هاتنی مستەفا كازمی بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمەریكاو چرای سەوزی ئێرانیەكان ئومێدێكی زۆری بەخەڵكی عێراق دا و دڵخۆش بوون بەوەی دەروازەیەكی دیكە لە عێراقیەكان دەكرێتەوە، بەڵام هێندەی نەبرد دۆخەكە بەشێوەیەكی دی كەوتەوەو تا كار گەشتە ئەوەی كار بكرێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە ژمارەیەك لە وەزارەتەكانی عێراق، لە ئێستادا ناوی 5 وەزیر هاتووە كە هەموویان پەیوەندی ڕاستەخۆیان بە ژیان و بژێویی خەڵكەوە هەیە. 

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائرون –ریاز ئەلمەسعودی- ڕایگەیاند جموجوڵێك لە ئارادایە بۆ ئەوەی 5 لەو وەزیرەكانی كابینەكەی كازمی لە كارەكانیان دووربخەنەوە.


بە پێی وتەی  ئەو ئەندام پەرلەمانە دوورخستنەوە یان لابردنی ئەو وەزیرانە پەیوەستە بە هەلبژاردنە پێشوەختەكەی عێراقەوە كە وابڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.


ئەو ئەندامەی پەرلەمان باسی لەوەش كردووە مستەفا كازمی باسی لەوە كردووە كە دانان و دەنگپێدانی ئەو وەزیرانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕێككەوتنی سیاسی و لایەنەكان بووەو لادانیشیان دەبێت بەڕێككەوتن و دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوەش كردووە كە نیەت و بەرنامە جیاوازە لە كردار، پرۆسەی بەكرداركردنی لادانی ئەو پێنج وەزیرەی كابینەكەی كازمی لە بانگهێشتكردن و پرساندنی وەزیرەكان دەبێت و ئەوەش دەكەنە هەنگاوی یەكەم سەندنەوەی متماننەیان دەبێت.

رۆژنامەی -العربي الجديد- ناوی وەزیرەكانی بڵاوكردووتەوە كە بریتین لە عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی، عەلائ جبوریی وەزیری بازرگانی ، منهل عزیز خەباز وەزیری پیشەسازیی، ماجد حەنتوش وەزیری كارەبا، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت.

بە پێی ڕاپۆرتێكی ئەو ڕۆژنامەیە –عەلی عەلاوی- وەزیری دارایی عێراق یەكەم وەزیری حكومەتەكەی عێراقە كە پرساندنی بۆ دەكرێت و دواتر كار بۆ ئەوەدەكەن كە متمانەی لێوەربگرنەوە لەبەر ئەوەی دۆخی عێراق لەسەردەمی وەزارەتەكەی ئەودا كێشەی گەورەی بۆ دروست بووەو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا پێشینەی نەبوو  حكومەت نەتوانێت مووچە بدات و ناچار ببێت قەرزی بۆبكات.

دەستەی دەستپاكی عێراق رۆژی 3شەممە 15 كانوونی یەكەمی رابوردوو دوای پێداچوونەوەی بە دۆسیەكەی عەلاویدا كردووە بۆیە دەركەوتووە كە ناوبراو لە سیڤییەكەیدا هەڵەی گەوەری تێدایەو پێویستی بە ڕوونكردنەوە هەیە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە ئابووری وڵاتی بەرەو خراپتر بردووە، بەڵام دواكەوتنی لێپێچینەوەو پرساندنەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پشووەكانی سەری ساڵی نوێ بەڕێوەیە.

كێشەی ئابووری عێراق خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر تاك تاك بەتاكی عیراقیەكان داناوە، ڕێژەی هەژاریی بەرزبووەتەوەو، گەندەڵی دارایی و سپیكردنەوەی پارەو جێبەجێنەكردنی پرۆژەو گەندەڵی لەفەرمانگەكان و زۆربوونی ژمارەی بێكاریی نیشانە بەهێزەكانی خراپی ئابورییەكەی عێراقە، لە كاتێكدا كە عێراق خاوەنی ژێرخانێكی گەورەی نەوت و گازەو لە هەمان كاتیشدا چەندین دەشتی بەپیتی هەیە بۆ كشتوكاڵ و باخداریی و ژینگەو كەش و هەوای لەباری هەیە بۆ ئەوەی سەرچاوەی دیكەی داهات بدۆزرێتەوە.

هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان ئاشکرایکردوە بەکۆدەنگی کوتلە سیاسییەکان ڕێککەوتنێکی پەڕلەمانی هەیە بۆئەوەی وەزیری دارایی لەپۆستەکەی دوربخەنەوە، بەتایبەت کە لە 90%ى پەڕلەمانتاران گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە سیاسەتی دارایی حکومەتی مستەفا کازمی شکستیهێناوە.

