کاریکاتێریستی سوێدی لارس ڤیلکس کە لە ساڵی 2007ـەوە لەژێر پاراستنی پۆلیسدا دەژی و بەهۆی کێشانی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو، بەپێی میدیاکانی سوێد بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.

رۆژنامەی داگینس نیهێتەر بڵاویکردووەتەوە، مردنی ڤلکس لەلایەن هاوەڵەکەیەوە پشتڕاستکراوەتەوە. میدیاکانی سوێد دەڵێن، پۆلیس رایگەیاندووە کە ڤیلکسی 75 ساڵ بە ئۆتۆمبێل لەگەڵ دوو ئەفسەری پۆلیسدا گەشتی کردووە و ئەوانیش لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، رووداوی هاتووچۆکە رۆژی یەکشەممە بووە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی و بارهەڵگرێکدا بووە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە، شۆفێری بارهەڵگرەکەش گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەر لە کێشانی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، ڤیلکس لە دەرەوەی سوێد کەسێکی ناسراو نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کاریکاتێرێکی خەیاڵیی بۆ پێغەمبەری ئیسلام کرد کە رووخسارەکەی خستبووە سەر "جەستەی سەگێک"، ناڕەزایی موسڵمانانی بەدوای خۆیدا هێنا.

کێشانی کاریکاتێرەکەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەلایەن کاریکاتێرستە سوێدییەکە لە ساڵی 2007 و دوای ساڵێک لە بڵاوکردنەوەی چەند کارتوونێکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بوو لەلایەن رۆژنامەیەکی دانیمارکییەوە. پۆلیس دەڵێت، هیچ بەڵگەیەک نییە کە رووداوەکە دەستی کەسی تێدا بووبێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©