بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی عیراق ده‌ڵێت" حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناردنی خه‌ڵك بۆ به‌غدا هه‌رگیز نه‌یتوانیووه خه‌ڵكی پسپۆڕی دارایی بنێرێت، من بریكاری وه‌زیری دارایی عیراقی بووم و چوار ساڵه من خانه‌نشین بووم چوار ساڵه داوا ده‌كه‌م پسپۆڕێك بنێرنه ئه‌و جێگایه‌ی من چونكه ئه‌و جێگایه‌یه جێگه‌ی كورده چوار ساڵه پڕنه‌كراوه‌ته‌وه، پێشی وایه، كه ئه‌گه‌ر عیراق هه‌ر قه‌رز بكات ئه‌وا ئابووریه‌كه‌ی به‌ره‌و داڕوخان ده‌ڕوات و به‌های دیناری عیراقیش وه‌ك لیره‌و تمه‌نی ئێرانی بێ نرخ ده‌بێت".
فازڵ نه‌بی، بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق به ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند" له راستیدا بابه‌تی دارایی له عیراق من ته‌ماشای ده‌كه‌م كه ناڕێكخراویی پێوه دیاره به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه چونكه پێشتر له‌مانگی شه‌ش له عیراق داوای قه‌رزكرا نزیكه‌ی پێنج ملیار دۆلار و 15 تریلیۆن دینار، كهلهمانگی شه‌ش رازبوونیان له‌سه‌ركرد، به‌گوێره‌ی هه‌موو ئه‌و حساباتانه‌ی كه‌من كردوومه من پێشتر 10 ساڵ بریكاری دارایی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بووم له‌دوو قه‌یران به‌شداربووم، قه‌یرانی ساڵی 2008 و كۆتایی ساڵی 2014، به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریه‌ی كه‌من هه‌مه ئه‌و پاره‌یه‌ی كه له‌مانگی شه‌ش داواكرا، ده‌كرا له عیراق تاكۆتایی ئه‌مساڵ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ بدرێت و خه‌رجییه سه‌ره‌كیه‌كانی پێ بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه واپێده‌چێت خراپی رێكخستن هه‌بێت له عیراق به‌تایبه‌تی له‌بواری دارایی، ئه‌وه بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌زیاتر به‌ره‌و قه‌رز بڕۆن، ئه‌وان به‌ره‌و قه‌رز رۆیشتن كه هه‌میشه ئه‌وه هه‌ڵبژاردنێكی باش نییه".
فازڵ نه‌بی وتیشی: "راسته عیراق له ده‌وڵه‌ته هه‌ژاره‌كان نییه كه به‌یانی نه‌توانێت قه‌رز بداته‌وه، به‌ڵام ناشكرێت خۆی بخاته باری قه‌رزێكی یه‌كجار گه‌وره كه‌دوایی زه‌حمه‌ت بێت دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه، له‌ڕاستیدا ئه‌وه هه‌ڵبژاردنێكی باش نییه ئه‌وه دیسان دووباره په‌رله‌مان ڕازی بووه كه عێراق 12 تریلیۆن دینار قه‌رز بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئێستاوه مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ی داهاتووی عێراقی پێ بدات، حكومه‌ت دوای 41 تریلیۆن دیناری كردبوو به‌ڵام به‌بۆچونی من ئه‌و 12 تریلیۆنهش زیاده‌یه واته عێراق تا كۆتایی ساڵ پێویستی ته‌نها به 5-6 تریلیۆن دینار ده‌بێت چونكه داهاتی نه‌وتی عێراق ئه‌گه‌ر ته‌ماشای بكه‌ین نزیكه‌ی 3.5 ملیار دۆلاره‌كه ده‌كاته 4 تریلیۆن دینار و زیاتر".
