ئێوارەی هەینی لەسەر رێگەیەکی نزیک تارانی پایتەختی ئێران، موحسین فەخریزادە، کە بە "باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران" ناودەبرێت، کوژرا. رووداوەکە دەسەڵاتدارانی ئێرانی نیگەران کرد، ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدار، تاران هەڕەشەی تووندی تۆڵەکردنەوە دەکات و پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل درێژکردووە. حکومەتی ئیسرائیلیش بێدەنگی هەڵبژاردووە.

فەخریزادە، دیارترین زانای ئێرانییە لە بواری ئەتۆم و مووشەکدا، کردەی کوشتنەکەی بەوردی لە نزیک شاری ئابسەرد، لە ناوچەی دەماوەندی ئێران لە نزیک تاران بەڕێوەچوو. کوژرانی ئەو، زنجیرەیەکی درێژی کوژرانی زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە. ئەمە دووەم گەورەترین گورزی سەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە لە ماوەی ئەمساڵدا، پاش ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا، وێستگەی نەتەنزی بەرهەمهێنانی ناوەکی لە نزیک تاران، بەهۆی تەقینەوەیەکی گەورەوە، ئاگرێکی گەورەی تێدا کەوتەوە و حکومەتی تاران ئاشکرایکرد، وێستگەکە چیدی کەڵکی چاککردنەوەی نەماوە.

وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاشکرایکرد، هێرشی سەر زانا ئەتۆمییەکە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە ئەنجامدراوە، دواتر دەستڕێژی گولەی بەدوادا هاتووە. بەپێی هەندێک سەرچاوە "فەخریزادە بە برینداری گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام پزیشکەکان نەیانتوانیوە ژیانی رزگاربکەن و گیانی لەدەست داوە".

فەخریزادە، مامۆستای فیزیا و ئەفسەری سوپای پاسداران بووە، ساڵی 2018 بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانی تیشکخستنە سەر مەترسییەکانی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران، ناوی ئەوی هێنا و بە بەڕێوەبەری پڕۆژەی چەکی ئەتۆمیی ئێران ناوی برد، ئەوکات نەتانیاهو گوتی "ئەم ناوەتان باش لەبیر بێت، فەخریزادە".

دوای کوژرانی فەخریزادە، پرسیاری گەورە دروستبوون، لەسەر کاریگەریی کوشتنی ئەو زانایە لەسەر هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەندێک سەرچاوە وای دەبینن پڕۆگرامە ئەتۆمییەکە لەدوای لەدەستدانی باوکییەوە، ئیدی هەتیو و بێباوک دەبێت. سەرچاوەکان دەڵێن، لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، تیرۆرکردنی فەخریزادە، گەورەترین و قورسترین گورزە بەر حکومەتی ئێران دەکەوێت.

داهێنەرە بێوێنەکە

ئاندریا سترایکەر، توێژەری پسپۆڕی چەکە ئەتۆمییەکان، لە سەنتەری بەرگریی لە دیموکراتییەت FDD، پێیوایە "تیرۆرکردنی فەخریزادە بووەتە هۆی لەناوچوونی زانیارییە دامەزراوەییە سەرەکییەکانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی پێشووی ئێران و چالاکییەکانی توێژینەوە و گەشەپێدانی بەردەوامی ناو پڕۆگرامی 'سپند' کە ئەو سەرپەرشتی دەکرد".

لایەنە هەواڵگرییە ئیسرائیلییەکان و رێکخراوی 'موجاهیدینی خەلق'ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەڵێن، ئێران لە هەوڵەکانی بۆ چنگخستن و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەژێر ناوی پڕۆگرامی نهێنی 'سپند' بەردەوامە و پڕۆگرامەکە، سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێرانە.

سترایکەر کە قسەی بۆ 'حورە' کردووە، دەڵێ "ئەرشیڤی ئەتۆمیی ئێران دەریخستووە، ئێران چالاکییەکانی خۆی لەبارەی توێژینەوەی پەیوەست بە چەکە ئەتۆمییەکان لەدوای ساڵی 2003ەوە شاردووەتەوە و بەردەوامی پێداوە، پێدەچێ فەخریزادە رێکخەری کۆی ئەو کارانە بووبێت تاوەکو رۆژی کوشتنی".

سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن، فەخریزادە سەرپەرشتی پڕۆگرامێکی تایبەتی کردووە بە ناوی 'ئامید' کە مانای 'ئومێد' دەدات، ئیسرائیل و دەوڵەتانی رۆژئاوا دەڵێن ئەو پڕۆگرامە، بریتییە لە پڕۆژەیەک کە هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.

'ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم'، دەڵێ پڕۆگرامی 'ئامید' لە سەرەتاکانی هەزارەی دووەمەوە وەستاوە، لەوکاتەوەی پشکنەرانی ئاژانسەکە چاودێری پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەڵێن، پڕۆگرامەکە لەژێر ناوی 'سپند'دا بەردەوامە.

ئەو پسپۆڕەی بواری ئەتۆمیی ئێران دەڵێ، "رژێمی ئێران پڕۆگرامێکی تەواوی چەکی ئەتۆمی هەیە، کە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە دەستی پێنەگەیشتووە، رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە 2015دا، نەیتوانیوە لێکۆڵینەوەی تێدا بکات".

تاران و ئومێدی گەڕانەوەی ئەمریکا و فەخریزادە

بێگومان کەم تا زۆر، کردەی کوشتنەکە کاریگەری و رەنگدانەوە لەسەر کۆی هەوڵە ئەتۆمییەکانی تاران دروستدەکات، چ بە ئاراستەی خاوکردنەوە، یان وەستاندنی گەرچی بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت.

لەبارەی کاریگەرییەکانی دیکەی کوشتنەکەوە، سترایکەر دەڵێ "تیرۆرکردنی فەخریزادە، هەنگاوێکی دەروونیی و پەیامێکە بۆ تاران کە باوکی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەشی پارێزراو نییە، چونکە هێرشەکە رەنگدانەوەی لەسەر زانایانی دیکەی ئەتۆمی، دامەزراوەکانی وڵات و پێگەی کەسە نزیکەکانی زاناکان دەبێت. ئامانج لە هێرشەکە، ناچارکردنی ئێرانە بۆ دووجار بیرکردنەوە لە هەر هەنگاوێکدا، بە ئاراستەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی".

پێناچێ رووداوەکە هەوڵەکانی ئێران بە ئاراستەی گێڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر مێزی دانوستاندن لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیەوە خاو بکاتەوە، بەتایبەت کە ئێران پێویستی زۆری بە سووککردنی سزا سەپێنراوەکانی سەری هەیە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018دا، پاشەکشەی یەکلایەنەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆکراوی ساڵی 2015 راگەیاند و سزا و ئابڵووقەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و تووندتریشی کرد.

ئێران ئومێد دەکات، گەیشتنی جۆ بایدن، براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە کورسی دەسەڵات لە واشنتن، ئەمریکا بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان، بۆ چالاککردنەوەی ئەو رێککەوتنەی تاران، لەگەڵ ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا کردوویەتی.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەفتەی رابردوو ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوەی خۆبەخۆ بۆ پابەندییەکانی لەمیانی رێککەوتنی ئەتۆمی راگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی بایدن، سزاکانی سەر تاران هەڵبگرێت، لە هەمانکاتدا گوتی، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە، 'پێشینە'ی تاران نییە.

سترایکەر دەڵێ "بێگومان تاران پەرچەکرداری بەرامبەر هێرشەکە دەبێت، بەزۆریی لەرێگەی بەکرێگیراوەکانییەوە دەبێت، بەڵام ئەوەش لەبەرچاو دەگرێت، هەڵچوونی زیاتر نەورووژێنێت".

بەهێزترین گورز

حەسەن رازی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەحوازی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، کوشتنی فەخریزادە بە بە‌هێزترین گورز بۆ سەر ئێران ناودەبات، چونکە وەک ئەو دەڵێ "فەخریزادە، باوکی رووحیی راستەقینەی دۆسێی ئەتۆمیی ئێرانە".

پێشتر، دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوایی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی 'رۆیتەرز' بەر لە چوار ساڵ گوتبووی، "ئەگەر ئێران بڕیاربدات چەکی ئەتۆمی دروست بکات، ئەوە لەسەر دەستی فەخریزادە دەبێت و ئەو دەبێتە باوکی بۆمبی ئەتۆمیی ئێران".

