KNA

٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ رۆژی لەدایكبوونی هونەرمەندی ناسراوی لوبنان فەیروزە کە تەمەنی بوو بە ٨٥ ساڵ.

کورتەیەك لەبارەی ژیانی ئەو خانمە هونەرمەندەوە:

نیھاد ڕزق وەدیع حەداد ناوی هونەری فەیروزە، ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩٣٥ لەدایكبووە، و گۆرانیبێژێکی لوبنانیە و لەگەڕەکی زەقزاقی بیڵات لەشاری بەیرووت لە لوبنان لە خێزانێکی ھەژاری ئاشووری لەدایکبووە.

باوکی لەدایکبووی ماردینە و دواتر کۆچی کردووە بۆ لوبنان، فەیرووز ھەر لەمنداڵیشەوە بە گۆرانی وتن لەنێو خێزانەکەی و گەڕەکەکەیان ناویدەرکردووە، فەیرووز بەیەکێک لەکاریگەرترین گۆرانیبێژەکانی جیهانی عەرەبی دادەنرێت.

لەساڵی ١٩٤٠ لە ئێزگەی لوبنان لەگەڵ کۆرسێکدا گۆرانی ووتووە، لە ساڵی ١٩٥٢ سەرەتای دەرکەوتنی بووە کاتێک کە ئاوازەکانی عاسی ڕەحبانی گوتووە و لەو سەردەمەدا ناوبانگی لە جیھانی عەرەبی داوەتەوە و لەساڵی ١٩٥٥ ھاوسەرگیری لەگەڵ عاسی ڕەحبانی کردووە.

لەکاتی گۆرانیوتم لە ئێستگەی لوبنان حەلیم رومی لێی پرسیوە ناوی چییە و وتوویەتی، نهاد حەداد.. دوای گوێگرتن لە دەنگی پێی وتووە، ناوی هونەری تۆ فەیروز دەبێت، چونکە دەنگت وەكو بەردە پرۆزە دەگمەنەکانی وەك فەیروز وایە.

عاسی ڕەحبانی و مەنسوور ڕەحبانی برای کە ھەردووکیان بە ڕەحبانی ناسراون دوای ئەوەی بەسەدەھا گۆرانیان بۆ فەیروز ئامادەکرد شۆڕشێکی نوێیان لە مۆسیقای عەرەبی بەرپاکرد، چونکە لەو سەردەمە گۆرانیە باوەکان دوور و درێژ بوونە بەڵام گۆرانیەکانی فیرووز بەپێچەوانەوە ماوەکەی کەمبووە و پر بەپێز و مانا بووە، ناوەڕۆکی شیعرەکانیشی سادە و ساکاربوونە و کۆمەڵە گۆرانیەکی زۆریشی لە شێوەی شانۆگەری پێشکەشکردووە و کە ژمارەیان گەیشتۆتە ١٥ شانۆگەری.

لەدوای مردنی عاسی ڕەحبانی ھاوسەری فەروز لەساڵی ١٩٨٦ شیعر و ئاوازی زۆر کەسانی تری ھەڵبژاردووە و لەسەر گۆرانی ووتن بەردەوام بووە تاکو بەشێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ زیادی کوڕی کاری کردووە و کۆمەڵێك گۆرانی زۆر بەنرخی بۆ ئامادەکردووە لەسەر شێوازێکی نوێ و تایبەت لە مۆسیقا کە ئاوێتەی ھەردوو مۆسیقای عەرەبی و جیھانی کردووە.

لەگرنگترین ئەو نازناوانەی فەیروز بەدەستی ھێناوە: چۆلەکەی ڕۆژهەڵات و دراوسێی مانگ و دراوسێی قودس و دەنگی جیھانی و ژێی ڕۆژھەڵات و باڵوێزی خەونەکان و دەنگی سیحراویی و دەنگی لوبنان و چەندەھا نازناوی دیکەش.

ژمارەی ئەو گۆرانیانەی فیرووز ھەتاکو ساڵی ٢٠١٠ پێشکەشی کردوونە دەگاتە ٧٢٩ گۆرانی و بەناوبانگترینیشان "باکتب اسمک یاحبیبی، نسم علینا الھوی، حبیتک تنسیت النوم، سالونی الناس، سالتک حبیبی".

 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©