هێشتا دوو هەفتەی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەڵام بە سەدان کەس لە بەردەم قوتابخانەی ماڵارد کریک لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور پەلەیانە لە دەنگدانی پێشوەختەدا دەنگ بدەن. بەو گەرموگوڕییەی خەڵک بێت بۆ دەنگدانی پێشوەختە، پێشبینی دەکرێت، دوو هێندەی ساڵی 2016 خەڵک بە پێشوەختە دەنگ بدەن.

مۆنیق سوتن، دەنگدەرە و ئاماژە بەوە دەکات، "من تۆزێک بۆ بابەتی دەنگدان بە پەرۆشم، گرنگ نییە کەی، هەرکاتێک دەرفەت بێت، دەچم دەنگ دەدەم. دەچم دەنگ دەدەم، چونکە ئەمە مافێکە دراوە بە من". 

دۆناڵد ترەمپ بیرەوەری تاڵی لە شارۆچکەی میکلنبێرگ لە کارۆلینای باشوور هەیە، لە هەڵبژاردنی 2016دا بە هیلاری کلینتن دۆڕا، بەڵام بەهۆی بردنەوەی شارۆچکەکانی دیکە، لە تەواوی ویلایەتەکە زۆرینەبوو.

ئەمساڵ کێبڕکێی چڕوپڕی دیموکراتەکان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وایکردووە لەو شارۆچکەیە ژمارەی پێوانەیی لە دەنگدانی پێشوەختە تۆماربکرێت.

ئۆودری لۆنگ، دەنگدەرێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، هەوڵنادات شتەکە بە شەخسی بکات، بەڵکو "سەیری وێنە گەورەکە دەکەم، وەک بڵێی ئەمە چۆن کار لە خەڵکی ئەمریکا دەکات، نەک خۆم بەتەنیا".

گاری سکۆت، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی شارۆچکەی فەیرفاکس لە ڤێرجینیا پێشبینی دەکات ئەمساڵ لە ئەمریکا دەنگدانی پێشوەختە دووهێندەی 2016 لێبێت.

دەنگدان بە پۆستە لە ئێستاوە پێنج هێندەی 2016ی تێپەڕاندووە، ئەو دەنگدانەی کە دۆناڵد ترەمپ رەتی دەکاتەوە و بایدنیش بەشێوازی جیاواز لە هەڵمەتەکانیدا بانگەشەی بۆ دەکات.

لە 18ـی ئەیلوولەوە دەنگدانی پێشوەختە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 17 ملیۆن ئەمریکی تاوەکو ئێستا دەنگیان داوە، ئەم دەنگدانە تاوەکو دوو هەفتەی دیکە بەردەوامدەبێت، تاوەکو لە 3ـی نۆڤێمبەری ئەمساڵ پرۆسەی دەنگدانی فەرمی لە تەواوی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©