رازی دەڵێ "بایەخی ئەم گورزە لەوەدایە کە لەنێو تارانی پایتەختدا روویداوە، یەکێکە لە سەرکەوتووترین کردە هەواڵگرییەکان، تێکشکاندنێکی ئاسایشیی گەورەیە لەدژی رژێمی ئێران، بەوردییەکی زۆرەوە سەرکەوتوو بوو لە بەئامانجکردنی گەورەترین سەری دۆسێی ئەتۆمیی ئێران".

رازی، هاوڕای ئەحمەد فارووق، توێژەری تایبەتمەندی کاروباری ئێرانە کە کردەکە بە "قورس بۆ سەر ئێران" ناودەبات، چونکە موحسین فەخریزادە تەنیا بەرپرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەبوو، بەڵکو سەرپەرشتیاری پڕۆگرامی مووشەکیی وڵاتەکەش بوو.

وەک ئاماژەیەک بۆ زیانە گەورەکەی ئێران، فارووق ئاماژە بەوەدەدات کە فەخریزادە دەرچووی وەزارەتی بەرگریی ئێرانە، بەرپرسی دۆسێی توێژینەوە و داهێنانی ناو وەزارەتەکە بووە، ئەوەش وایکردووە ئەو بەرپرسێکی پلە بەرزی سەربازی بێت.

لەبارەی لایەنی ئەنجامدەری کارەکەوە، فارووق دەڵێ، پەنجەی تۆمەتی ئێران بە دوو ئاراستەیە، یەکەمیان ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە لە رێگەی جەواد زەریفەوە کردەکەی داوەتە پاڵ ئیسرائیل، ئەوی دووەمیشیان ئەوەیە کە حوسێن دەقهان، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆمار، بۆ کاروباری بەرگری و بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی وڵات ئاشکرایکردووە، کە راشکاوانە دەڵێ، ئیسرائیل کارەکەی ئەنجامداوە و دەیەوێ لەناوچەکەدا جەنگ بەرپا بکات.

ئەو واینابینێت کە کردەی کوشتنەکە، پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران رابگرێت، چونکە وەک روونیکردووەتەوە لە 2010 تاوەکو 2012 چەندین زانای ئەتۆمیی ئێران کوژران، کەچی لەجیاتی خاوبوونەوە، کارەکانی ئێران لە پڕۆگرامەکەیدا خێراتربوون و تەنیا رێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵەکانی ئێرانی خاوکردەوە.

فارووق دەڵێ "لە سایەی گۆڕانکارییەکانی ئێستادا، پێموانییە تیرۆرکردنەکە کاریگەریی گەورە دروست بکات، بەڵام ئاماژەیەکە لەلایەنی ئەنجامدەرەوە بەوەی، کە هێز لەدژی ئەندامانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەکاردەهێنێت".

فەخریزادە و ژیان لە کۆڵانە تاریکەکاندا

موحسین فەخریزادە، زانیاریی زۆر لەسەر ژیان و رووداوەکانی پەیوەست بە ژیانییەوە لەبەردەستدا نییە، رۆژنامەی 'جیرۆزالیم پۆست'ی ئیسرائیلی دەڵێ، ئەو زۆر کەم دەردەکەوت، لە تاریکیدا دەژیا و هەمیشە پاسەوانییەکی تووندی لەچواردەور بوو، هەرگیز پشکنەرانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، چاویان بەو نەکەوتووە لە نزیکەوە.

هەواڵگرییە ئەوروپییەکان کۆکن لەسەرئەوەی، ئەو زانایە مێشکی داهێنەری پشت پڕۆگرامە نهێنییە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.

ئەنجوومەنی بەرهەڵستکاری نیشتمانیی ئێران، ئاشکرایکردووە فەخریزادە لەدایکبووی ساڵی 1958ی شاری قومی ئێرانە، بریکاری وەزیر و عەمید بووە لە سوپای پاسداران، دکتۆرای لە ئەندازەی ئەتۆمیدا بەدەستهێناوە و لە زانکۆی ئیمام حوسێنی ئێران وانەبێژ بووە.

