ئەم دیدارە بۆ ماڵپەڕی (پۆڵەتیک پرێس) سازدراوەو هەر لەوێش بۆ یەكەم جار بڵاوبۆتەوە.

دیدارساز: دیار لەتیف
شاخەوان سدیق، ساڵی ۱۹٨۳ لەدایکبووی هەڵەبجەیە و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی شێوەکاری تەواوکردووە. لە (۲۰۰۳) وە دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە (۲۰۰٤) لەکەناڵی ئاسمانی هەرێم “نووسینگەی سلێمانی”وەک ئامادەکار بەرنامەی دیکۆمێنتاری ئەنجامداوە.
لەسەرجەم کەرتگە ڕۆژنامەوانییەکان چالاکی کاری هەبووە و لەوانە(هەواڵسازی ـ ڕێکخەری هەاڵ ـ پلەی سیجیـی بەڕێوەبردنی سایت ـ ئامادەکاری بەرنامە).
پاشان لە ۲۰۱۰ چووتە کەناڵی (knn)، بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەوێ ماوەتەوە. سەرەتاکانی بە کاری ڕێپۆرتاژی مەیدانییەوە قاڵبووە و دواتر وەک (ئامادەکار ـ چەندین کاری ڕێپۆرتاژ و بەرنامەی دیکۆمێنتاری لە بواری هونەری ـ ئەدەبی ـ شوێنەوار ـ پیشییەکان ـ بەروبوومەکان)، لەتەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێناوە. لە ۲۰۱۳ وەک کارمەندی نموونەیی لە کەناڵی knn دەستنیشانکراوە.


هەروەها بووەتە پێشکەشکاری بەرنامەی (پرسی گەنج)، کە بەرنامەیەکی مەیدانی بووە و تایبەت لەسەر پرسی کێشە و گرفتەکانی گەنجان. وەک ڕۆژنامەنووسیی ئەدەبی خاوەنی چەندین وتار و دیداری وێژەییە لەگەڵ چیرۆکنووسان و شاعیران و ڕۆماننووساندا و لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕە ئەدەبییەکاندا بڵاوکراوەتەوە. سەرنووسەری گۆڤاری ئەدەبیی وەرزانەی بارانە و پێشتریش سەرپەرشتیاری پاشکۆی پەڕاوی هەفتانە بووە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی.
بەرهەمە چاپکراوەکانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەمانەن:
۱ـ خەمە تەماوییەکانی دوای مەست بوون ـ شیعر ـ ۲۰۰۲.
۲ـ ئێوارەیەک بەرلەوەی بمرم ـ شیعر ـ ۲۰۰٤.
۳ـ لەوێ بووم لە ماڵی دڵێکی تەنها ـ شیعرـ ۲۰۰٦.
٤ـ چێژی خوێندنەوە ـ تەوەری ئەدەبیـی ـ ۲۰۱۹.
٥ـ چێژی نووسین ـ تەوەری ئەدەبی ـ ۲۰۱۹.
٦ـ چێژی گێڕانەوە ـ تەوەری ئەدەبی ـ ۲۰۲۰.
۷ـ شیعر و ئازادی ـ دیداری ئەدەبی لەگەڵ ڕێبوار سوهەیلی ـ ۲۰۲۰.
٨ـ ڕۆمان و دونیابینی ـ دیداری ئەدەبی ـ ۲۰۲۰.
۹ـ تێگەشتن لە ڕۆمان ـ دیداری ئەدەبی ـ۲۰۲۰.
لەم دیدارەی پۆڵەتیک پرێس-دا شاخەوان سدیق وەڵامی چەند پرسێک لەبارەی ڕۆژنامەنووسی وێژەیی و دیداری ڕۆژنامەنووسی وێژەیی دەداتەوە.

