بە سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هێرشە ئەلیكترۆنییەكانەوە دەبینن، ئەوان لەو رێگایەوە مەبەست و ئامانجی خۆیان دوور لە ئامرازی كۆنی جەنگ، كاریگەرتر دەپێكن، لەوانە سوپای ئەلیكترۆنی ئێران.


یەكشەمی رابردوو غولام رەزا سلێمانی، سەرۆكی رێكخراوی بەسیجی ئێران، كە یەكەیەكی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، پلانێكی وڵاتەكەی ئاشكرا كرد بۆ كۆنترۆلكردنی بواری ئەلیكترۆنی، پلانەكە بریتییە لە راهێنانكردن بە زیاتر لە 30 ملیۆن گەنج بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە خەریكی ئامادەكردنی سوپایەكی ئەلیكترۆنین بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئێران، ئاشكرای كرد كە رێكخراوەكەی 10 سەربازگەی بۆ راهێنان بە هەشت ملیۆن گەنجی شۆڕشگێڕ و باوەڕدار و زیرەك تەرخان كردووە، ئەوان هەوڵ دەدەن 35 ملیۆن كەس بێننە ناو بواری ئەلیكترۆنی، هاوكات دوو سەربازگەیان بۆ راهێنان و ئاراستەكردنی سیاسی تایبەت كردووە. 

فەرماندەكانی سوپای پاسداران چەندان سەربازگەیان بۆ بواری سیبرانی تەرخان كردووە، ئەركی ئەوان بەڕێوەبردنی جەنگی نەرمە و ساڵانێكە بەگەڕیان خستووە و هیچ لەبارەی وردەكاریی كاركردن و بودجەكەی ئاشكرا ناكەن، پێشتر سلێمانی لە 2019 دامەزراندنی هەزار كەتیبەی سیبرانی بۆ كۆنترۆلكردنی ژینگەی كۆمەڵایەتی لە ئێران راگەیاندبوو، ئەگەر ژمارەی هەر كەتیبەیەك 500 كەس بێت، واتە نیو ملیۆن كەسیان بۆ چاودێریی ئینتەرنێت و پێگە ئەلیكترۆنییەكان تەرخان كردووە، كە دەسەڵاتدارانی ئێران ترسیان لێی هەیە بەهۆی رۆڵی گەورەی لە ناڕەزایەتییەكانی جەماوەری ئەو وڵاتە.


سلێمانی باسی قەبارە و سەرچاوەی دارایی رێكخستنی ئەو نیو ملیۆن كەسەی نەكرد، لەوكاتەی عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران لە 2019 غولام حوسێنی لە فەرماندەیی بەسیج لادا و غولام رەزا سلێمانی لە شوێنی دانا، داوایشی لێ كرد كە كار بۆ پەرەپێدانی كولتووری خۆسازدان و بەرگریكاری و دروستكردنی زەوینەی لەبار بۆ بەرزكردنەوەی توانای كارمەندانی بەسیج بكات، بەتایبەتی گەنجان، بۆ قووڵكردنەوە بەها شۆڕشێگێڕییەكان بەپێی پێویستییەكانی گۆڕەپانەكە، وەك ئاژانسی فەرمیی ئێران ئەوەی گواستەوە. 


تا ئێستە نازانرێ ئەو سوپا ئەلیكترۆنییەی ئێران لەناو خودی وڵاتەكەوە بەڕێوە دەبرێت یان لە دەرەوە لە وڵاتانی عەرەبییەوە، كاتێك پێشتر راپۆرتەكانی راگەیاندن ئەوەیان ئاشكرا كرد كە چۆن حزبوڵای لبنانی هەزاران چالاكی عێراقی و سووریایی و بەحرێنی و سعوودی لە چوارچێوەی سوپا ئەلیكترۆنییەكانی رێك خستووە، بۆ ئەنجامدانی كاری بەلاڕێدابردنی میدیایی و بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و ئەجیندای ئێران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. كاتێك ئەو حزبە لە 2012ەوە گەنجانی ئەو وڵاتە دەباتە لبنان، لەوێ راهێنانیان لەسەر دەستكاریكردنی وێنە و بەڕێوەبەردنی چەندان حیساباتی ساختە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و وێنەگرتنی ڤیدیۆیی و خۆدزینەوە لە چاودێریكردنی فەیسبووك پێ دەكات، بۆ ئەوەیش ئەو سوپا ئەلیكترۆنیانە تۆڕێكیان لە حیساباتی ساختە و خەیاڵی دروست كردووە و هەر خۆیان پۆست و پەیامەكانی خۆیان لە رێگەی لایك و كۆمێنت بەهێز دەكەن. 


موهەنەد سەماوی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی دیجیتالی عێراقی دەڵێت، كاریگەری تۆڕە ساختەكانی هەواڵ بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەوروپا و ئەمەریكا زیاترە كە خاوەنی میدیا و دامەزراوەیی راگەیاندنی بەهێزن، ئەو حیساباتە ساختانە هەواڵی بەلاڕێدابراو بڵاو دەكەنەوە و رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبن.


لای خۆیەوە جویل جولهان، شرۆڤەكاری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە كۆمەڵەی ریسكی راوێژكاری وای دەبینێ كە حزبوڵا توانای خۆی لە بواری پاڵپشتیكردنی ئەو گرووپ و میلیشیایانە سەلماند كە ساڵانێكە و بە شێوازی جیاواز لە بازنەی ئێران دەجووڵێنەوە، ئەوان بە بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە و ناڕاست دەیانەوێ خەڵك متمانەی بەخۆی نەمێنێت، جیا لە ئەكتیڤكردنی هەستی نەرێنی ئەوان لەبارەی چەند پرسێكی دیاریكراوەوە.


چاودێران پێیان وایە بانگەشەی ئێستەی ئێران ئایدۆلۆجی و بیروباوەڕییە و بۆ عەرەب و موسڵمانان ئاراستە كراوە، چونكە دەیەوێ كۆنترۆلی بیروباوەڕی ئیسلامیان بكات، لەو رێگەیەشەوە باڵادەست بێت بەسەر لایەنی سیاسی و جوگرافیای ئەو وڵاتانە، ئەوەیش لە چوارچێوەی جەنگی نەرم، ئەو جۆرە گوتار و ئامرازانەیش كە بەناوی ئاینەوە دەكرێت، لەو شوێنانە زۆرە كە گەلان تێگەیشتیان كەمترە، لەو حاڵەتەیش ئاسانترۆ رابەرایەتیان دەكرێت، بۆیە ئەوەی روو دەدات ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران سوود لە توێژینەوە دەروونییەكان دەبینێ و بە جەنگە سیبرانییەكانی لە ناوچەكە دەیانبەستێتەوە و پارەیەكی زەبەلاحی بۆ تەرخان كردووە.  

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©