ناوی 250 وەرگێڕی ئەفغانی، کە لە وڵاتەکەیاندا کاریان لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا کردووە، لە رێگەی نامەیەکی ئەلیکترۆنی وەزارەتیی بەرگریی بەریتانیا بڵاودەبنەوە. وەزارەتەکە دەڵێت بڵاوبوونەوەی نامەکە بە ئەنقەست نەبووە و داوای لێبووردنیشی لە وەرگێڕە ئەفغانییەکان کردووە.

بێن وۆڵیس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە کردووە کە بە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵی "پاراستنی نهێنی" ناوی کارمەند و وەرگێڕانی بیانی، ناوی بردووە.

لەدوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە 15ی ئابی ئەمساڵەوە، بەریتانیا هەزاران وەرگێڕ و کارمەندی ئەفغانی بردە وڵاتەکەی، بەڵام بەهۆی خێرایی هاتنەوەی تاڵیبان و شپرزەیی پرۆسەی چوونە دەرەوە لەو وڵاتە، ژمارەیەکی زۆر ئەفغانی لە وڵات مانەوە و بەشێکی بەرچاویان لەو کاتەوە لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی تاڵیبان، خۆیان شاردووەتەوە لەنێویاندا ئەم 250 وەرگێڕە ئەفغانییە کە ئێستا ناویان "بە هەڵە" بڵاوبووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان تەنیا ناوی ئەو وەرگێڕانە بڵاونەبووەتەوە، بەڵکو زانیاری تەواو لەسەر شوێنی مانەوە و هەندێکیشیان وێنە و وردەکاریی دیکەی تایبەتی ژیانیان بڵاوبووەتەوە. ئەمەش رەنگە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبکات و ناچاربن خۆیان بشارنەوە.

لەراگەیێندراوێكدا، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا داوای لێبووردنی کرد و رایگەیاند نامەیەک نێردراوە بۆ وەرگێڕە ئەفغانییەکان کە تێیدا ناوی وەرگێڕەکانی دیکەشی تێدا بووە.

نامە ئەلیکترۆنییەکە لەلایەن تیمێک نێردراوە، کە ئەرکی پەیوەندیکردن و هاوکاریکردنی ئەفغانییەکانی نێو ئەفغانستانی پێ سپێردراوە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە. ئەو تیمە لە رۆژی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەفغانییەکان.

جۆنی مێرسەر، وەزیری پێشووی بەرگریی بەریتانیا کە سەر بە پارتی کۆنسەرڤاتیڤی فەرمانڕەوایە رایگەیاند، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی وەرگێرە ئەفغانییەکان "شەرمەزارییەکی قووڵە" و ئەوەی کە بڵاوبووەتەوە بەشێکی زۆریان ناچار دەکات جارێکی دیکە ماڵوحاڵ و گوزەرانیان بگوازنەوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©