لوبنانییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانەیان دوو هێندەی ساڵی رابردوو پارەیان خەرجکردووە. دوایین راپۆرتەکانی ناوەندی فەرمیی ئاماری لوبنان ئاشکرای دەکەن، نرخی بەکاربەر لە مانگی 7ی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی 7ی ساڵی 2020 بە رێژەی 123٪ بەرزبووەتەوە.

خەڵکی لوبنان لە قوڵایی قەیرانی ئابووریدا دەژین و بەپێی ئامارەکان، خێزانە لوبنانییەکان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانەیان ناچاربوون زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی رابردوو پارە خەرج بکەن.

هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی تێچووی خێزانە لوبنانییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە لیرەی لوبنانی، کە تێچووی ژیانی بۆ لوبنانییەکان زۆر بەرزکردووەتەوە.

بەرپرسانی لوبنانی نەیانتوانی کێشەی هەڵاوسان لەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکەن و ئێستا بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەرزی رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای کاتی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە نێوان ساڵانی 1975 تاوەکو 1990.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە لوبنان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە.

ناوەندی ئاماری لوبنان رایگەیاندووە، نرخی گواستنەوە لەو وڵاتە لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵ بە رێژەی 253٪ بەراورد بە سەرەتای هاوینی ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە.

حکومەتی لوبنان لە مانگی 7دا نرخی بەنزینی بەپێی نرخی ئاڵوگۆڕی نێوان لیرە و دۆلار دانا، لەو مانگەدا یەک دۆلاری بە 3900 لیرە دەفرۆشتە بازرگانانی بەنزین، بەڵام دوو مانگی دواتر، واتا لە مانگی 9 پاڵپشتییەکانی بۆ نرخی سووتەمەنی لاداو یەک دۆلاری بە 8 هەزار پاوەند بە بازرگانانی سووتەمەنی داو نرخی دۆلاری بۆ ئەو کەسانەی کە سووتەمەنی هاوردەی لوبنان دەکەن بەرزکردەوە.

دابەزینی بەهای لیرەی لوبنانی لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر بەرچاوە، بۆ نموونە لە کاتێکدا لە ساڵی 1997ـدا یەک دۆلار بەهاکەی یەکسان بوو بە 1507 لیرەی لوبنانی، کەچی لە دوای وازهێنانی سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە پۆستەکەی بەهای یەک دۆلار بەرزبووەوە بۆ 24 هەزار لیرە.

ناوەندی ئاماری لوبنان هەروەها ئاشکرای کردووە نرخی خواردنەوە ناکحولییەکان بە رێژەی 248٪ لە ماوەی یەک ساڵدا زیادیکردووە.

هەروەها نرخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە رێژەی 178٪ و نرخی خزمەتگوزاری رێستۆرانت و هۆتێلەکان و بە رێژەی 246٪ زیادیکردووە. نرخی جلوبەرگ و پێڵاویش لە ماوەی یەک ساڵدا دوو هێندە بەرزبوونەتەوە.

دروستبوونی کابینەی نوێی حکومەتی لوبنان هەندێک گەشبینی بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتە دروستکردووە، بۆ نموونە بەهای یەک دۆلار لە دوای دروستبوونی حکومەتی نوێ لە نزیک 14 هەزار لیرە بە جێگیری ماوەتەوە. بەرپرسانی لوبنان بەڵێنیان داوە کە میکانیزمێکی نوێ بدۆزنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©