سەرچاوەیەکی ئێرانی لە ساڵی 2014دا بە ئاژانسی 'رۆیتەرز'ی راگەیاندووە، فەخریزادە "سەروەتێکی نیشتمانی و پسپۆڕێکە" ژیانی خۆی بۆ پێشخستنی تەکنەلۆژیای ئێرانی تەرخانکردووە، لەلایەن ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری گشتی ئێرانەوە، پشتگیری رەهای لێدەکرێت.

سێ پاسپۆرت

سەرچاوەکان فەخریزادە بە رێکخەر و پەیداکەری کەرەستە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و کۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناودەبەن. ئەو پێدەچێ رۆڵی گەورەی هەبووبێت لە پەیداکردنی ئەو کەرەستە و کاڵایانەی ئێران لە هەنگاوە ئەتۆمییەکانیدا پێویستی پێی بووە و بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، بەئاسانی چنگی نەکەوتوون.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت، فەخریزادە هەڵگری سێ پاسپۆرتە و هەموو کات بەکاریهێناون بۆ بەدەستهێنانی 'نوێترین زانیارییەکان' لە دەرەوەی وڵات، هەندێک سەرچاوە پێیانوایە فەخریزادە پیاوی پشتی پەردەی بەدەستهێنانی کاڵا و ئەزموون و کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران بووە، لە بازاڕی رەشی نێودەوڵەتیدا.

بەپێی رۆژنامەی 'جیرۆزالیم پۆست'ی ئیسرائیلی، موحسین فەخریزادە تاکە زانای بەشداربووی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بووە کە ساڵی 2015، 'ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم' داوای پرساندنی کردووە، بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی راستەقینەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گەیشتن بەو راستییەی، ئاخۆ تاران دەیەوێ بۆمبی ئەتۆمی گەشەپێبدات یان نا؟

فەخریزادە لە بەڵگەنامەکانی ئیسرائیلدا

دەستەی چاودێری ئەتۆمی، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دووپاتیدەکەنەوە، فەخریزادە سەرپەرشتیاری پڕۆگرامی هاوئاهەنگی پڕۆگرامی 'ئامید' بووە. لە کاتێکدا ئیسرائیل لە میانی خستنەڕووی هەندێک بەڵگەنامەدا، لەبارەی هەوڵە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە، ئاشکرایکرد پڕۆگرامی 'ئاماد' یان 'ئامید' پڕۆگرامێکی نهێنی ئێرانە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام تاران ئەو بەڵگەنامە رووخراوانەی ئیسرائیل بە ساختە ناودەبات.

نەتانیاهو لە میانی خستنەڕووی بەڵگەکاندا لەسەر پڕۆگرامەکەی ئێران، فەخریزادەی بە "کەسایەتییەکی سەرکردەی بەنهێنی" کارکردوو بۆ چەکی ئەتۆمی ئێران ناوبردووە.

باوکی مووشەکە بالیستییەکان

راپۆرتێکی نێودەوڵەتی، دەرچوو لە 'ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم' لە ساڵی 2011، دەڵێت فەخریزادە کەسایەتیی سەنتەرە لە کارە گومانلێکراوەکانی ئێران، بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا و لێهاتوویی پێویست، بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، ئاماژە بەوەدەدات کە ئەو لەو بوارەدا لێبڕاوانە کاردەکات.

سەرچاوەیەکی ئێرانی، فەخریزادەی بە "باوکی مووشەکە بالیستییەکان"ی ئێران ناوبردووە، لە کاتێکدا راپۆرتێکی ساڵی 2007ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ فەخریزادە کەسێکی تێوەگلاوە لە چالاکییە ئەتۆمی و بالیستییەکانی ئێران.


ئەو رۆژەی نەتانیاهو گوتی "ئەم ناوەتان لەبیر بێت"

ئێرانییەکان دەمێک بوو ترسیان لەسەر ژیانی فەخریزادە هەبوو، چونکە ئەو جیا لەوەی نهێنی گەورەی وڵاتەکەی لەبەردەستدا بوو، پێشەنگی ئەو هەوڵە بەردەوامەش بوو کە ئێران لەپێناو چەکی ئەتۆمیدا ساڵانێکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات. ئەوەندەی ئێرانییەکان بەتەنگ سەلامەتیی فەخریزادەوە بوون، ئەوەندەش دونیا بەشوێن دۆزینەوەی کردە نهێنییەکانی ئەوەوە بوو. بەتایبەت کە ئیسرائیل لە دۆخی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران زۆر سەخڵەتە و بەهەڕەشەی گەورە بۆ سەر خۆی دەزانێت.

