نزیکەی 40 کۆچبەری کوردی باشووری کوردستان بە بەرچاوی پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنساوە و لە رێگەی بەلەمێکی چووپەوە پەڕینەوە بەریتانیا. 

میدیای بەریتانی دیمەنی ئەو کۆچبەرانەی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، نزیکەی 40 کۆچبەر کە بە زاراوەکانی کورمانجی سەروو و خواروو قسە دەکەن، لە کەنارێکی ناوچەی ئەمبلیتووس لە شاری پادکالێی باکووری فەرەنسا بەلەمێکیان هەڵگرتووە و دەیبەنە نێو دەریا، دواتر بە سواری ئەو بەلەمە چووپە بەنێو کەناڵی ئینگلیزییەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێدەکەون. 

ئەو کۆچبەرە کوردانە ژمارەیەک ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە کە بەشێکیان ئێلەکی سەلامەتییان لەبەردا نییە. 

لەو کاتەدا 8 پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا تەنیا 100 مەتر لە کۆچبەرە کوردەکان دوورن، بەڵام رێگرییان لێناکەن. پاسەوانەکان بە میدیای بەریتانییان گوتووە، بەهۆی زۆریی ژمارەی کۆچبەرەکانەوە، نەیانتوانیوە بیانوەستێنن. 

نیو کاژێر دوای ئەوان، بەلەمێکی دیکە بە ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەرەوە، بە بەرچاوی پاسەوانە فەرەنسییەکانەوە تێپەڕی. 
یەکێک لە کۆچبەرەکان بە میدیای بەریتانی گوت ئەو لە بێلاڕووسەوە دوو هەزار یۆرۆی بە قاچاخچییەک داوە بۆ ئەوەی بەنێو پۆڵەندا و ئەڵمانیادا بیگەیێنێتە فەرەنسا تا لەوێشەوە بچێتە بەریتانیا.

دوای گەیشتنیان بە سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیا، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە ئەو کۆچبەرانەی گواستەوە نێو کەشتییەک. 

ئەمساڵ زیاتر لە 17 هەزار کۆچبەر بە نایاسایی لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ئەوە بە گوێرەی میدیای بەریتانیا. 

لە ماوەی رابردوودا، زۆربەی کات کۆچبەرە نایاساییەکان بە شەو هەوڵیاندەدا لە فەرەنساوە بە قاچاخ بڕۆن بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی پۆلیسی کەناراوەکانی فەرەنسا نەیانگرن، بەڵام ئەم 40 کۆچبەرە کوردە بە رۆژ ئەو سەرکێشییەیان کرد. 

هەفتەی رابردوو، میدیای بەریتانی بڵاویکردەوە، شەوی 22ی ئەیلوول پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا تەقەیان لە 8 کۆچبەری کورد کردبوو و لە ئەنجامدا دەستی یەکێکیان و قاچی یەکێکی دیکەیان بە گوللـەی پلاستیکیی "مەترسیدار" شکاندبوو. 

ئەو هەشت کۆچبەرە ڤیدیۆی دوای تەقەکردنەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە پێشانیدەدا کۆچبەرەکان بە زاراوەی کورمانجی خواروو قسە دەکەن.

ئەو هەشت کۆچبەرەش سەرقاڵی گواستنەوەی بەلەمێکی چووپ بوون بۆ نێو دەریا بۆ ئەوەی دواتر 40 کۆچبەری پێ بگوازنەوە بەریتانیا. 

پریتی پاتێل، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا هەڕەشەی لە فەرەنسا کردووە کە ئەگەر لێشاوی بەلەمەکانی کۆچبەرە نایاساییەکان بەرەو بەریتانیا کەمنەکاتەوە، ئەوا ئەو 54 ملیۆن پاوەندە رادەگرێت کە ساڵانە لەندەن بە حکومەتی فەرەنسای دەدات بۆ پاسەوانیکردنی کەناراوەکانی باکووری ئەو وڵاتە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©