فازڵ نه‌بی زیاتر روونیده‌كاته‌وه: "ئه‌و قه‌رزه كاریگه‌ری سلبی زۆره چونكه هه‌میشه وه‌رگرتنی قه‌رز له‌جیهان بۆ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانه بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی كاتێك قه‌رز ده‌ده‌نه عێراق بۆ ئه‌وه‌یه كهپرۆژهی وه‌به‌رهێنانی پێبكات دواتر له‌داهاتی پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كه بتوانێت قه‌رزه‌كانی بداته‌وه به‌ڵام كاتێك كه بۆ مووچه به‌كاری ده‌هێنێت ده‌بێت دواتر خودی قه‌رزه‌كه و سوودی سه‌ر قه‌رزه‌كه‌ش له‌خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت بدرێت ئه‌مه واده‌كات له‌داهاتوودا دیسان هه‌ر له‌ناو قه‌یرانێكی تری ئابوری‌دا بژێت، واته ئه‌گه‌ر هاتوو نرخی نه‌وتیش تۆزێك به‌رزبوویه‌وه بۆ نموونه بوو به 50-60 دۆلار هه‌ر له‌ناو ئه‌و قه‌یرانه‌دا ده‌ژێت چونكه ئه‌و قه‌رزانه دوامۆڵهتیان هه‌یه ڕێكه‌وتی دانه‌وه‌ی هه‌یه و ڕێكه‌وتی دانه‌وه‌ی سوودی هه‌یه كه‌ئه‌وه‌ش ئیلتزامێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت بیكات و هه‌میشه له‌ناو ئه‌و قه‌یرانه‌دا بژێت بۆیه ده‌بێت عێراق بیر له‌چاره‌سه‌ری تر بكاته‌وه".
فازڵ نه‌بی ده‌شڵێت: "چاره‌سه‌ری قه‌رز هه‌میشه بۆ مه‌سه‌له‌ی له‌ناكاوه مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ڕوو ده‌دات به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌خواره‌وه‌ی نه‌وت چاوه‌ڕوانكراوبوو دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا بۆیه ده‌بووایه عیراق به‌دوای چاره‌سه‌ری تر بگه‌ڕێت، ناكرێت بۆ هه‌موو شتێك هه‌ر قه‌رز بكه‌ن من خۆم پێشتر سه‌رۆكی وه‌فدی عێراق بووم كاتێك كه چووین بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ساڵی 2016 ڕێكهوتننی (SBA) مان كرد له‌گه‌ڵیان كه نزیكه‌ی 18 ملیار دۆلار ده‌توانن قه‌رز بده‌نه عێراق هه‌ركاتێك پێویستی پێ بێت بتوانێت ڕایكێشێت به‌ڵام ئێمه له‌و 18 ملیاره نیوه‌ی كه‌مترمان ڕ‌اكێشا چونكه نه‌مانویست خۆمان بخه‌ینه ژێرباری قه‌رزی گه‌وره كه‌سبه‌ی ڕۆژ نه‌توانین بیده‌ینه‌وه، ئێستا بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ردووكیان ڕازی نه‌بوون كهقهرز بده‌نه عێراق چونكه ئه‌وان ڕازی نابن قه‌رز بۆ مووچه خه‌رج بكرێت، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت قه‌رز بۆ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بڕوات كه‌واته ناچارن قه‌رزی ناوخۆیی وه‌ربگرن".
"بانكی ڕه‌شید و بانكی ڕافیده‌ین كه دوو بانكی گه‌وره‌ن له‌عێراق ئه‌وانیش ئێستا تاقه‌تی دانانی قه‌رزیان نه‌ماوه به‌حكومه‌تی عێراق چونكه حكومه‌تی عێراق له‌ماوه‌ی ڕابردوو قه‌رزێكی گه‌وره‌ی له‌و دوو بانكه‌ش وه‌رگرتووه بانكه ئه‌هلییه‌كانی عێراقیش به‌هه‌موویان ناتوانن یه‌ك تریلیۆن عێراق قه‌رز بده‌نه عێراق بۆیه عێراق به‌ره‌و بانكی مه‌ركه‌زی ده‌ڕوات، بانكی مه‌ركه‌زیش به‌گوێره‌ی یاساكه‌ی ناتوانێت قه‌رز بداته حكومه‌تی عێراق به‌ڵام كاتی خۆی من له‌ساڵی 2015 ئه‌و ڕێگه‌یه‌م بۆ دانان كه عێراق ده‌كرێت داوای قه‌رز له‌بانكه حكومییه‌كان بكات وه ئه‌گه‌ر هاتوو بانكه حكومییه‌كان پاره‌یان نه‌بوو ئه‌وا "ئیعاده‌ی خه‌سمی ئه‌و سهنداتانه " ده‌كه‌نه‌وه له‌بانكی مه‌ركه‌زی واته ڕێگه‌یه‌كی یاساییمان وه‌رگرتووه كه‌واته پاره‌كه له‌بانكی ناوه‌ندییه‌وه دێته ده‌رێ"، د.فازڵ نه‌بی وای وت.
