ئەمڕۆ یەکشەممە 26-9-2021 ملیۆنان ئەڵمانی دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداریی لە دەنگدانێکدا دەکەن کە ئەڵمانیا دەخاتە نێو گۆڕانکارییەکی نوێوە، چونکە لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە، چی دیکە ئەنگێلا مێرکل، کە 16 ساڵە راوێژکاری وڵاتەکەیە، لە پۆستەکەیدا نامێنێت. 

دەنگدان لە سەرتاسەری ئەڵمانیا لە کاژێر 08:00ـی بەیانی (09:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان) تاوەکو 06:00ـی ئێوارە بەکاتی نێوخۆیی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. ملیۆنان کەسیش پێش رۆژی دەنگدان، لە رێگەی پۆستەوە دەنگیانداوە. 

چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی بەرایی نافەرمیی دەنگدانەکە لەکاتێکی کەم دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان بەردەست بن. 

هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەڵمانیا چاوەڕوانییەکی زۆری لێ نەدەکرا کە ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی لێبکەوێتەوە، چونکە ئەنگێلا مێرکل لە رکابەرەکان بوو و تاڕادەیەک ئەنجامەکان دیاربوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیەکی زۆر بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دابەشبوونی دەنگەکان و دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە وایکردووە پێشبینیکردنی ئەنجامەکان قورستر بن.

هەرچەندە پێشتریش دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە لە ئەڵمانیا باو بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە رێژەکەی زیاترە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017 رێژەی 28.6٪ـی دەنگدەران لە رێگەی پۆستەوە دەنگیاندا، بەڵام ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت 50٪ـی دەنگدەران لە رێگەی پۆستەوە دەنگ بدەن. 

ئەوەی کە یەکلاییبووەتەوە ئەوەیە کە حکومەتی داهاتوو هاوپەیمانی دەبێت، چونکە هیچ کام لە حیزبەکان چاوەڕێی ئەوەیان لێناکرێت کە بەتەنیا کورسیی تەواو بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنن، بۆ ئەوەش لەوانەیە چەندین هەفتە بگرە مانگیشی بوێت. 

پارتی کریستیان دیموکرات کە پارتەکەی مێرکلە بەپێی دوایین راپرسی کە لە هەفتەی رابردوو لە ئەڵمانیا ئەنجامدراوە، 22٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، پارتی سۆشیال دیموکرات 25٪ و پارتی سەوزەکانیش 16٪. 

ئۆلاف شۆڵتس، بەربژێری پارتی سۆشیال دیموکراتەکان بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا لەوانەیە چانسی زیاتری هەبێت کە ببێتە راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا بەوەی لەم حکومەتەدا جێگری راوێژکارە و پێشتریش وەزیری دارایی وڵاتەکە بووە.

بەربژێرەکانی دیکەش ئارمین لاشێت، بەربژێری کریستیان دیموکرات و ئەنالێنا بایربۆک، بەربژێری پارتی سەوزەکانن کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رووبەڕووی چەندین رەخنە بوونەوە و پرسیار لەسەر توانایان بۆ سەرکردایەتیی ئەڵمانیا دروستکراوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©