ساڵی 2018 بنیامین نەتانیاهو، سەرکوەزیرانی ئیسرائیل لە دیبەیتێکی تایبەتدا، دەیان بەڵگەنامەی بەدەستهاتوو لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی خستەڕوو. ئاشکرایکرد دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی 'مۆساد' ئەو بەڵگەنامانەی لە ئەرشیڤی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە لە رێگەی هاککردن و چوونە ناویەوە بەدەستهێناوە.

ئەوکات نەتانیاهو ناوی فەخریزادەی هێنا و گوتی، ئەو بەڕێوەبەری پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەمیانی قسەکردنیدا، لەبارەی کۆگایەکی مادە ئەتۆمییەکانەوە لە تاران، کە بەکاردەهێنرێت بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمییە سەربازییەکەی ئێران، ناوی فەخریزادەی هێنا و گوتی "ئەم ناوەتان باش لەبیر بێت، فەخریزادە".

لەوانەیە ئەو لێدوانەی ئەوکاتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆکاربێت بۆئەوەی تاران بەبێ دوودڵی و هەرزوو کردەی کوشتنەکە بداتە پاڵ ئیسرائیل. چونکە ئیسرائیل دوای ئەو لێدوانانەی نەتانیاهو، چەند جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە فەخریزادە، بەنهێنی لە کارکردن لە پڕۆگرامە ئەتۆمییە سەربازییەکەی ئێران بەردەوامە.


دیارترین زانا ئەتۆمییە کوژراوەکانی ئێران

کوژرانی فەخریزادە، جارێکی دیکە ئەو رووداوانەی پەیوەست بە کوشتنی زانا ئەتۆمی و شارەزاکانی پڕۆگرامسازی ئەتۆمیی ئێرانی هێنایەوە بیر، کە لە شەپۆلێکی بەرچاودا لەنێوان 2010 تاوەکو 2012 لە کردەی جیاواز و لە ناوچەی جیاوازی تارانی پایتەختی ئێراندا کوژران.

سەرەتای پڕۆسەکانی کوشتنی شارەزا ئێرانییەکانی بواری ئەتۆم، لە 12ی کانوونی دووەمی 2010 روویدا، کاتێک مەسعود عەلی محەممەدی، بەهۆی تەقاندنەوەی بۆمبێک لە دوورەوە لە تاران کوژرا. هەندێک سەرچاوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ئەویان بە لایەنگری میر حوسێن مووسەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران ناوبرد، کە لە ئەنجامی ناکۆکی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009دا، سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لێسەندرایەوە و بە مەحموود ئەحمەدی نەژاد درایەوە، بۆ جاری دووەم.

بەرپرسانی ئێران، ئەو مامۆستایەی فیزیایان بە زانای ئەتۆمی ناوبردبوو، بەڵام گوتەبێژێکی حکومەتی تاران گوتی، ئەو هەرگیز بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران کاری نەکردووە، تەنیا وانەبێژ بووە لە زانکۆی تاران.

سەرچاوە رۆژئاواییەکان گوتوویانە، محەممەدی بە هاوئاهەنگی فەخریزادە و فەرەیدوون عەباسی لە پڕۆگرامەکەدا کاریکردووە، ئەو دوو کەسایەتییە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی چالاکییە گوماناوییەکانیان لەپێناو گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمیی ئێران.

مامۆستایەکی رۆژئاوایی شارەزای فیزیا گوتوویەتی، لیستی توێژینەوە بڵاوکراوەکانی محەممەدی لەسەر ماڵپەری زانکۆی تاران، ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەو پسپۆری بواری فیزیای تەنۆچکەکان بووە نەک وزەی ئەتۆمی.

مەجید شەهریاری

شەهریاری لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراودا لە تاران لە 20ی تشرینی دووەمی 2010 گیانی لەدەستدا، لەهەمان رووداودا هاوژینەکەی برینداربوو، بەرپرسانی ئێران گوتیان هێرشەکە بە سپۆنسەریی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامدراوە، دژی پڕۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئێران لە زاری عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێرانی گواستەوە، شەهریاری رۆڵی هەبوو لە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەدا، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەیەوە ئاشکرا بکات. شەهریای هەروەها وانەبێژ بوو لە زانکۆی بەهەشتی.

