میدیاكانی به‌ریتانیا بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ باندێكی قاچاغچی كورد و هاوكاره‌كانیان كه‌ به‌رپرسن له‌ په‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌دان په‌نابه‌ری كوردی عێراق بۆ شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا و له‌ ساڵی 2018ه‌وه‌ گیراون، بڕیاره‌ ڕۆژی پێنجشه‌می داهاتوو دادگه‌یی بكرێن و سزای قورسیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.


ئه‌و بانده‌ له‌ شه‌ش كه‌س پێكهاتوون و ته‌مه‌نی گیراوه‌كان له‌ نێوان 27 تا  64 ساڵیدایه‌ و له‌  مانگی شوبات /فێبرایه‌ری ساڵی 2018 له‌ ئه‌نجامه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی پۆلیس له‌ چه‌ند ناوچه‌ی جیا جیای به‌ریتانیا هه‌ڵكوترایه‌ سه‌ر ماڵه‌كانیان و سه‌رجه‌میان گیران.


دوا كه‌س كه‌ گیرا كوردێكه‌ به‌ ناوی خالید مه‌حموود كه‌ ته‌مه‌نی 47 ساڵه‌ و له‌ ناوچه‌ی كینگز ئه‌ڤینیۆ لامبێس گیرا، كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ پێشێلكردنی یاسای په‌نابه‌ران و ئاسانكاری و كاركردن بۆ هاتنی په‌نابه‌ران بۆ شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا به‌ ڕێی قاچاغ و نایاسایی.


ژماره‌یه‌كی زۆری كوردی هه‌رێمی كوردستانیان بۆ به‌ریتانیا په‌ڕاندووه‌ته‌وه‌
به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی میدیاكانی به‌ریتانیا بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و بانده‌ زۆرترین كوردی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ بارهه‌ڵگری گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و كاڵا له‌ فڕه‌نسا و به‌لجیكا و هۆڵه‌ندا به‌ره‌و به‌ریتانیا گواستووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر گواستنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێكیش بڕی پێنج تا 10 هه‌زار پاوه‌نیان له‌ په‌نابه‌ره‌كان وه‌رگرتووه‌، به‌م ڕێگه‌یه‌یش پاره‌یه‌كی خه‌یاڵییان كۆكردووه‌ته‌وه‌.


بڕیاره‌ ڕۆژی پێنجشه‌م 23ی ئه‌یلوول / سێپتێبمه‌ر ئه‌و بانده‌ واته‌ هه‌ر شه‌ش گیراوه‌، ببرێنه‌ به‌رده‌م دادگه‌ی نیو كاسڵ ئابون تاینی به‌رایی و دادگه‌یی بكرێن و دواجاریش دادوه‌ران بڕیاری كۆتایی خۆیان بده‌ن و سزای توندیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.


مارك سپۆرز سه‌رۆكی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌رێمی بۆ تاوانی بازرگانی به‌ مرۆڤ له‌وباره‌وه‌ گوتی، ئه‌مه‌ دۆسیه‌یه‌كی گرنگ بوو و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئاڵۆز و زۆری ویست، چونكه‌ پێوه‌ستبوون به‌ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌كرد، به‌ تایبه‌ت ئاژانسی پاراستنی یاسا له‌ فڕه‌نسا و به‌لجیكا و هۆڵه‌ندا، هه‌مووان وه‌ك یه‌ك تیم به‌ ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییه‌كانمان توانیمان دواجار بانده‌كه‌ ئاشكرا بكه‌ین و سه‌رجه‌میان بگرین.


زیاتر گوتی، سه‌بر و ئارامی زۆرمان گرت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی ورد و پێویستیشمان له‌به‌رده‌ست بێ، تا دواتر له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ پرۆسه‌ی گرتنه‌كه‌یان ڕه‌ت نه‌كرێته‌وه‌، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی پێویست له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بوونی نییه‌، كه‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌یان دراوه‌ته‌ پاڵ، ئێسته‌یش به‌رده‌وامین له‌ كاره‌كانمان و به‌ وردی و چڕی خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و په‌نابه‌رانین، هه‌وڵی ده‌سكه‌وتنی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسه‌كانیان و ئه‌ندامانیان ده‌ده‌ین و كار ده‌كه‌ین تا سه‌رجه‌م ئه‌و تۆڕانه‌ی قاچاغچیه‌تی بگرین و هه‌ڵیانبوه‌شێنینه‌وه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێ دادوه‌ر سزای قورسی یاسایان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت
پێشتر ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ له‌ ناوچه‌ی كلیفلاند و نۆرسمبریا و دۆرهام و ساسكس و له‌نده‌ن گیراون، چواریان كورد و دووانه‌كه‌ی تریش كه‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌ ناوه‌كانیان دیاره‌ ئه‌وروپین، نازانرێ خه‌ڵكی فڕه‌نسا و هۆڵه‌ندا و به‌لجیكان یان خودی به‌ریتانیا.


ئه‌ندامانی بانده‌ قاچاغچییه‌كه‌ جیا له‌ خالید مه‌حموودی ته‌مه‌ن 47 ساڵ، بریتین له‌ محه‌مه‌د خدر زاده‌ ته‌مه‌ن 40 ساڵ و هه‌شت تۆمه‌تی ئاراسته‌كراوه‌، پارێز عه‌بدوڵا ته‌مه‌ن 38 ساڵ، به‌ سێ تۆمه‌تی جیا جیا گیراوه‌، بێستوون عه‌بدوڵا موسڵح ته‌مه‌ن 38 ساڵ به‌هه‌مانشێوه‌ سێ تۆمه‌تی ئاراسته‌كراوه‌.


دوو هاوكاره‌ بیانییه‌كه‌یشیان بریتین له‌ مارك سوشانیك ته‌مه‌ن 27 ساڵ و جۆربرێت پیته‌ر كاهلن ته‌مه‌ن 64 ساڵ، كه‌ یه‌كه‌میان سێ تۆمه‌ت و دووه‌میشیان پێنج تۆمه‌تی ئاراسته‌ كراوه‌.


سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و بانده‌ له‌ 2018ه‌وه‌ گیراون، به‌ڵام تا ئێسته‌ له‌ گرتووخانه‌ هێلراونه‌ته‌وه‌ و دادگه‌یی نه‌كراون، به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كانیش بێت، هه‌ر شه‌شیان تۆمه‌ته‌كانیان گه‌وره‌یه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ سزای قورس و توندیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.


به‌ریتانیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ زۆرترین په‌نابه‌ران خواستیان له‌سه‌ری هه‌یه‌ و ناوچه‌ی كاڵاس و دانكێخ بوونه‌ته‌ مۆڵگه‌ی په‌نابه‌ران كه‌ له‌ نێو جه‌نگه‌ڵ و دارسته‌كان له‌ ژێر خێوه‌ت ده‌مێننه‌وه‌، تا قاچاغچییه‌كان به‌ به‌له‌می بچووك "چووپ" و له‌ ڕێی بارهه‌ڵگره‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ سنووری ئاوی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندا و به‌لجیكا و فڕه‌نسا بیانپه‌ڕێننه‌وه‌.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©