بەیار عومەر عەبدوڵا

http://www.knanews.net/wtar/292


لە ساڵی (١٩٩٦هەتا ٢٠٠٦) دێگەڵە خەتی جیاکەرەوە بوو؛ سنوری سەوز بریتی بوو لە (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) + کۆیە و سنوری خۆشناوەتی، (٤٨٪)ی دانیشتوانی هەرێمیان پێکدەهێنا. سنوری زەردیش (٥٢٪)ی دانیشتوانی هەرێمی پێکدەهێنا.

  لەسەر ئەو بنەمایەش بودجە و موچە و دامەزراندن دابەش کرابوو.


لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە کە هەردوو ئیدارەکە یەکیان گرتەوە، کۆیە و خۆشناوەتی چونەوە سەر پارێزگای هەولێر. پارێزگای سلێمانی بوو بە (٤٣٪) و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بون بە (٥٧٪).


لە ٢٠٢٠ دا، دەستەی ئاماری هەرێم ڕایگەیاندوە:


گوایە لە ساڵی (٢٠١٠ ەوە بەدواوە هەتا ٢٠٢٠) ڕێژەی دانیشتوانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە (٤٣٪)ەوە بۆتە (٣٦٪)ی دانیشتوانی هەرێم.
واتە ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (٧٪) کەمیکردوە.


لە بەرامبەردا ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر لە (٣٣٪) ەوە بۆتە (٣٧٪). واتە (٤٪) زیادیکردوە.

ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک لە (٢٤٪) ەوە بۆتە (٢٧٪). واتە (٣٪) زیادیکردوە.

بەپێی ئەم ئامارە تازەیەی دەستەی ئامار کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە و وەزیرەکەی پێشوی پارتی بوە و ئەوەی ئێستای یەکێتیە، ٧٪ یان لە سلێمانی سەندۆتەوە و (٤٪) یان لێداوە بە هەولێر و (٣٪) یان لێداوە بە دهۆک.

ئەم دەڤەرە ٤٣٪ ەوە کراوە بە ٣٦٪. واتە ٧٪ کەمکراوەتەوە. واتە ملیۆنەها دۆلار لە بودجەی گشتی و بودجەی پڕۆژەکان و تەنانەت هەزارەها هەلی کار و دامەزراندن لە موستەحەقاتی پارێزگای سلێمانی دەچێت بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە هەولێر و دهۆک خۆپیشاندان ڕونادات.

پارەی ئێمە دەچێت بۆ ئەوان. کەواتە ئەوان بۆ خۆپیشاندان بکەن؟!

کەمینەیەک دەمێنێتەوە لە هەولێر و دهۆک کە بارودۆخیان خراپە، ئەوانیش لە ترسی پارتی ناوێرن جوڵە بکەن.
پارتی ئەم فێڵەی چۆن کردوە؟!
مەخمور، ژمارەی دانیشتوانی سەرو ٢٠٠ هەزار کەسە، لە ڕوی ئیداری و بودجەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و هیچ پارەیەکی لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ ناچێت، خراوەتە سەر پارێزگای هەولێر.

ئەمە کراوە تەنها بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەولێر بە گوێرەی سلێمانی زیادبکەن؛ ڕێژەی (٤٪) لە پارە و بودجە و داهات و دامەزراندنی سلێمانی بچێت بۆ هەولێر، لە کاتێکدا هیچی بۆ مەخمور ناچێت.

شێخان و فایدە، ژمارەی دانیشتوانیان سەرو ١٥٠ هەزار کەسە، لە ڕوی ئیداری و بودجەوە سەر بە پارێزگای نەینەوان، بەڵام دیسان دەستەی ئامار لەسەر پارێزگای دهۆک حسابی کردون.

ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانی دهۆک زیادبکات بەگوێرەی سلێمانی. واتە ڕێژەی (٣٪) لە پارە و بودجە و داهات و دامەرزاندنی سلێمانی بچێت بۆ دهۆک.

هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاوارەی سوریان لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێکردوە و ڕەگەزنامەی عێراقی و کارتی دەنگدانیان بۆ دەرکردون بۆ زیادکردنی ڕێژەی دەنگەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

پارێزگای سلێمانی نزیکەی (٢ ملیۆن و ٤٦٥ هەزار) کەسی تێدا دەژی. ١١٥ هەزاری دەچێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە. هێشتا (٢ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار)ی دەمێنێتەوە. کەچی لێرەشدا دیسان فێڵ لە پارێزگای سلێمانی کراوە و کردویانە بە (٢ ملیۆن و ١٥٠ هەزار). واتە ٢٠٠ هەزار کەسیان لە سلێمانی کەمکردۆتەوە.


لەم ڕێیەشەوە پارێزگای سلێمانیان لە گەورەترین پارێزگای هەرێمەوە کردوە بە دووهەم و هەولێریان کردوە بە یەکەم.

پارتی لە ڕوی ئامار و ژمارەی دانیشتوانەوە، یاریەکی قێزەون دەکات و یەکێتی و گۆڕانیش نوستون.

لەجیاتی هەردوو تیمی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و پەرلەماندا کۆببنەوە و ڕێکبکەون بۆئەوەی ڕێگە بەم فێل و تەڵەکە ئاماریانە نەدەن، هەموو کارێکیان بووە بە کۆمەڵێک جوڵەی سواو و بێتامی پۆپۆلیستی لە ناو پەرلەماندا و موزایەدەکردن بەسەر یەکدا و دابەشکردنی ڕۆڵ؛ کە تیایدا بەشێکیان لە حکومەتدان و ڕۆڵی دەسەڵات دەبینن و پارە بۆ حزب و بنەماڵە پەیدادەکەن، و بەشەکەی تریشیان لە پەرلەمان نزیک هەڵبژاردن ڕۆڵی معارەزە و بەرەی گەل دەبینن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ.

بۆ زیاد لە ١٠ ساڵ دەچێت لە جیاتی خزمەت و پرۆژەی ستراتیژی و شەڕکردن لەسەر مافەکانی ئەم دەڤەرەی ئەوانی خستۆتە حکومەت و پەرلەمانەوە، هەموو کارێکی ئەم دوو حزبە بوە بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و تۆمەتبارکردنی یەکتر.

خەلکی ئەم دەڤەرەیان هێندە بێمتمانە و بێئومێد و بێزار کردوە، کار گەیشتوەتە ئەوەی کە بارەگای سەرجەم حزبەکان و تەنانەت فەرمانگەی حکومیش بسوتێندرێت، کەچی ئەوان لە جیاتی گەڕان بەدوای چارەسەردا، بە ئێستاشەوە واز لە موزایەدە و یەکتر تۆمەتبارکردن و قسەی بێکردار و بێسود و بێبەرهەم ناهێنن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©