فەرەیدوون عەباسی دووانی

عەباسی دووانی و هاوژینەکەی لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیاندا برینداربوون، لە هەمان ئەو رۆژەدا کە شەهریای تێدا کوژرا.

پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان، دووانی سزادابوو. ئەو سەرۆکی بەشی فیزیای زانکۆی ئیمام حوسێن بوو، کە سەر بە سوپای پاسدارانە. بەرپرسانی رۆژئاوایی گوتوویانە، ئەو یەکێک بووە لە بەشداربووانی توێژینەوەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی.

حەیدەر موسلیحی، وەزیری هەواڵگریی ئێران، ئەوکات گوتی "ئەم کارە دەزگای هەواڵگریی وەک سی ئای ئەی، مۆساد و ئێم ئای 6 ئەنجامیان داوە، هەندێک کەسمان دەستگیرکردوون، کە بەنیازی کاری دیکەی تیرۆریستی بوون، بەڵام شکستیان پێهێنراوە، ئەوان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو دەزگا هەواڵگرییانە مەشقیان داون".

عەباسی دووانی لە شوباتی 2011دا، بووە جێگری سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی ئێران ئاشکرایکرد، دووانی لە ئابی 2013دا ئەو پۆستەی لێ سەندراوەتەوە.


داریوش رەزایی

لە رۆژئاوای تاران، رۆژی 23ی تەممووزی 2011، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە، داریووش رەزایی درایە بەر دەستڕێژی گولە. ئەو تەمەنی 35 ساڵ بوو، وانەبێژی زانکۆ بوو، دکتۆرای لە فیزیادا بەدەستێهنابوو. ئەوکات یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی، ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە نەبووە، ئەمە پاش ئەوەی هەندێک سەرچاوە گوتیان ئەو لە پڕۆگرامەکەدا کاری کردووە.


مستەفا ئەحمەدی رۆشەن

مستەفا ئەحمەدی رۆشەن، ئەندازیاری کیمیاوی بوو، لە تەمەنی 32 ساڵیدا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە، لەلایەن مۆتۆڕسوارێکەوە لە کانوونی دووەمی 2012دا لە تاران کوژرا. لە تەقینەوەکەدا کەسێکی دیکە گیانی لەدەست دا، پاش ئەوەی بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانە، رێبوارێکیش پێوەبوو.

ئێران گوتی، کوژراوەکە زانای ئەتۆمی بووە، سەرپەرشتیاری بەشی پیتاندنی یۆرانیۆمی دامەزراوەی نەتەنز بووە. تاران بەرپرسیارێتی کردەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ترەمپ و کۆشکی سپی و نیویۆرک تایمز

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ئەنجامدانی کردەی کوشتنەکەی ناو تارانی داوەتە پاڵ ئیسرائیل. رۆژنامەکە لە زاری سێ سەرچاوەی ناونەهێنراوی هەواڵگرییەوە دەڵێ "ئیسرائیل لە پشت کوشتنی زادەوەیە".

رۆژنامەکە دەڵێ سەرچاوە هەواڵگرییە ئەمریکییەکان دووپاتیان کردووەتەوە، ئیسرائیل لە پشتی کوشتنەکەوەیە. لە کاتێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کۆشکی سپی ئامادەنەبووە لێدوان لەبارەی کوشتنەکەوە بدات، پێنتاگۆنیش هیچ کۆمێنتێکی نەداوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تویتێکی رۆژنامەڤانیی ئیسرائیلی لەبارەی کوشتنەکەوە ریتویتکردەوە، کە تێیدا هاتووە "سەرۆکی رێکخراوی توێژینەوە و گەشەپێدانی وەزارەتی بەرگری ئێران، موحسین فەخریزادە، کوژرا".

میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن، لێکدانەوە بۆ ریتویتکردنەوەی تویتە ئیسرائیلییەکە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، "وا لێکدەدرێتەوە کە کردەی کوشتنەکە، پڕۆسەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلە".

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©