دادگایەكی نێودەوڵەتی ئێرانی بە پێدانی 600 ملیۆن دۆلار سزا دا. كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی لایەنی بەرانبەری دۆسیەكەیە و گوتوویەتی، بەشی سەرەكیی دۆسیەكە ساڵی داهاتوو لە دادگایەكی پاریس بەدواداچوونی بۆ دەكرێت.


سكاڵای كۆمپانیای دانەگاز لە كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، بۆ چەندان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. دادگایەكی نێودەوڵەتی كۆتایی بە بەشی یەكەمی سكاڵاكە هێناوە و بەو هۆیەوە 607 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە، ئێران دەبێ ئەم پارەیە بە دانەگاز بدات.


بەگوێرەی دۆیچەوێلە، لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە گرێبەستی 25 ساڵەی فرۆشتنی گاز لە نێوان ئێران و دانەگاز كراوە. دانەگاز گوتبووی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز بەڵێنەكانی خۆی لەو گرێبەستە جێبەجێ نەكردووە و هیچ بڕە گازێكی رادەستی كۆمپانیاكە نەكردووە.



دانەگاز هەروەها باسی لەوە كردووە، بڕی ئەو سزایەی دیاری كراوە هی هەشت ساڵ و نیوی قۆناغی یەكەمی گرێبەستەكەیە. تا ئێستە هیچ كام لە بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەم سزادانە هەڵوێستیان نەبووە.


گرێبەستی گازیی نێوان ئێران و دانەگاز، دەبوو لە ساڵی 2005 دەستی پێ بكردایە و حوكمەكەی دادگاش پێوەندی و چالاكییەكانی نێوان هەردوولایەنی لە 2005 تا 2014 لەخۆ دەگرێت.


بەرپرسانی دانەگاز گوتوویانە، سكاڵا سەرەكییەكەیان لە ئۆكتۆبەری ساڵی داهاتوو لە دادگایەكی پاریس تاوتوێ دەكرێت، پێشبینی دەكرێ سزای ئەوێ زۆر زیاتر بێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©