رۆژی یەکشەممە 26ی ئەم مانگە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن کە لە ئەنجامدا کەسێکی نوێ بۆ پۆستی راوێژکاری ئەو وڵاتە دەستنیشاندەکرێت و دوای 16 ساڵ، جێگەی ئەنگێلا مێرکل دەگرێتەوە. 

راپرسییەکان پیشانیدەدەن کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆیشتنی مێرکل، پارتەکەشی جەماوەرەکەی لەدەستداوە. 

راپرسیێکی رۆژنامەی بلیدی ئەڵمانی پیشانیدەدات کە پارتی سۆشیاڵ دیموکرات بە سێ خاڵ لە پێش پارتەکەی مێرکڵەوەیە. 
بەوەش ئۆلاف شۆڵتز، بەربژێری پارتی سۆشیاڵ دیموکرات چانسی بردنەوەی پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیای زیاتر دەبێت لە ئارمین لاشێتی بەربژێری پارتەکەی مێرکل. 

شۆڵتز دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە، پارتەکەی مێرکل دوای 16 ساڵ، ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. 

ئۆڵاف شۆڵتز، بەربژێریی پارتی سۆشیاڵ دیموکراتی ئەڵمانیا بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت "ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان دەتوانن وێنای ئەوە بکەن کە من دەبمە سەرۆکی حکومەتی داهاتوو، واتە راوێژکاری داهاتوو. بێ گومان باشترین شت ئەوە دەبێت کە پارتی سۆشیاڵ دیموکرات ئەنجامێکی زۆر باش بەدەستەوە بێنێت."

ئارمین لاشێت، هیوای لەدەستنەداوە و پێیوایە کاتی ئەوەی بەدەستەوە ماوە دەنگی ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی ئەڵمانیا کۆبکاتەوە. 

ئارمین لاشێت، بەربژێری پارتی کرستیان دیموکرات بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت "من بڕوای تەواوم هەیە کە هاوپەیمانییەکەمان ئەم هەڵبژاردنە گشتییە دەباتەوە. ئێمە لە کێبڕکێداین. ئەنجامەکانی وەکو هەمیشە کراوەن. تا ئێستاش لە هەر چوار دەنگدەرێک، یەکێکیان نازانی دەنگ بە کام پارت دەدات، بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا ئێمە بەردەوام دەبین لە رازیکردنی خەڵک."

لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا، مێرکل بە هەڵوێستە میانڕەوەکانی، توانیویەتی نەک تەنیا دەنگی نەریتخوازەکان، بەڵکو دەنگی بەشێک لە چەپڕەوەکانیش بۆ پارتە راستڕەوە میانڕەوەکەی کۆبکاتەوە. 

ئێستا راپرسییەکان پیشانیدەدەن، کە لە دوای مێرکل، چیدیکە پارتەکەی تاکە پارت نابێت کە توانای پێکهێنانی حکومەتی هەبێت. 

بە گوێرەی راپرسییەکەی رۆژنامەی بلید، پارتەکەی مێرکل 22٪، پارتی سۆشیال دیموکرات 25٪ و پارتی سەوز 15%ی دەنگەکان بەدەستدێنن. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©