KNA
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، ناتواندرێت ریفراندۆم وەكو كارتێك بەكار بهێندرێت و دەشڵێت كاتی دەستنیشانكراو بۆ ریفراندۆم زۆر نەگونجاو بوو، كاتی ئەوە هاتووە كەدادگایەك لەكوردستان پێك بێت بۆ دادگایی كردنی ئەوانەی بڕیاری ریفراندۆمیاندا.


ئارێز عەبدوڵا، دەڵێت: ئەو ریفراندۆمەی ئێمە كردمان پرانسپێكی دیموكراسی بوو بەڵام شتێك هەبوو كەململانێیەك هەبوو لەنێوان هەرێم و بەغدا، ڕێكەوتنێك لەنێوان هەردوولا نەبوو بۆ ریفراندۆم، ئەگەر بهاتایە و ڕێكەوتنێك هەبووایە و ئەو ریفراندۆمە بەڕەزامەندی دەوڵەتی عێراق بووایە یاخود بەپشتگیری نەتەوەیەكگرتووەكان بووایە، بێگومان دەبوو بەكارتێكی سیاسی یاسایی و ڕەوایەتی خۆی هەرگیز لەدەست نەئەدا بەڵام ریفراندۆمەكە یەك لایەنەبوو.


ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا راشیگەیاند: ریفراندۆم ناتوانرێت وەكو كارتێك بەكاربهێنرێت، ئەوە تەنها دەتوانیین بۆ ناوخۆمان بەكاری بهێنیین لەبەرئەوەی ڕای نەتەوەیەكگرتووەكان، بۆچونی وڵاتانی هاوپەیمانی كەكاریگەری لەسەر عێراق هەیە یان بۆچوونی وڵاتانی دەر و دراوسێ هەموویان ڕوون و ئاشكرابوو، دەوڵەتی عێراقیش هیچیان لەگەڵی نەبوون كەواتە هیچ ڕەوایەتیەكی وەرنەگرتووە.


ئەو پێشیوایە كە مافەكانی كورد هەرگیز دەستەبەر نابن تا دەوڵەتی خۆی نەبێت، وتیشی: ئەو قسەیە (بەكارهێنانی ڕیفراندۆم وەك كارت) بۆ بازاڕی ناوخۆیی ئەو قسەیە خۆشە بۆ خۆدزینەوە لەو بەرپرسیاریەتیە مێژوویەی كەوتە ئەستۆی حیزبە سیاسیەكان، چونكە كورد سەركردایەتی سیاسی نییە بۆ خۆدزینەوە دەڵێن بەڵێ ئێمە ڕاستە دۆڕاین، بەڵام كارتەكەمان بەدەستەوەیە وەكو ئەوەی پێشی ریفراندۆم ئەو هەموو خەبات و تێكۆشانەی كەكراوە هیچی بەهیچ نەكردبێت تەنها ئەو ریفراندۆمەیە ئەوە بۆ خۆدزینەوەیە لەو بەرپرسیاریەتە مێژوویەیە كە لەئەستۆی ئەو بەرپرسانەیە كەبڕیاری ریفراندۆمیاندا.


ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە وتویەتی ریفراندۆك كارێكی باشە "بەڵام كاتی دەستنیشانكراو بۆ ریفراندۆم زۆر نەگونجاو بوو، كاتەكەی زۆر زۆر نەگونجاوبوو وە هەلومەرجەكان بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی سەركەوتنی ریفراندۆم نەبوون، لەو كاتە نالەبارەدا ئەو بڕیارە درا نایشارمەوە دەنگم بەبەڵێ بۆ سەربەخۆیی (دەوڵەتی كوردی) لەڕیفراندۆمەكەی 25/09 دا بەڵام لەگەڵ هەلومەرجەكە نەبووم واتە لەگەڵ بڕیارە گشتیەكە بووم كەبوو بەبڕیارێكی نیشتیمانی نزیكەی كۆدەنگیەكی لەسەر دروستبوو منیش بەبەڵێ دەنگم بۆیداوە لەسەر ئەو دەنگدانەشم یەكێك بووم لەو نۆ پەرلەمانتارەی عێراق كە لەناو پەرلەمان كۆمیتەیەكی لێكۆڵینەوەیان لەسەر داناین و ڕووبەڕووی دادگایان كردینەوە.


ئەو پێشیوایە "ریفراندۆم گورزی كوشندەی لەخەونەكانی گەلی كوردستاندا، مەگەر هەلومەجی "دەولی" و هەرێمایەتی بگۆڕدرێت ئەگەرنا كوردی لەو خەونە زۆر زۆر دورخستەوە، دەبێت ئەو ڕاستیانە دانی پێدابنێین".


ئەو لەبارەی پشتیوانیەكانی یەكێتیەوە بۆ ریفراندۆمەكە ئاشكرای كرد " ئێمە لەسەرەتا وتمان دژی ریفراندۆم نیین بەڵام لەگەڵی نیین نوێنەری كونسوڵی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپی وتیان ئێمە لەگەڵ ریفراندۆم نیین. بڕیاری یەكێتی پشتیوانی بوو لە ریفراندۆم. من ناڵێم یەكێتی بێ بەرییە بەڵام لەسەرەتادا وەكو ئەنجوومەنی سەركردایەتی وتمان كاتەكە گونجاو نییە لەناكاو بۆچوونی سەركردە كاربەدەستەكانی ناو یەكێتی گۆڕا هەندێك لەو برادەرانە پێیان وابوو كە تا ئێمە هەنگاو نەنێین دەوڵەتان پشتیوانیمان لێ ناكەن."


ئارێز عەبدوڵا وتیشی: ریفراندۆمەكەمان تەنها دوابخستایە هیچ پاسا و و بیانویەك نەبوو بۆهاتنی سوپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە بۆ داگیر كردنەوەی لەكاتێكدا سوپای عێراق ئەو كاتە لە هەموو كاتەكانی تر بەهێز تر بوو، ئەوە هۆكارەكەی بوو، 16 ئۆكتۆبەر روویدا.  


ئەو بە بیری دەهێنێتەوە لە كاتی 16ی ئۆكتۆبەردا تەنها كەركوك نەبووە كە رادەستی عێراق كراوەتەوە بەڵكو شەنگال و دەستی نەینەوا و مەخموریش بووە بەڵام تەنها باس لە كەركوك دەكرێت.


لەبارەی گونجاوی كاتی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی رایگەیاند "كێ دەوڵەتی كوردی ڕادەگەیەنێت؟! ئەوە بەشێكی زۆری كوردستان توركیا داگیری كردووە كەس نییە پێی بڵێت لە پشتی چاوت دوو برۆ هەیە ئەی ئەوانەی كە باسی سەربەخۆیی دەكەن فەرموون با بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن با بەرگری لەو خاكە بكەن كە ئێستا دەوڵەتی توركیا داگیری كردووە لە بادینان".


ئەو باوەڕی وایە "كاتی ئەوە هاتووە كەدادگایەكی گەورەی نیشتیمانی لەكوردستان پێك بێت بۆ دادگایی كردنی هەموو ئەوانەی بڕیاری ریفراندۆم یاندا، وە بۆ دادگایی كردنی هەموو ئەوانەی بوونە هۆكاری شكستی هەرێمی كوردستان یاخود پێشمەرگە لەكەركوك و خانەقین و دبز و مەخمور و لە شەنگال و دەشتی نەینەوا."
تاگ    KNA

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©