پۆڵەتیک پرێس: ڕۆژنامەنووسی خراپ ئەو بۆمبە غازییەیە وادەکات بەرچاوبینی نووسەر لێڵ بکات و مەوداکانی لێ تەسک بکاتەوە. چەندە ڕەخنەگر گرنگ بێت، هێندەش بوونی ڕۆژنامەنووس پێویستە. ڕۆژنامەنووسی کارامە بوونیادنەرەوە و بوژێنەرەوەیە، پایە و پێگەی لێکۆڵەرەوەی هەیە. ئەوەی کەمتازۆر لە دیداری ڕۆژنامەوانی وێژەییدا بزرە، ڕەخنەسازییە. زۆر پێویستە دیدارساز ڕۆڵی ڕەخنەدۆزیی بنەمادار ببینێت، وەک لەوەی تەنیا ئامانجی پرسیار وەشاندن بێت. پرسیار ئاراستەکردن بەپێی حەز نەبێت، بەڵکو لە قووڵایی بابەتەکەوە سەری هەڵدابێت و هزراندن و شیکاریی لە کارە سەرەکییەکانی بێت. گەر پێچەوانەی ئەمە ڕووبدات، بە زۆر باردا دیدارێکی تاقیکردنەوەیی و ڕووکەش دەردەچێت، نەک هەڵوەشاندنەوەگەریی و ڕاڤەکاریی. دیداری ڕۆژنامەوانیی چ میدیایی بە بیستراو و بینراوەوە چ بە نووسراو، هەڵهێنجانەوەی نووسەرە و سەرلەنوێ داڕێژەرەوەیەتی و لەگەڵ ئاشکراکردنی خاڵە شاراوەکان. ئایا ئەو کارنامە بە دیاردەبووە نەرێنییە، بۆچی لە کاری ڕۆژنامەوانیی میدیایی و ڕۆژنامەییدا بەڕادەیەکی هێجگار زۆر خۆی سەپاندووە؟! لە ناکلتووریی خوێندنەوەیە لەناو چینی ڕۆژنامەواناندا. ئایا بۆچوونتان چییە لەسەر درێژبێژی نووسەرانێک لە دیداری ڕۆژنامەوانیدا؟ بەهەمانشێوە چی دەڵێن لەسەر نووسەرانێک، کە پوختەبێژ و چرکانەنووسن؟ ئایا پایەی مانشێت و سەردێڕی ڕۆژنامەی وێژەیی تا چەندێک گرنگە؟ بۆچی ئەم ڕەگەزە پێویست و بایەخدارە ناقۆڵاکراوە، بەتایبەت لەبوارە هونەرییەکان و ئابووری و ڕامیاریدا؟ ئایا ڕۆژنامەنووس هەردەبێت لە دەزگایەک کاربکات، تاوەکو بە ڕۆژنامەنووس ناوەندبکرێت؟ وەک دەبینرێت کەسانێک هەن لە دەرەوەی دەزگایەک دەکارن و جوانکار و سەلیقەکارن، ئاخۆ دەشێت بە ڕۆژنامەنووس ناوبهێنرێن؟ ئایا چڕپرسی و پوختنووسی و ڕەوانبێژی و زمانپاراوی و داڕشتن و پێدانی وزەی واتا بە پرسیارەکە و تەنانەت ڕێنووس و خاڵبەندی و هەروەها پرسیاری بیرسازییانە، چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی بۆ ڕۆژنامەگەری وێژەیی لەبواری ڕۆژنامەییدا هەیە؟ ئایا پێشەکی دیدار، کە دەکاتە ناساندنی نووسەری دیدار لەگەڵ کراو، لەهەمانکاتدا جیاوکدانێکە بۆ دوێنەر و نووسەر، چەندێک هاوکارە بۆ خوێندنەوە، یاخود بیستن و بینینی دیدارەکە؟ بەشێوەیەکیتریش دەپرسمەوە، ئاخۆ گرنگی پێشەکی دیدار لە چیدایە؟ دیدارساز پێوێستە چی کارێک بکات، تاوەکو پێشەکییەکی دانسقە ئامادەبکات؟ ئایا دەکرێت دیدارساز کاری پێشەکی سازکردن بخاتە ئەستۆی نووسەری دیدارکراوەوە؟ ڕۆشنبیریی و کۆزانین یەکێک دەبێت لە پایە گرنگ و پێویستەکانی ڕۆژنامەنووس، ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەند، ئەوەی لە کایەیەکی دیاریکراو کاردەکات و مژووڵە، ڕۆژنامەنووسی ئەدەبی بە نموونە، ئایا ناوەندی ڕۆژنامەگەریی کوردیی ئەم خاسییەتەی لە خۆدا تۆخ کردووەتەوە؟ ئایا پرسیارساز تاچەند دەبێت خوڵقێنەربێت؟

 
شاخەوان سدیق: لە ڕاستیدا ئەم پرسیارە تەنها پرسیارێك نیە، وەڵامدانەوەی هەڵگری یەك واتا و یەك مەبەستی دیاریكراوبێت. بەڵكو چەندین پرسیارە لەناو یەك پرسیاردا، كە هەڵگريی دەیان وەڵامە لە هەناوی خۆیدا، هەریەكێك لەو وەڵامانە، ناچارماندەكەن پەل بۆ قسەكردن دەربارەی چەندین تەوەر و بابەتی تر بهاوین، بەهەرحاڵ؛ من هەوڵ دەدەم، بەش بەش و بەپێی توانا وەڵامی هەندێك لەوانە بدەمەوە.
