ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى فیدڕاڵى ئەڵمانیا راگەیەنرا و و حیزبەکەی مێرکل گەورەترین شکستی خۆی لە مێژوی وڵاتەکەیدا ئەزمون دەکات. بەهۆى نزیکى ئەنجامەکانیش لەیەکترى پێناچێت پێکهێنانى حکومەت بەزوى رابگەیەنرێت.

هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیاکۆتایی هات و بە پێی ئەنجامەکن ؛ دوای (16) ساڵ کۆتایی بە باڵادەستبونی هاوپەیمانێتیی پارتە مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە دەهێنرێت، بەڵام ئەو هاوپەیمانییە پێداگریی دەکات لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتو.

تەلەفیزیۆنی (DW) ئەڵمانیا بەربەیانی رۆژی دوشەممە بڵاوی کردەوە پارتی سۆسیال دیموکرات بە بەدەستهێنانی زیاتر لە (25%)ی دەنگەکان براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی  بوندس تاگ-ی وڵاتەکەیانن و پێناچێت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر پێگەی ئەو پارتەدا بهێنێت لە کاتێکدا تا ئێستاش هاوپەیمانێتییەکی دو پارتی سۆسیال مەسیحی و دیموکرات مەسیحی بانگەشەی ئەوە دەکەن براوەی یەکەمن.

بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکان هاوپەیمانی دیموکرات مەسیحی کە لە لایەن ئەنگێلامێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیاوە سەرکردایەتیی دەکرا بە بەدەستهێنانی (24.1%)ی دەنگەکان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشو رێژی (8%)ی دەنگەکانی لەدەست داوە و بەوەش دوای (16)ساڵ کۆتایی دێت بە باڵادەستبونی لە وڵاتی ئەڵمانیا .

پارتی سەوز لە ئەڵمانیا توانیویەتی (14.8%)ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و کە بە باشترین رێژەی دەنگهێنان لە مێژوی ئەو پارتە لەقەڵم دەدرێت، هاوکات پارتی ئازادی دیموکراتی بە بەدەستهێنانی(11.5%) دەنگەکان بەراورد بە رابردو دەنگەکانی زیادی کردوە.

پارتی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا کە بە پارتێکی توندڕەو و پۆپۆلیست ناسراوە رێژەی (10.3%)ی دەنگەکانی هێناوە و بەوەش ئەو پارتەی بە شکستخواردویەکی دیکەی دوای پارتەکەی مێرکڵ لە هەڵبژاردنەکان دەزانرێت.

پێشبینی دەکرێت کورسییەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بوندس تاگ بگاتە (740)کورسی و پارتی سۆسیال دیموکرات (209) کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام پارتەکانی هاوپەیمانیی ئەنگێلا مێرکڵ بەراورد بە ساڵی  (2017) نزیکەى (50) کورسیی لەدەس بدەن و ژمارەی کورسییەکانیان بگاتە (194) کورسی .

میدیاکانی ئەڵمانیا ئەو هەڵبژاردنە بە شکستی گەورە و مێژویی هاوپەیمانیی دیموکرات مەسیحی لەقەڵم دەن و پێناچێت هیچ پارتێکی ئەو وڵاتە بتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنی،  بۆیە دو پارتی براوەی سەرەکیی ئەو هەڵبژاردنانە لە ئەگەری دروستکردنیهاوپەیمانیی لەگەڵ پارتەکانی دیکە دەتوانن دەسەڵاتی نوێی ئەڵمانیا یەکلایی بکەنەوە و تەنها چارەنوسێک کە لەو هەڵبژاردنانەدا بە تەواویی یەکلایی بوەتە کۆتاییە بە دەسەڵاتی (16) ساڵەی ئەنگێلا مێرکل.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©