جیاواز لە ماوەکانی رابردوو، ئەمریکا وادەی بەخشینی عێراقی بۆ کڕینی غاز لە ئێران، کورتتر کردەوە و تەنیا 45 رۆژ درێژی کردووەتەوە.

لەگەڵ بەردەوامبوونی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەکان لەسەر ئێران کە ئیدارەی ترەمپ دژ بەو وڵاتە پەیڕەوی دەکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وادەی بەخشینی عێراق لە سزاکانی سەر ئێران بە کڕینی غازی ئەو وڵاتە تەنیا بۆ 45 رۆژ درێژ دەکرێتەوە.

دوایین جار کە ئەمریکا بەخشینی دایە عێراق بە کڕینی غازی ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ بوو کە لە کۆتایی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە کۆتایی دێت. ئەم بەخشینە نوێیەش تاوەکو ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 بەردەوام دەبێت.

تەواوبوونی ئەم وادەیە دەکاتە پێنج رۆژ بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و تاوەکو ئێستاش نازانرێت ئایا ئیدارەی ترەمپ بەر لەو وادەیە بەخشینەکە درێژ دەکاتەوە یاخود نا.

بەخشینی عێراق لە کڕینی غاز و کارەبای ئێران بەشێك بوو لەو تایبەتمەندییەی کە ئیدارەی ترەمپ بە عێراقی بەخشیبوو ئەوەش بەهۆی پشتبەستی یەک لەسەر سێی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە کارەبای ئێران، هەروەها بەکارهێنانی غازی ئەو وڵاتە بۆ بەکارخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق.

لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 ئەمریکای لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران کشاندەوە، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە گرژیی زۆریان بەخۆوە بینیوە. ئیدارەی ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران پەیڕەو دەکات کە بەوەش ئابووری ئێران داڕماوە و دراوی ئەو وڵاتەش بەشێوەیەکی بەرچاو بەهاکەی لەدەستداوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©