ئامادەكردنی: هانە شاخی 

گروپی شانۆیی گۆدۆ نوێترین بەرهەمی شانۆیی (فڕین بەناو خۆڵمێش دا) بەم نزیكانە نمایش دەكات، شانۆییەكە لە دەرهێنانی (داستان بەرزان)ە و  نواندنی (گۆران نامیق)ە. تێكستی شانۆییەكە هەریەك لە دەرهێنەرو ئەكتەری شانۆیەكە ئامادەكراوە، ژانری شانۆییەكە لە ژانری مۆنۆ درامایە.


(داستان بەرزان) وەك دەرهێنەری ئەم بەرهەمە تایبەت بە سایتی (KNA) ووتی" چیرۆكی شانۆییەكە باس لە ئەكتەرێك دەكات كە تەمەنی 45 ساڵە بەشێكی زۆری ژیانی خۆی لەناو كاری هونەری شانۆیا بردۆتە سەر، كارەكە باسی نیگەرانی و غەمگینیەكانی ئەو ئەكتەرە دەكات، كە بەهۆی ئیشەكەیەوە بە سەری هاتووە، هەرچەندە ئەوە بێتاقەتی دەكات، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی بۆ ئیشەكەیەوە بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكەی و دەمێنێتەوە. 
ئەو دەرهێنەرە ووتیشی" ئەم شانۆییە زۆر نزیكە لە ژیانی هونەرمەندو خەڵكی ئێستای كوردەوە، دۆخی ژیان و هاتنی ڤایرۆسی (كۆرۆنا) لەناو كارەكەدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە ئەم كارە هەموو جۆرە بینەرێك دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ دا ببەستێت و ببێت بە بەشێك لە كارەكەو چێژی لی ببینێت.
جێگای ئاماژە بۆكردنە  گروپی شانۆی (گۆدۆ) گروپێكی فەرمییەو لە ساڵی 2018 وە دامەزراوە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمە سێ‌ هەمین كاری شانۆییانە و دوو كتێبی شانۆیشیان لە ڕابردوودا چاپكردووە. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©