حکومەتى بیلاروسیا باڵیۆزى فەرەنساى لە وڵاتەکەى دەرکرد، ئەوەش بەهۆى تێکچونى پەیوەندییەکانى حکومەتى مینسک لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا.

دواى ئەوەى ساڵى رابردو بەهۆى ناڕازیبون لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان، خۆپیشاندانى گەورەى هاوڵاتیان مینسکى پایتەختى گرتەوە، ئەمە بووە هۆى تێکچونى پەیوەندییەکانى بیلاروس لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپا، چونکە بە دەستێوەردان لە کاروبارى وڵاتەکەى و هاندانى خۆپیشاندان تۆمەتبارى کردن.

دەرکردنى باڵیۆزى فەرەنسا لە مینسک، نوێترین پێشهات و گرژییەکانى ئەم دواییەیە کە بیلاروس بەرامبەر وڵاتانى ئەوروپا گرتویەتیەبەر.

لاى خۆیەوە، بالیۆزى فەرەنسا لە مینسک رایگەیاند: لەدواى تەواو کردنى ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان و لەسەر داواى حکومەتى بیلاروسیا رۆژى یەک شەممە ئەو وڵاتەى بەجێهێشتووە.

هەرچەندە باڵیۆزخانەی فەرەنسا رەتی کردەوە وردەکارییەکانى دەرکرنیان ئاشکرا بکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لێدوانەکان لەسەر بابەتەکە لەدواتر ئاشکرا دەکرێن.

جگە لەم رێکارانە، لە ئێستادا حکومەتى بیلاروس دەرگاى وڵاتەکەى بەڕوى کۆچبەراندا کردۆتەوە تا لێیەوە خاکى وڵاتەکەى بەکاربهێنن و بگەن بە وڵاتانى ئەوروپا. هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەى تێکچونى پەیوەندییەکانى مینسک و وڵاتانى ئەوروپایە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©