رێکخراوی کەشناسی جیهانی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، لە 50 ساڵی رابردوودا، کارەساتە سرووشتییەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە پێنج هێندە زیادیانکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریی دەدات کە لە ساڵی 2050 بەدواوە، گۆڕانی کەشوهەوا سەرەکیترین مەترسیی دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان.

بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، بەهۆی ئاگری دارستانەکان، لافاوەکان، رووچوونی زەوی و وشکەساڵی لە ماوەی ساڵانی 1970 تاوەکو 2019 زیاتر لە دوو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە و ئابووریی جیهان بڕی 3.64 ترلیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە. 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەدات کە ئەگەر وڵاتان دەردانی گازە گەرمکەرەکان کەمنەکەوە، ئەوا تاوەکو ساڵی 2100 ئاستی ئاوی دەریاکان 2 مەترو نیو بەرزدەبێتەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی ژێرئاوکەوتنی چەندین دوورگە و شاری وەکو، لەندەن، نیویۆرک، شانگهای و دەیانی دیکە. 

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات کە جیهان لەسەر لێواری چاڵێکە و ئەگەر کاری زیاتر نەکرێت، کارەساتە گەورەکە روودەدات. 

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ئەگەر بەپێی ئەو کارانە بێت کە وڵاتانی ئەندام دەیکەن، ئەوا جیهان لەسەر رێگەی کارەسات بەرەو ئەوە دەڕوات کە 2.5 پلە گەرمتر بێت لە بری 1.5 پلە کە هەموومان لەسەری رێککەوتووین. زانستیش پێماندەڵێت کە بێگومان هەر شتێک لە سەرووی 1.5 پلەوە بێت، کارەسات دەبێت".

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات ساڵانە 100 ملیار دۆلار لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان وەربگرێت بۆ ئەوەی وەکو هاوکاریی بە وڵاتە هەژارەکان بدرێت تاوەکو رووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە. 

بەڵام بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئۆکسفام، تاوەکو ئێستا ساڵانە تەنیا 21 ملیار دۆلار لەو بڕە پارەیە کۆکراوەتەوە. ماداگاسکار یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی وشکەساڵییەوە 400 هەزار کەس تێیدا ئاوارە بوون و پێویستیان بەو یارمەتییە داراییە هەیە.

ئەندرێ نیرینا راخۆلینا، سەرۆکی کۆماری ماداگاسکار دەڵێت: "ماداگاسکار خۆی بە قوربانیێکی گۆڕانی کەشوهەوا دەبینێت. ئێستا لە باشووری وڵات دووبارە وشکەساڵی دەرکەوتووەتەوە. سەرچاوە ئاوییەکان وشکدەبنەوە و دەستکەوتنی هۆکارەکانی ژیان وەختە ببێتە شتێکی مەحاڵ. هاونیشتمانییەکانم لە باشووری وڵات بەدەست سەختییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنن کە خۆیان هیچ دەستیان لە دروستکردنیدا نەبووە."

بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2050 بەدواوە، گۆڕانی کەشوهەوا سەرەکیترین مەترسیی دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی کۆچ و دروستبوونی ململانێ لەسەر خاک و ئاو. بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-9-2021 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو مەترسییە کۆببێتەوە. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©