د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری ناسراوی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان لە عێراقە و لە توركیا نییە، هەرێم دەبێت لەگەڵ عێراق ڕێك بكەوێت و هاوكاری بكات، هەروەها داواش دەكات لەسەر دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ هەرێم، عێراق و هەرێم لەئەنجومەنی ئاسایش شكات لەتوركیا بكەن.


د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری ناسراوی كوردستان بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی باشە، كازمی شارەزایە لە كێشەی كورد، زۆرجار لە كوردستان بووە و دەیەوێت چارەسەرێك بدۆزێتەوە بێگومان لایەنی هەرێمی كوردستانیش دەیانەوێت چارەسەرێك بدۆزنەوە، چونكە زۆر هەوڵیان داوە لەدەرەوە لەگەڵ دەوڵەتان هیچی سوودی نەبووە، هەر دەبێت هەردوولا لەعێراقدا هەوڵبدەن چارەسەرێك بدۆزنەوە، ئومێدەوارە سەردانەكەی سوودی هەبێت و لەو هەنگاوانە بچینە پێش و زیاتر لێك نزیك ببنەوە و بتوانن وردە وردە ڕێگە بكەنەوە بۆ گفتوگۆی جددی لەسەر هەموو كێشەكاندا.


سەبارەت بەسەردانەكەی كازمی لەكاتێكدایە شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغداد-ی كردبوو، د.مەحمود عوسمان دەڵێت" شەوی ڕابردووتر وەفدەكە گەڕانەوە خاڵ زۆر باسكراوە و چەندجار ئەو وەفدە چوون، هەندێك خاڵ هەیە كە وەفدێك بەتەنها ناتوانێت چارەسەری بكات لەبەرئەوە لەوانەیە خاڵ هەبێت بۆ ئەوەی چارەسەری بكەن بەشێوەیەك كازمی هاتووە لەگەڵ سەركردایەتیەكان لێرەو لە سلێمانی و لە دهۆك قسە بكات، بەڵكو چارەسەرێك بدۆزنەوە هەنگاوێكە بۆ پێشەوە."


هەروەها وتیشی" گرنگ ئەوەیە كە كێشەكان چارەسەر ببێت لەهەرێمی كوردستان خەڵك موچەی كەمە یان هەندێكجار نییە و هەندێك جاریش لێی دەبڕن، مەسەلەی ژیان و بژێوی خەڵك هەمووی لەسەر ئەو مووچەیە وەستاوە و تاڕادەیەكی زۆر پارەو موچەكەش پەیوەندی بەبودجەی عێراقەوە هەیە بەتایبەتی 2021، گرنگە ئەگەر بگەنە ئەنجام بەلایەنی كەمەوە وەكو سەرەتا لە ڕووی بودجە و موچەو ئەوانە".


دەربارەی ئەوەی هاتنی كازمی چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات، د.مەحمود عوسمان وتی"نازانم چارەسەری دەكات یان نا، بەڵام كازمی خۆی بەتەنها ناتوانێت كار بكات، كازمیش شاندێكی لەگەڵدایە و لەبەغدادیش كوتلە هەن حزبەكانیش هەن لایەنی شیعە و لایەنی سوننە هەیە، لە پەرلەمان و لەحكومەت ئەمانە هەمووی بۆچوونی خۆیان هەیە و فشاریش لە كازمی دەكەن لە هەندێك ڕووەوە كە زیاد لەپێویست بەرەو هەرێم نەڕوات، بەبۆچوونی من نازانم چارەسەری دەكات یان نا، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەنگاوێك دەبێت بۆ پێشەوە".


ئەو سیاسەتمەدارەی كورد ئاماژەی بەوەكردووە "من پێم خۆشە كازمی چووە زاخۆش، لەوێ ئەو شوێنانە ببینێت كە توركیا بۆمبارانی كردووە و وێرانی كردوون لە دێهات و پرد و ئەوانە، لە سلێمانیش دەتوانێت ئەو شوێنانە ببینێت بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق هەڵوێستی توندتربێت بەرامبەر توركیا كە هەمیشە هێرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان كە بێگومان عێراقیشە، ئومێدەوارم ئەم هاتنەی كازمی باش بێت بۆ وەستان بەتوندی بەرامبەر هێرشەكانی توركیا".


هەروەها وتی "سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێم پەیوەندی نییە بە تەحەدداكردنی توركیاوە، خۆ وڵاتی خۆیەتی و هاتووە سەردانی دەكات، بەڵام بەبڕوای من كاتی ئەوە هاتووە كە هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغداد بەجددی بەرەنگاری توركیا ببنەوە شكاتی لێبكەن لەئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، چونكە توركیا هەموو سنورەكانی تێپەڕاندووە و پەلاماری هەموو لایەك دەدات و پێویستە سنورێكی بۆ دابنرێت.


سەبارەت بەوەی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی لەو جۆرەی دەبێت كە لەگەڵ حكومەتی عیراقیدا سكاڵا لەتوركیا بكات لە ئەنجومەنی ئاسایش، ناوبراو وتی "نازانم، بەڵام باشترە ئەم هەنگاوە بنێت، چونكە توركیا دۆستی كورد نیە، توركیا دژی كوردە لەهەر شوێنێك بێت، توركیا یەك شتی لە كورد دەوێت ئەویش ئەوەیە كە شەڕی پەكەكە بكات، واتە كورد یەكتری بكوژن ئەمە ئامانجی توركیایە، قسەكانی چاوش ئۆغڵۆ دەڵێت سلێمانی نیوەی پەكەكە داگیری كردووه، وە خەریكە هەولێریش داگیر دەكات لەبەرئەوە پێویستە نەهێڵن ئەمەش بەو واتایە دێت كە بێن لەگەڵماندا با پێكەوە شەڕی پەكەكە بكەین، توركیا هەر ئەوەی دەوێت، لەبەرئەوە من بڕوام وایە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان لە عێراقە و لە توركیا نییە، وە دەبێت لەگەڵ حكومەتی عێراق هاوكاربن ، وە بەرەنگاری ئەو دەستدرێژیانەی توركیا ببنەوە".


سەبارەت بەوەی ئەگەر مەحمود عوسمان بڕیار بەدەستی هەرێمی كوردستان بێت بۆ ڕێككەوتن توركیا هەڵدەبژێریت یا عیراق، وتی "بێگومان عێراق هەڵدەبژێرم، چونكە ئێمە بەشێكین لە عێراق و بەشێك نیین لە توركیا، ڕەنگە هەندێك پەیوەندی لەگەڵ توركیا هەبێت نەوت دەفرۆشێت و پەیوەندی بازرگانی، ئەوە ئاساییە، بەڵام بەشێكین لە عێراق وە كێشەكانمان لە عێراقە هەموو دونیاش پێمان دەڵێت كە كێشەكانتان دەبێت لە بەغداد چارەسەر بكرێت، ئەو پرسیارە وەڵامەكەی ڕوونە كە ئێمە دەبێت لەگەڵ عێراق ڕێك بكەوین و هاوكاری بكەین، بەرژەوەندی خۆمان بپارێزین ، پەیوەندیشمان لەگەڵ دەوڵەتەكانی تریشدا بێت، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا و ئێران لەسەر حیسابی كوردی توركیا و ئێران نەبێت".

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©