خۆی پێش ئەوەی ئێمە گفتوگۆ لەسەر ڕۆژنامەنووسی خراپ بكەین، دەبێت پرسی ڕۆژنامەنووس خۆی قسەی لێبكەین و بە پرسیارە سادەكە دەست پێبكەین، كە ئایا ڕۆژنامەنووس خۆی كێیە و بەكێ دەگوترێت ڕۆژنامەنووس؟ ئایا ڕۆژنامەنووس كەسێكە دەبێت لە زانكۆ و پەیمانگا و ئەكادیمیاكاندا دەرچووبێت و پەیڕەوی لە بنەماكانی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەنووس بكات؟ یان نەخێر، شارەزایی و ئەزموون وادەكەن ڕۆژنامەنووس بەواتا تەواوەكەی درووست بێت؟ لە ڕاستیدا و بەبڕوای من، وەك هەموو پیشە و بوارەكانیتر، كاری ڕۆژنامەنووسیی حەز و خولیایە و مرۆ، پێش هەمووشتێك دەبێت، جۆرێك لە حەز و خولیا و عیشقی تێدابێت بۆ كارەكەی، پێش ئەوەی ئەكادیمیانە لە زانكۆ یان پەیمانگەیەكدا بۆی بخوێنێت، چونكە من هەرگیز پێم وانییە هیچ ناوەندێكی ئەكادیمی بتوانێت نووسەر، یان هونەرمەند، یان ڕۆژنامەنووس، یان تەنانەت ئەندازیار و پزیشك و مامۆستایەكی باش درووست بكات؛ ئەگەر ئەو كەسە خۆی جۆرێك لە عەشقی بۆ كارەكەی نەبێت.
ئەگەر چاوێكی خێراش بە ڕێژەی ئەو هەموو دەرچووانەدا لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ئێمەدا بگێڕین، كە ساڵانە بڕوانامە بە دەست دێنن و زۆربەی زۆریان لە بوارەكەی خۆیان لە دوایدا كارناكەن، ڕاستێتیی ئەو قسەیەمان بۆ دەردەكەوێت، هەربۆیە بەبڕوای من كاری ڕۆژنامەنووسی، پێش هەمووشتێك حەز و عیشق و خولیایە. جا گەر ئەمەت تێدانەبوو، بێگومان كەسێكی سەركەوتوونابیت. هەر لێرەشەوە وەڵامی پرسیارەكەی بەڕێزتان دەست پێدەكات و دێتەپێشەوە و تایپێك لە ڕۆژنامەنووس سەرهەڵدەدات، كە دەتوانرێت بە ڕۆژنامەنووسی خراپ ناوزەندیان بكەین، كە باشی و خراپی لەكاریشدا بەستراوەتەوە بە شارەزایی و لێهاتووی لەكاردا، كە ئەمەشت تیانەبوو، دەبیتە فەرمانبەر؛ نەك عاشقی كارەكە. مەبەستم لە (فەرمانبەر) كاركردنە لە ئیشەكەدا وەك موچەخۆر، بۆ بژێوی و پێداویستی، نەك خولیا و هیوا. هەربۆیە ئەم جۆرە لە ڕۆژنامەنووس، كاتێك كارێك ئەنجام دەدەن، جا كارەكە، كاری ڕۆژنامەوانی سیاسی، یان كۆمەڵایەتی، یان ئەدەبی بێت، ئەوا باش ئەنجامی نادەن و لەبری سوود، زیان بەو پرسە دەگەیەنن، كە كاری لەسەر دەكەن، بەتایبەت لەكاری ئەدەبیدا، جیاواز لە كارەكانی دی. دەبێت كەسی ڕۆژنامەنووس، بۆخۆی شارەزایی دونیایی ئەدەب و نووسین بێت و خوێنەرێكی بەردەوامی ئەو بوارەبێت، چونكە دونیای ئەدەب دونیای نوخبەكانە و چوونە ناو ئەو دونیایە شارەزایی باشی دەوێت. وەك دەشوترێت” هەموو نووسەرێك ڕۆژنامەنووسە، بەڵام هەموو ڕۆژنامەنووسێك نووسەر نییە” جا بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسی ئەدەبیی چاك بیت، پێویستە خوێنەر و نووسەری چاكبیت، تا ئەوكارەی دەیكەیت، تەنها لە چوارچێوەی كارێكی سەرپێی ڕۆتیندا نەمێنێتەوە. وەك ڕەخنەگرێكی جدیی، دیوی ئەودیوی ژیان و بەرهەمی نووسەران و تێكستەكانیان بخەیتەڕوو، ئەو دیوەی خوێنەری ئاسایی نایبینێت و هەستی پێناكات. گەر وانەكەیت باشترین خزمەت ئەوەیە، كە كارەكە نەكەیت و نەبیتە هۆی بە لاڕێدابردنی ئەدەب و نووسین و دونیای تایبەتی نووسەران.