لەوبارەیەوە هەیبەت حەلبوسی ئەندامی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان ڕایگەیاندوە، حکومەتی کازمی‌و بەتایبەتیش عەلی عەلاوی وەزیری دارایی شکستی تەواوەتیان هێناوە لەچارەسەرکردنی قەیرانی دارایی‌و لەو ڕوەشەوە کوتلە سیاسییەکان هەست بەتوڕەیی دەکەن بەرامبەری.

بەوته‌ى ئەو پەڕلەمانتارە، ڕێککەوتن لەنێوان کوتلە سیاسییەکاندا هەیە بۆئەوەی عه‌لى عەلاوی لەپەڕلەمانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت‌و پۆستەکەی لێوەربگیرێتەوە، بەتایبەت کە لە 90%ى پەڕلەمانتاران گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی حکومەت‌و وەزیری دارایی لەئیدارەدانی قەیرای دارایی شکستیانهێناوە.

ئەو چوار وەزیرەی دیكە بۆ ئەوەیە كە پێكەوە نەیانتوانیوە دۆخی عێراق بەرەو پێشەوە ببەن، بەو پێیەی وەزارەتی بازرگانی نەیتوانیوە كەرتی بازرگانی ببوژێنێتەوەو ئەوەندەی هاوردەی شمەكی جۆراوجۆری لە دەرەوەی عێراق پەرەپێداوە نەیتوانیوە هەناردە بكات و بەوەش عێراق بووەتە ولاتێكی بەكاربەر، وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە دەروویەكی دیكە بدۆزێتەوەو نەهێڵێت عێراق بەو دۆخەی ئێستا بگەیەنێت.

هەرچی وەزیری  پیشەسازییی هەمان كێشەی هەیەو نەیتوانیوە كەرتی پیشەسازیی لە عیراق ببوژێنێەوە وژمارەی كارگە پەككەوتووەكانی بواری پیشەسازییەكانی عێراق رۆژانە ژمارەیان بەرەو هەڵكشان دەروات،بە پێی ئامارەكان لە كۆی 227 كارگەی گەورە 140 یان 100% لە كار وەستاون. ژمارەیەكی ئێجگار زۆر پرۆژە وەستاون و مایەپووچی خۆیان ڕاگەیاندووە.

 بەشێكی زۆری كارەبای عێراق لە ئێران و عەرەبستانی سعودییەوە دابین دەكرێت و بەوەش بەشێكی زۆری داهاتی عێراق دەچێتە دەرەوە، لە هەمان كاتیشدا 7 ساڵ پێش لە ئێستا شەهرستانی لە 2013 ەوە بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە لەكۆتایی ئەو ساڵەدا كارەبای عێراق كێشەی نامێنێت، بەڵام لە 2020 دا ئەو كێشانە چارەسەر نەبووە. هەربۆیە وەزیری كارەبا نەیتوانیوە پلانەكانی جێبەجێ بكات وتائێستاش كڕینی كارەبا بەردەوامە. ئەوە لە كاتێكدا تا ئێستاش مۆلیدە ئەهلییەكانی نێو گەڕەكەكان لە حكومەت زۆرتر كارەبا دەدەن و پلانەكانیشیان لە وەزارەتی دارایی بەهێزترە، هەرچەندە لەوبوارەشدا گەندەڵی زۆر هەیەو بەشێك لە چاودێران پێیان وایە مۆلیدەكانیش بەرپرسانی گەندەڵی لە پشتەوەیەو خاوەندارێتی زۆرینەیان بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە.

كەرتی نەوتیش لە عێراقدا بووەتە كێشەیەكی گەورە و لەبریی ئەوەی ببێتە مایەی خۆشبەختی بۆ خەڵكانی عێراق بووەتە كێشەی گەورە بەو پیییەی زیاتر لە 95%ی داهات و بوودجەی عێراق لە داهاتی نەوت دابین دەكرێت، سەرەڕای هاتنی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت بەڵام كارەكە گەشتووەتە ئەوەی عێراق ناچار ببێت بۆ پێدانی پارەی مووچە قەرزبكات و ئەوەش لە مێژووی عێراقدا پێشینەی نەبووە.

گەندەڵییەكانی بواری كاركردنی ئەو پێنج وەزارەتە بووەتە هۆی ئەوەی كە دۆخی كابینەكەی كازمی و حكومەتەكەی بكەوێتە بەردەم مەترسی لەبەریەك هەڵوەشان و سەندنەوەی متمانە لەو وەزیرانە، بەوەش مستەفا كازمی و كابینەكەی جگە لە كێشەی متمانە دەبێتە گرفتێكی گشتی بۆ خەڵك.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©