فراکسیۆنی گۆڕان داوای‌ ئاشكراكردنی‌ رێکەوتنی پەنجا ساڵەی‌ نه‌وتی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و توركیا ده‌كات. داواش لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات کە بەزوترینکات بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بەڕێككه‌وتنی‌ دورمەودا سەبارەت بەکەرتی نەوت‌و گازو دەروازە سنورییەکان.

ئاوێنه‌: د. یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌میدیا عێراقییه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "داوا لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین کە پابەندبن بەو رێکكەوتننانەی له‌نێوان هەرێم‌و بەغدا ئەنجامدراون‌و بەزوترینکات بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بەچارەسەری دورمەوداو یاسایی جدی سەبارەت بەکەرتی نەوت‌و گازو دەروازە سنورییەکان‌و داهاتە نانەوتییەکانی تر، بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای دەستور ماف‌و پابەندیی هەر لایەک دیاری بکرێ‌و پابەندبن پێوەی."

ناوبراو به‌پێویستی‌ ده‌زانێت، "کاروباری دارایی هەرێم لەچوارچێوەی یاسای بودجە رێکبخرێت، رێکكەوتنە نهێنییەکانی پەیوەندیدار بەبواری نەوت‌و گاز ئاشکرا بکرێن. بەتایبەت رێکكەوتنی رانەگەیەنراو لەگەڵ تورکیا کە بە «رێکەوتنی پەنجا ساڵە» ناودەبرێ. هەروەها کاتیەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستهەڵگرن لەقومارکردن بەچارەنوسی خەڵکی کوردستان‌و ماف‌و دەستکەوتەکانی."

د. یوسف محه‌مه‌د راشیگه‌یاندووه‌، "پشتیوانی لەهەڵوێستی بەرپرسیارانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی دەکەین لەدورگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەململانێ سیاسییەکان. سیاسەتی برسیکردنی هاوڵاتیانی ئاسایی‌و کێشە دروستکردن بۆ ژیانیان بەهۆی کێشە سیاسی‌و داراییەکان، نا دەستوری‌و نایاساییە."

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©