بێگومانیش كاری دیدارسازی كاریی تێكدان و بنیاتنانە، بەو پێیەی كەسی ڕۆژنامەنووس دەبێت بەو شارەزاییەی كە دەربارەی پرسەكە و نووسەرەكە هەیەتی، هەموو ئەوەی پێشخۆی بڕووخێنێت و لەناوی بدات، لە پێناو بوونیاتنان و هێنانەئارای شتێكی نوێ، ئەگەرنا بۆ كارەكەی دەكات !ئەمەش بەچی دەكرێت؟ جگە لە ووروژاندنی پرسیاری جدیی و گرنگی ورد، كە دووربێت لە دووبارە بوونەوە و پیاهەڵدان، جۆرە پرسیارێك كە ئیزافەیەك بۆ كاری نەوتراوی نووسەرەكە بكات، وەك ڕەخنەگرێكی بە سەلیقە و پشكنەرێك هەموو كون و كەلەبەرەكانی نووسەر بپشكنێت و شت و بابەتی تازەیان لێ هەڵنجێنێت، كە گەر ئەم كارە بەدرووستی ئەنجامبدات، ئەوا دەچێتەخانەی داهێنانەوە و ئەوسا هیچی كەمترنابێت لە بەرهەمهێنانی دەقێكی ناوازەی ئەدەبی .جۆرج پلیمپتن سەرنووسەری گۆڤاری ئەدەبی، (پاریس ڕیڤیۆ)، كە یەكێكە لە باشترین گۆڤارە ئەدەبیەكان لە فەرەنسا و نزیك بە سی ساڵە دەردەچێت، قسەیەكی سەرنج ڕاكێشی هەیە و دەڵێت” باشترین چاوپێكەوتنەكان ئەوانەن، كە خوێنەر دەجوڵێنن” واتە هەر دیدارێك ڕۆژنامەنووسەكەی نەیتوانیبوو شتێكی نوێ‌ و هەست بزوێن لە نووسەرەكە هەڵنجێنێ‌ و وەدەست بخات؛ ئەوە دیدارێكی باش نیە و هەڵەیەك لە كاری ڕۆژنامەنووسەكەیدا هەیە.
لە ڕاستیشدا، گەر بۆ گرووپە جیاواز جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگە، خوێندنەوە و گەڕان بەناو كتێب و سەرچاوە مەعریفیەكاندا كارێكی ئارەزوومەندانەبێت، ئەوا بۆ گروپی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، دەبێت كارێكی ئیجباری و پێویست بێت، چونكە خۆپڕچەكردنی نووسەر، یان ڕۆژنامەنووس، لە خۆدەوڵەمەندكردنیەتی بە بواری ڕۆشنبیریی. قسەیەكی جوانی نادین گۆردیمێر وەرگری خەڵاتی (نۆبڵ)ی ئەدەبیم بیركەوتەوە، كە دەڵێت “باشترین مامۆستا و قوتابخانە بۆ فێربوون، لە كاری نووسین بۆ نووسەران، كتێبخانەكانیانە” ئەم قسەیە چەندە بۆ نووسەران ڕاستە هێندەش بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕاستە؛ چونكە گەر ڕۆژنامەنووس زانیاریی ورد و نوێی نەبێت دەربارەی ئەو كارەی دەیەوێت ئیشی لەسەربكات، وەك شێفێك وایە بە كەرەستەی بەسەرچوو بیەوێت خواردنێكی بەتام و خۆش دروست بكات؛ گەر شێفەكە كەرەستەكانی پاك و تازەبن، خواردنەكەی بەتام خۆش دەبێت و ئەو كەسەی دەیخوات ئارەزووی دەكات، جارێكی تریش بیخواتەوە، بە پێچەوانەوە گەر خواردنەكەی بە كەرەستەیی كۆن و بەسەرچوو دروست بكات، ئەو كەسەی خواردنەكە دەخوات، توشی تەسەمووم دەبێت و هەرگیز لە هیچ شوێنێك خواردنی دەستی ئەو شێفە ناخواتەوە. بەبڕوای من كاری ڕۆژنامەنووسیش ڕێك وایە، تۆ بۆ ئەوەی بابەتێكی باش پێشكەش بە خوێنەران بكەیت، پێویستە هەم بابەتەكەت و هەم زانیاریەكانت ورد و نوێبن، بۆ ئەوەی هەركەس كارەكەت دەخوێنێتەوە حەزی گەڕان بەدوای كارەكانی تریشی بكەوێتەسەر، گەر وا