فازڵ نه‌بی كه‌هاوكات پڕۆفیسۆره له‌بواری زانستی ئابوری به‌شی ژمێریاری ده‌شڵێت: "ئێستا ئه‌گه‌ر ته‌ماشای یه‌ده‌گی بانكی مه‌ركه‌زی بكه‌ین نزیكه‌ی 68 ملیار دۆلار بۆ 52-53ملیار دۆلار دابه‌زیووه ئه‌و به‌شه نه‌قدیه‌ی كه له‌عێراق هه‌یه ده‌بێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ی له‌یه‌ده‌گی لانی كه‌م 36 ملیار دۆلار هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر پاره‌ی عێراق نه‌كات هه‌تا هێزی كڕینی پاره‌ی عێراقی نه‌یه‌ته خواره‌وه ئه‌گه‌ر هاتوو عیراق هه‌ر قه‌رزی وه‌رگرت ئه‌وا ناچار ده‌بێت له‌و 36 ملیاره یه‌ده‌گه بێته‌خواره، ئه‌گه‌ریش هاته خواره‌وه ئه‌وا ئابوری عێراقی به‌ره‌و ڕووخان ده‌ڕوات چونكه پاره‌ی ئێمه‌ش وه‌كو تمه‌ن و لیرهكی توركی بێ نرخ ده‌بێت ئه‌و كاته هه‌ڵاوسانێكی زۆر له‌وڵات دروست ده‌بێت و وڵات به‌ره‌و وێرانی ده‌ڕوات ئه‌وه‌یه كێشه گه‌وره‌كه كه ده‌بێت به‌دوایدا بچن هه‌تا عێراق توشی داڕمانی ئابوری نه‌بێت كه "ئینشاالله" ناگه‌ینه ئه‌و ڕۆژه".
"به‌داخه‌وه ئێمه كێشه‌ی داراییمان له‌به‌غداد هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی هه‌یه له‌به‌غداد وه‌كو كێشه‌ی ناوچه ناكۆكه‌كان، كێشه‌ی پێشمه‌رگه، كێشه‌ی مادده‌ی 140 به‌ڵام كێشه داراییه‌كه كێشه لهناكاوهكهیه به‌داخه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ناردنی خه‌ڵك بۆ به‌غداد هه‌رگیز نه‌یتوانیووه خه‌ڵكی پسپۆڕی دارایی بنێرێته به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستی بارودۆخه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غداد باس بكه‌ن و قه‌ناعه‌ت به‌حكومه‌تی به‌غداد بكه‌ن كه ئه‌وه ڕاسته و ئه‌وه ڕاست نییه، ئه‌وه ده‌ستورییه و ئه‌وه ده‌ستوری نییه، ناكرێت له‌خۆیانه‌وه قسه بكه‌ن ئینجا خۆشمان كێشه‌مان هه‌یه. من بریكاری وه‌زیری دارایی عیراقی بووم و چوار ساڵه من خانه‌نشین بووم چوار ساڵه داوا ده‌كه‌م پسپۆڕێك بنێرنه ئه‌و جێگایه‌ی من چونكه ئه‌و جێگایه‌یه جێگه‌ی كورده چوار ساڵه كورد ئه‌و جێگایه‌ی پڕنهكردۆتهوهكه گرنگترین پۆسته"، فازڵ نه‌بی وای وت.
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی تاچه‌ند پڕنه‌كردنه‌وه‌ی شوێنی پۆسته‌كه‌ت (بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی) په‌یوندی به‌ڕێك نه‌كه‌وتنی لایه‌نه كوردییه‌كانه‌وه هه‌یه بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته؟ له‌وه‌ڵامدا فازڵ نه‌بی ده‌ڵێت: "رێكه‌وتنی حیزبی كێشه‌ی نییه چونكه ئه‌و پۆسته دیاریكراوه بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش دیاریكراوه بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وت هی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه و بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی هی پارتی دیموكراتی كوردستانه، باوه‌ڕ بكه‌ن بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی زۆر ده‌سه‌ڵاتی زیاتره له سه‌رۆك كۆمار‌و گرنگتره بۆ كورد".
هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی له‌وه كرده‌وه" ئه‌و یاسایه‌ی كه‌هه‌فته‌ی ڕابردوو ده‌رچوو به‌ڕاستی غه‌دری له كوردستان كردووه چونكه لانی كه‌م ده‌بووایه به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دیاری بكرایه ، دووه‌م ئه‌گه‌ر ئیلتزاماتێك هه‌یه و ده‌یانه‌وێت بیخه‌نه سه‌رشانی هه‌رێمی كوردستان بابیخهنه سه‌ر شانی هه‌رێمی كوردستان، غه‌دری تێدایه و نایاسایشه، چونكه یاسای بودجه‌ی 2019 ، ئه‌و 320 ملیاره‌ی كهدهنێرنه هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه ڕێكه‌وتنێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نییه، ئه‌وه له‌سه‌ر بنچینه‌ی یاسای بودجه‌ی 2019 ئه‌و 320 ملیار دیناره دانراوه چونكه له‌ناو یاساكه مادده‌یه‌ك هه‌یه كه‌باس له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر هاتوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی ڕادهستنهكرد، ئه‌وا ئه‌و بڕی زیانه‌ی كهلهبهشه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕدرێت، كاتێك كه‌بڕی زیانه‌كه ده‌بڕن 320 ملیار بۆ كوردستان ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه یاسای بودجه‌ی 2019 یه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له‌ساڵی 2020یاسای بودجه‌مان نییه ده‌بێت پشت ببه‌ستین به‌یاسای بودجه‌ی 2019 ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ئه‌و ڕۆژه ده‌رچوو به‌داخه‌وه ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه و وای لێ‌كرد كه‌ئێستا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك نه‌درێت به‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ داهاتی فیدڕاڵی ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌كاته‌وه".
د. فازڵ نه‌بی ئاماژه‌ی بهچارسهرهكانی به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستانی كرد له پاش ده‌رچوونی یاسای هاوكاری كورتهێنانی دارایی عێراق ( قه‌رز) له‌و ڕوه‌وه ده‌ڵێت: "ئێستا ئێمه چاره‌سه‌ری خێرامان له‌پێشه و چاره‌سه‌ری تریشمان له‌پێشه چاره‌سه‌ره خێراكه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌رۆك كۆمار ئه‌و یاسایه په‌سه‌ند نه‌كات 14 ڕۆژ ئه‌و یاسایه به‌هه‌ڵواسراوی ده‌مێنێته‌وه، واته دوای 14 ڕۆژه‌كه ئه‌و یاسایه خۆی ئۆتۆماتیكی به‌په‌سه‌ندكراو حساب ده‌بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆماریش په‌سه‌ندی نه‌كات. له‌ماوه‌ی ئه‌و 14 ڕۆژه‌دا سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به زووترین كات له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی له به‌غداد به‌حكومه‌تی كازمی و به‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌ڵكو ئه‌وه بابه‌تێكی سیاسیه، حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستان به یه‌ك ده‌نگ به‌ره‌و به‌غداد بڕۆن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حیزبه سیاسیه‌كان له‌به‌غداد قسه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌موارێك له‌و یاسایه بكه‌ن لانی كه‌م مه‌جالی ئه‌و 320 ملیاره‌ی تێدا بمێنێت".
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" ئه‌و 320 ملیاره یاساییه كهدهدرێته كوردستان ئه‌وه چاره‌سه‌ره خێراكهیه، به‌ڵام چاره‌سه‌ری دووه‌م ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وه‌نه‌كرا، ئه‌وه ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌زووترین كات وه‌فدێكی هونه‌ری شاره‌زای خاوه‌ن ئه‌زموون له‌مه‌سه‌له‌ی دارایی و نه‌وت بنێرێته به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا و وه‌زاره‌تی نه‌وت و دامه‌زراوه‌ی سۆمۆ دابنیشن و بگه‌نه ڕێكه‌وتنێك ئه‌و كاته ڕێكه‌وتنه‌كه مولزه‌م ده‌بێت كه‌وه‌زاره‌تی دارایی عێراق جێبه‌جێی بكات."
"هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت چاكسازی جه‌زری و ڕاسته‌قینه بكات له‌هه‌رێمی كوردستان له‌بواری خه‌رجییه‌كان و له‌بواری داهاته‌كان كه ده‌كرێت بتوانێت تاڕاده‌یه‌كی باش مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بدات"، د. فازڵ نه‌بی واده‌ڵێت.
د.نه‌بی ده‌شڵێت: "حكومه‌تی به‌غداد ده‌سه‌ڵاتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی نییه به‌ڵام كوتله سیاسیه‌كان و حیزبه سیاسیه‌كان به‌ڵێ ده‌توانن چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن. حكومه‌تی به‌غداد نیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی هه‌یه به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی نییه كه‌واته ئه‌وه به‌كه‌ڵك نایه‌ت، به‌ڵام حیزبه سیاسیه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه به‌ڵام نیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یان نییه ئه‌گه‌ر نیهتیشیان نه‌بێت هه‌رده‌بێت به‌ره‌و پیریان بڕۆین چونكه كێشه‌كه‌ی ئێمه لای ئه‌وانه و بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه بكه‌ین".
د. فازڵ نه‌بی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو:"لێره كێشه‌كه به ناڕوونی ماوه‌ته‌وه، ئه‌وان چه‌ند نه‌وت ڕاده‌ست بكه‌ن و چه‌ند پاره وه‌رده‌گرن ئه‌وه به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه پێویست به‌وه ده‌كات كه‌خه‌ڵكێكی خاوه‌ن ئه‌زموون بچێته به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كه‌كاتیك نه‌وت ڕاده‌ست ده‌كه‌ن چه‌ند وه‌رده‌گرن".
له‌كۆتا به‌شی وتووێژه‌كه‌دا د. فازڵ نه‌بی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه: "هه‌ركه‌سێك بڵێت یاسای قه‌رز له‌قازانجی هه‌رێمی كوردستانه ڕاست نییه، ئه‌و یاسایه زۆر دژی هه‌رێمی كوردستانه چونكه 320 ملیاره‌كه كهبهیاسا دراوه‌ته هه‌رێمی كوردستان نه‌ك به‌ڕێكه‌وتنی كه‌سه‌كان. ئێستا ئه‌و یاسایه‌یان ره‌تكرده‌وه ئه‌و یاسایه‌ش له‌وكاته‌ی عێراقی نوێ دروست بووه له یاسای بودجه هه‌موو ساڵه‌كان ئه‌و مادده‌یه هه‌بووه، ئه‌و مادده‌یه ده‌ڵێت به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان "ئه‌وه‌نده‌یه و ئاوایه و تا دوایی " حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت 250 هه‌زار به‌رمیل ڕاده‌ست بكات ئه‌گه‌ر هاتوو ڕاده‌ستی نه‌كرد بڕی زیانه‌كه له‌به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕدرێت و ئه‌وه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه 320 ملیار دیناره".
د. فازڵ نه‌بی ڕاشیگه‌یاند: "نه‌ك ته‌نها به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم به‌گوێره‌ی یاسا 320 ملیاره، نه‌خێر 320 ملیار له‌گه‌ڵ 68 ملیاری پێشمه‌رگه‌ش به‌ڵام له‌ماوه‌ی ساڵی 2019 ش كه‌وه‌زیر كوردبوو، نه‌یانتوانی68 ملیاره‌كه‌ی پێشمه‌رگه بنێرن، جا ئه‌وه نازانم ده‌بێت له‌وان بپرسن بۆ نه‌یاننارد، یاسا ڕێگه‌ی دابوو كه 68 ملیار دیناری پێشمه‌رگه بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت مانگانه، هه‌تا ئێستاش ئه‌وه‌یان نه‌ناردووه به‌داخه‌وه پێشێل كراوه، من به‌رگری له‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م ئه‌وه به‌یاسا مافی خه‌ڵكی كوردستانه به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌سه‌له‌ی نه‌وت ناشه‌فافه ئه‌وه بابه‌تێكی تره".
بابەتی زیاتر