KNA

خۆراکناسان پێشنیاری خواردنەوەی شەربەتی گێزەر دەکەن، کە سوودی زۆری هەیە لە بەهێزکردنی بەرگری و باشترکردنی تەندروستی چاو و پێست، زۆرێک لەو ڤیتامینانەی لەش رۆژانە پێویستیان پێیەتی تێیدایە.


شەربەتی گێزەر یەکێکە لە تەندروستترین و بەسوودترین خواردنەوەکان، چونکە دەوڵەمەندە بە کالسیۆم و پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و ڤیتامین ئەی، لە دیارترین سوودەکانی:

تەندروستی چاو باشتر دەکات

شەربەتی گێزەر بڕێکی زۆر لە خۆراکی تێدایە کە سوود بە چاوەکانت دەگەیەنێت، لەیەک پەرداخ شەربەتی گێزەردا بڕێکی زۆر ڤیتامین ئەی هەیە، کە بۆ تەندروستی چاو زۆر گرنگە. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، خواردنی ئەو میوە و سەوزەنەی کە ڤیتامین A یان تێدایە مەترسییەکانی کوێری و نەخۆشیەکانی چاو کەم دەکاتەوە.

بەرگری زیاد دەکات

شەربەتی گێزەر لە توانایدایە یارمەتی کۆئەندامی بەرگری بدات، ڤیتامینەکانی A و C لە شەربەتی گێزەردا وەک دژە ئۆکسێنەرەکان کار دەکەن و خانەکانی بەرگری لە زیانی رادیکاڵی ئازاد دەپارێزن. جگە لەوەش ئەم شەربەتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین "بی ٦"  کە کەمی ئەو ڤیتامینە دەبێتەهۆی دابەزینی بەرگری لەشی مرۆڤ.

رێگری لە شێرپەنجە دەکات

شەربەتی گێزەر پارێزگاری لە چەندین جۆری شێرپەنجە دەكات وەك شێرپەنجەی پرۆستات و گەدە و قۆڵۆن و شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتان. بوونی ماددەی بێتا کارۆتین لەنێو گێزەر، جگە لەوەی رەنگێکی جوان بە گێزەر دەبەخشێت، هاوکات خواردنیشی خانمان لە توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دەپارێزێت.

کۆنترۆڵی شەکری خوێن دەکات

خواردنەوەی بڕێکی کەم شەربەتی گێزەر رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ نزمکردنەوەی رێژەی شەکری خوێن، هەروەک ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر مشک کراون بۆ نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، دەرکەوتووە کە شەربەتی گێزەری شەکری خوێن کەم دەکاتەوە . ئەمەش بەهۆی ئەوەی شەربەتی گێزەر بەکتریای بەسوودی تێدایە  کە کار دەکاتە سەر ئەو بەکتریایانەی کە پەیوەستن بە نەخۆشی شەکرەوە .

پێست بە رەونەقی دەهێڵێتەوە

ئەو ماددە خۆراکیانەی کە لە شەربەتی گێزەردا هەن، سوودی تایبەت بە تەندروستی پێست دەگەیەنن، چونکە شەربەتی گێزەر زیاتر لە ٢٠%ى ئەو پێکهاتە ئاویانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین پێویستن، دابین دەکات. جگە لەوەش ڤیتامین سی  شەربەتی گێزەر وەک ماددەی دژەئۆکسیدبوون کاردەکات کە پێست لە زیانەکانی تیشکی رادیکاڵی رزگار دەکات.

سوود بە تەندروستی دڵ دەگەیەنێت

شەربەتی گێزەر رەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی فاکتەرەکانی مەترسی بۆ نەخۆشیەکانی دڵ، بە تایبەت کە سەرچاوەی باشی پۆتاسیۆمە، کە کانزایەکە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە رێکخستنی پەستانی خوێندا.

پزیشکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە کۆلیسترۆڵ و چەوری بەرزیان هەیە ڕۆژانە دوو پەرداخ شەربەتی گێزەر بخۆنەوە، کە ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو دەبێتەهۆی زیادکردنی دژە ئۆکسێنەرەکانی خوێن و کەمکردنەوەی ئۆکسێنەری چەوریی خوێن، کە دەبێتەهۆی نەخۆشی دڵ.

جگەر دەپارێزێت

کارۆتیناتەکان کە لە شەربەتی گێزەردا دۆزراونەتەوە سوود بە تەندروستی جگەر دەگەیەنن. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە کاریگەریی دژە ئۆکسانی کارۆتینینەکان لە دژی نەخۆشی چەوریی جگەرن و دەیپارێزن. نەخۆشی چەوریی  جگەری کاتێک روودەدات کە چەوری لە جگەردا دروست دەبێت، بە زۆری لە ئەنجامی بەدخۆراکی، کێشی زیاد یان قەڵەویەوەیە.

بەهای خۆراکی زۆری تێدایە

شەربەتی گێزەر کالۆری و کاربۆهیدراتی کەمە و چەندین ماددەی خۆراکی بەسوودی  تێدایە . شەربەتی گێزەریش مادی کارۆتینی تێدایە کە وەک دژە ئۆکسێنەر کار دەکات. کارۆتین، مادەی سەرەکییە لە شەربەتی گێزەردا، بەرپرسە لە رەنگی پرتەقاڵی گێزەر. کە لەش دەیگۆڕێت بۆ ڤیتامین A ى دژە ئۆکسێنەر.

 


تاگ    تەندروستی

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©