لیبراڵەکانی کەنەدا بە سەرکردایەتیی جەستن تروودۆ، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی کەنەدایان بردەوە و پارێزگارانیش دانیان بە شکستەکەیان دانا.

دوای جیاکردنەوەی 95٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کەنەدا، پارتی لیبراڵی کەنەدا، پارتەکەی جەستن تروودۆ، لە کۆی 338 کورسی پەرلەمان 156 کورسی بەدەستهێنا، بەهۆی ئەوەی زەحمەتە دەنگەکانی بگاتە زۆرینە کە 170 کورسییە، بۆیە ناچارە حکومەتی کەمینە پێکبێنێت، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەبێ دانوستاندن لەگەڵ پارتەکان بکات.

تروودۆ لە گوتارێکدا سوپاسی لایەنگران و هەموو ئەوانەی کرد کە دەنگیان پێداوە، بەڵێنی دا دۆخی کەنەدا بگەڕێنێتەوە بۆ رۆژانی بەر لە کۆرۆنا. 

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی: "وەکو کەنەدی، ئێوە ئەو پەرلەمانتارانەتان هەڵبژارد بۆ ئەوەی خزمەتتان بکەن، تیمەکەی ئێمەو حکومەتەکەی ئێمەش ئامادەیە. دەنگتان دەبیستم کە دەڵێن حەزدەکەن بگەڕێنەوە بارودۆخی جاران، خەمی کۆرۆناتان نەبێت، خەمی هەڵبژاردنتان نەبێت کە ئێوە تەنیا دەتانەوێت پەرلەمانتان فرەڕەنگ بێت. لەو قەیرانە پشتتان بگرین و لەوەش زیاتر. ئەو ساتەی ئێمەی تێداین پێویستی بە گۆڕانکاری راستەقینە هەیە".

تروودۆ هەر لە گوتاری سەرکەوتندا گوتی: "ئێوە ئاراستەیەکی روونتان پێشانی ئەو پەرلەمانە و ئەو حکومەتە داوە. بۆ سەرکردەی پارتەکانی دی و خێزانەکانیان، سوپاس کە بەشێکبوون لەو ساتە گرنگە. ژیانی سیاسی ئاسان نییە. ئێوە ئەم رێگەیەتان هەڵبژاردووە، چونکە باوەڕتان بە خزمەت هەیە. بۆ ئەوانەی کە لەگەڵ ئێوەش کاردەکەن، سوپاس بۆ خزمەتتان".

تروودۆ مانگی رابردوو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، گوتی هۆکاری ئەم هەڵبژاردنە بەرجەستەکردنی بەرنامەیەکی بەهێزە بۆ رزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019دا پارتەکەی تروودۆ 157 کورسی بەدەستهێنابوو. بەشێک لە کەنەدییەکان باوەڕیانوایە کە تروودۆ ئامانجی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دروستکردنی حکومەتی زۆرینە بوو، کەچی بۆ جاری دووەم دەبێ سەرکردایەتی حکومەتێکی کەمینە بکاتەوە. 

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردوو، کێبڕکێی نێوان هەردوو پارتە سەرەکییەکە تووندبوو، لەدوای جیاکردنەوەی 95٪ی دەنگەکان پارتی لیبڕاڵ 156 کورسی بەدەستهێناوە، پارتی کۆنسەرڤاتیڤی رکابەری 120 کورسی بەدەستهێناوە.

تروودۆ بۆ جاری دووەم نەیتوانی زۆرینە بەدەستبێنێت، ئەمەش مانای وایە حکومەتەکەی نەک تەنیا ناتوانێت بەتەنیا کارەکانی لە پەرلەمان بڕوێنێت، بگرە چارەنووسی تەمەنی سیاسی پارتەکەشی لەدەست پەرلەماندایە، هەر کاتێک پارتەکان لە دژی رێککەون، دەتوانن حکومەتەکەی سەراوژێربکەن.

بەرنامەی گەورەی جەستن تروودۆ لەم خوولەی داهاتوودا شەڕی کۆرۆنا دەبێت، لە کەنەدا لەکۆی 37 ملیۆن ژمارەی دانیشتوانی تاوەکو ئێستا 64 ملیۆن ڤاکسینی دابەشکراون، ئێستا لە زۆربەی ناوچەکانی کەنەدا سێیەم ژەمی ڤاکسین بۆ بەهێزکردنی بەرگری دەدرێتە خەڵک.


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©