ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایسلاند کە رۆژی یەکشەممە 26-9-2021 راگەیێندرا تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت بووە بابەتی گەرمی میدیاکانی جیهان، چونکە دواتر دەنگەکان هەژمارکرانەوە و گۆڕانکاری لە ئەنجامەکەدا روویدا. 

سەرەتا ئەنجامەکە بەو جۆرە بوو کە 33 بەربژێری ژن لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و بوونەتە پەرلەمانتار. پەرلەمانی ئایسلاند بە ئاڵسینگ ناسراوە و 63 کورسی هەیە. هەربۆیە هەواڵی سەرکەوتنی 33 بەربژێری ژن لە میدیاکاندا دەنگی دایەوە، چونکە بەو جۆرە ئایسلاند دەبووە یەکەمین وڵاتی ئەوروپا کە ژمارەی ئەندامە ژنەکان زیاتر بێت لە پیاوەکان.

بەڵام چەند کاژێرێک دواتر و دوای دووبارە هەژماکردنەوەی دەنگەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، ئەنجامەکە گۆڕدرا و کۆمیسیۆن بڵاویکردەوە کە 30 بەربژێری ژن لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتوون، نەوەک 33 بەربژێر. یەکێک لەو کچانەی سەرەتا هەواڵی بوون بە پەرلەمانتاری بڵاوکرایەوە و دواتر راگەیێندرا کە سەرنەکەوتووە لەنیا تەها کەریمە. 

لەنیا تەمەن 21 ساڵە و دەڵێت، باوکی کوردە و لە ساڵی 1993 چووەتە ئایسلاند و دایکیشی لە 1996دا چووەتە ئەو وڵاتە. 

ئەو خێزانە لە 2013دا گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان و لە 2016دا چوونەتەوە ئایسلاند. لەنیا دەڵێت: "من لە ئایسلاند لەدایکبووم و گەورە بووم. زمانی ئایسلاندی زۆرباش دەزانم، بەڵام هاوکات دەشزانم کە من بە بنەچە لە خێزانێكی کۆچبەرەوە هاتووم". لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش، ئەو کچە بە رەچەڵەک کوردە بە میدیای بەریتانی راگەیاند، بۆ ماوەی 9 کاژێر دڵی زۆر خۆش بوو، بەڵام دواتر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەو دڵخۆشییەی لێ تێکدا. 

ئایسلاند بەسەر 6 ناوچەی هەڵبژاردندا دابەشکراوە و هەژمارکردنەوەی دەنگەکانیش لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە دوای ئەوە هات کە پرسیار لە زۆری ژمارەی دەنگەکان لەو ناوچەیە کرا. تاوەکو ئێستاش روون نەکراوەتەوە کە هۆکاری ئەو ژمارە زۆرەی دەنگانە لەو ناوچەیەدا چی بووە. 

ژمارەیەک وڵاتی کەم لە جیهاندا هەن کە تێیاندا ژمارەی پەرلەمانتارانی ژن لە ژمارەی پەرلەمانتارانی پیاو زیاترە؛ رواندا لە کیشوەری ئەفریقیا لە پلەی یەکەمدا دێت لە بواری زۆریی ژمارەی پەرلەمانتارانی ژنانەوە و 61٪ی پەرلەمانتارەکانی ژنن؛ زیاتر لە 50٪ی پەرلەمانتارانی کوبا، نیکاراگوا و مەکسیکیش ژنن. لەسەر ئاستی جیهانیش تێکڕا نزیکەی 25٪ی پەرلەمانتاران ژنن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©