نەكەیت، خوێنەر بێزار دەبێت لەكارە دووبارە و بێ سوودەكانت و هەرگیز هیچ شتێكت ناخوێنێتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین زۆرێك لە نووسەران بە سرووشتی خۆیان حەزیان لە زۆر گوتنە، زۆر گوتن بەو مانایەی كە پڕن و دەیانەوێت لەسەر بابەتەكانیان ڕوونكردنەوەی زۆرتر بدەن، ئەمە حاڵەتێكی سروشتی و ئاساییە، بەڵام ئیشی ڕۆژنامەنووسی بەتوانا لێرەوە دەست پێدەكات، كە زوو زوو نووسەرەكە ڕاگرێت و نەیەڵێت زۆر بڵێی و زیادەڕۆیی لە بابەتەكەدا بكات، لەكوێدا ڕوونكردنەوەكان پێویست نەبوون و خزمەتیان بە بابەتەكە نەكرد، بیوەستێنێت و بە پرسیارێكی نوێ‌ بیهێنێتەوە بۆ ناو بابەتەكە، یان ڕێگە بدات نووسەرەكە بە ئارەزووی خۆی قسەبكات و دواتر لەكاتی داڕشتنەوەی قسەكانیدا ڕۆژنامەنووسەكە بۆ خۆی پاكنووسی قسەكانی نووسەرەكە بكات و زیادە و نا پێویستەكانی لێ لابدات. هەندێك جاریش نووسەرانێك هەن بۆ خۆیان و بە سروشت كەم بێژن، ئەمە كاری ڕۆژنامەنووسەكە ئاسان دەكات و وادەكات دیدارێكی جوان بەرهەم بێت. بەمەرجێك ڕۆژنامەنووسەكە توانای ئەوەی هەبێت پرسیاری كورت و بەهێز و سەرنج ڕاكێش، بخاتە بەردەم كەسی پرسیار لێكراو و تەنها پرسیارەكانی لە پێناو پرسیاردا نەبن، بەڵكو هەوڵبدات جگە لە ناساندنی ژیان و ئەزموونی نووسەرەكە؛ بیرۆكەی جوان و سەرنج ڕاكێشیش بخاتە ڕوو.
بەبڕوای من، وەك چۆن لە كتێبدا ناونیشان كلیلی دەرگای چوونە ژوورەوەیە، ئاواش بۆ دیداری ئەدەبیی، مانشێت گرنگ و بایەخدارە. هەمیشە بەهێزی مانشێتەكان وا دەكەن سەرنجی خوێنەران بۆ خۆیان ڕاكێشن و ناچار بە خوێندنەوەیان بكەن. ڕۆژنامەنووسی ژیر هەمیشە ئەم بابەتە بەهەند وەردەگرێت و وادەكات دیدارەكانیان بە مانشێت و ناونیشانێك دەست پێبكەن؛ كە وروژاندنی تێدابێت، بەجۆرێك كە باس لە شتێكی نوێ‌ و بابەتێكی سەرنج ڕاكێش بكات، ئەمەش لە خۆیدا هاندەرە بۆ خوێندنەوە و گرنگیدانی خوێنەر بە كارەكە. من پێموایە ئەنجامدانی ئەم كارەش هەروا سانا نیە! بەبێ‌ بوونی توانا و شارەزایی ورد، ڕۆژنامەنووس ناتوانێت مانشێت و سەرەتایەكی جوان بۆ دیدارەكەی دەستنیشان بكات. (ماركیز) بۆ ئەمە وتەیەكی جوانی هەیە دەڵێت” گرفتی سەرەكی هەمیشە لە سەرەتاكاندا خۆی دەنوێنێت” لە ڕاستیدا ئێستا ئێمە چۆن كاری ڕۆژنامەنووسیمان تاڕادەیەك لاواز و دوورە لە ڕێڕەوی تەندرووستی خۆی! ئاواش تائێستا ئیشكردنی ورد و باش لەم بوارەدا نەكراوەو زۆرێك لە ڕۆژنامەكانی ئێمە؛ زۆر بایەخیان بە هەڵبژاردنی نەك ناونیشانێكی شیاوی سرنج ڕاكێش نەداوە، بەڵكو گرنگیان بە دەستپێكیش نەداوە، كە بۆ خۆی لە دوای ناونیشان و مانشێتەوە، دەستپێكیش خاڵی بەهێزی هەر نووسینێكی ئەدەبیە و گرێبەستی نێوان نووسەر و ڕۆژنامەنووس و خوێنەرە بۆ خوێندنەوەی بابەتەكە و زانینی ئاستی جدییەتی. بۆیە بەبڕوای من، پێویستە ورد ئیش لەسەر ئەمانە بكرێت و بەباشی گرنگیان پێبدرێت.
