هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی كە ژمارەیان لەسەروی دوو هەزار كەسە، گەیشتنە قەزای شەنگال، بەڵام ڕوون نییە لە چوارچێوەی رێككەوتنی شەنگالدا جوڵەیان پێكراوە یان ئامانجی تریان هەیە.


ئەو هێزەی گەیشتۆتە شەنگال، بەشێكیان لە دەوروبەری قەزاكەو بەشێكی تریان لە سنوری عێراق – سوریا جێگیربوون.


(حەیدەر شەشۆ) لێپرسراوی هێزی پاراستنی ئێزیدخان بۆ كەركوك ناو وتویەتی، ژمارەی هێزەكەی پۆلیسی فیدراڵی زیاترە لە دوو هەزار چەكدار، ئەم هێزە‌ بۆ دوو مەبەست هاتووە،‌ یەكەم بۆ وەرگرتنەوەی ئەو فەرمانگەو بارەگایانەی لەژێر دەستی یەبەشەدان، دووەم بۆ پاراستنی سنوری نێوان عێراق و سوریا لەهەر جوڵەیەكی سەربازی نەخوازراو.


شەشۆ وتیشی، هاتنی ئەم هێزە‌ وەك ئامادەكارییەكە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال، ئەوەش لە ‌بەرژەوەندی خەڵكی شەنگالدایەو ئێمە هیوادارین یەبەشەو هێزەكانی تر بەبێ هیچ ئاڵۆزی و گرژییەك ناوچەكە چوڵبكەن، ماڵیان ئاوابێت كە ‌هاوكاری خەڵكی شەنگالیان كردووە لەكاتی تەنگانەداو خزمەتی ئەوان هەرگیز لەیادناكەین، بەڵام كارەكەیان تەواو بووە، بابچن لە ناوچەكانی خۆیان خزمەت بكەن.


یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2015 لە شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربوون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایەو بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان، رۆڵیان هەبوو لە كۆنترۆڵكردنەوەی شەنگال لە دەستی داعش.


بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، قایمقامێكی نوێ بۆ شەنگال دادەنرێت و بە پۆستە ئیدارییەكانی دیكەی قەزاكەدا دەچنەوە، لە پاڵ ئەوەشدا دۆسیەی ئەمنی شەنگال دەدرێتە پۆلیسی ناوخۆیی، دەزگای هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.


هاوكات بەپێی رێككەوتنەكە هیچ رۆڵێك بە هێزەكانی‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) نادرێت، لەگەڵ ئەو هێزانەی‌ نزیكن لەوانەوە.


(خودێدا چوكی) بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ وتی، ناوچەكەمان هیچ پێویستی بەو هێزە نییە، چونكە قەزای شەنگال زۆر ئارامە،‌ بەڵام دیارە ئەوان دەیانەوێت بارودۆخی ناوچەكە تێكبدەن، من دڵنیام بەهاتنی ئەو هێزە ناوچەكە زۆر ناخۆش دەبێت و كێشەكان ئاڵۆزترو گەورەتر دەبن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©