بەپێی بڕیارێک کە زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی 7-10-2021 هەڵدەوەشێتەوە.

ناسر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی بڕیارێکی پەرلەمانی کە زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە، رۆژی 7-10-2021 پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و بەو پێیەش، بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، هیچ دانیشتنێک ناکرێت.

خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018ەوە دەستبەکاربووە و لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا، زیاتر لە 160 دانیشتنی کردووە. بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، نەیتوانی چوار ساڵی یاسایی تەمەنی خۆی تەواوبکات و بە بڕیارێک خۆی هەڵوەشاندەوە.

بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت. لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەنگ بە لیست و پارت نادرێت و دەنگ بە بەربژێرەکان دەدرێت و پارێزگاکان کراون بە چەند بازنەیەکەوە. 

276 حیزب و 44 هاوپەیمانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا بەشدارن، زیاتر لە 24 ملیۆن کەس لە 83 بازنەدا دەنگ دەدەن.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، سێ هەزار و 249 بەربژێر کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن، لەنێویاندا نۆ کورسییان بۆ پێكهاتەکانە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©