بێگومانیش وەك لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا؛ كاری ڕۆژنامەنووسی عیشق و حەز و خولیایە و كاركردن، یان نەكردن، لە هیچ كەناڵ و سەنتەر و ڕێكخراوێكدا ناتوانێت، مرۆ بكاتە ڕۆژنامەنووسێكی باش، گەر خۆی ئەو خولیایەی، بۆ كارەكە و گەڕان بەدوای زانیاریدا نەبێت، ئەمە نەك بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی، بەڵكو بۆ تەواوی كایەكانی تریش ڕاستە، ئەكادیمیەت و بڕوانامە، دەتوانن كۆمەكت بكەن لە زیاتر فرێربووندا بە شێوە دروست و زانستیەكەی. بەڵام ناتوانن كۆمەكت بكەن، لە بەردەوام بوون و ئەنجامدانی كاری باش، ئەوە ڕۆژنامەنووسەكە خۆیەتی دەبێت كاری كنین و پشكنین ئەنجام بدات. خۆ ئەگەر بڕوانامە پێوەر بوایە؛ دەبوو ئێستا ئێمە سەدان ڕۆژنامەنووسی باش و بە سەلیقەمان هەبوایە و دۆخی میدیاكانی ئێمەش وەك ئێستا نەبوونیایە! كە پڕن لە هەڵە و كەموكورتی، چ لە ڕووی بابەتەوە، چ لە ڕووی ناوەرۆك و زمانەوە، كە هەندێكجار مرۆڤ گریانی بۆ ئەو دۆخە خراپەیان دێت.لە ڕاستیدا من زۆرێك لە ڕۆژنامەنووسی باش و ورد و بەسەلیقە شك دەبەم، كە كارمەندی هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن نین و خاوەنی ڕوئیای جوان و كاری باشی ڕۆژنامەنووسیین. هاندەری سەرەكیشیان تەنها ئەو عیشقەیە، كە چەندجار باسمانكردەوە، نەك بڕوانامە و موچەو ئافەرینی دەزگاكانی ڕاگەیاندن.
‌هەموو ئەوبنەمایانەی تۆ لە پرسیارەكەتدا دەربارەیان پرسیووتن، بنەماكانی كاری ڕۆژنامەنووسیین و پێویستە لە كەسی ڕۆژنامەنووسدا لەكاتی ئەنجامدانی دیداردا هەبن. جا گەر ڕۆژنامەنووس نەتوانێت ئەو بنەمایانە بە باشی بەكار بێنێت، كەواتە كارێكی كرچ وكاڵ ئەنجام دەدات و كارەكەی جگە لە خۆ ئەزیەتدان و ڕەشكردنەوەیی كاغەز زیاتر هیچی تر نییە، ڕۆژنامەنووس بۆ ئەوەی كارێكی باش ئەنجامبدا، دەبێت زیادەڕۆیی لە نووسین و خستنە ڕووی سەرنجەكانیدا نەكات. بە پرسیاری درێژ و تاقەتپڕوكێن، میوانەكەی، یان كەسی پرسیار لێكراو بێزارنەكات و بیخاتە دۆخی شپرزەییەوە. دەبێت هەوڵبدات، بە پرسیاری كورت و پوخت و واتادار، كارەكە ئەنجامبدات، چیرۆكنووسی گەورەی ڕووسی(چیخۆڤ) قسەیەكی جوانی هەیە دەڵێت” كورتكردنەوەو كورت دەربڕین، هاوتای بەهرەیە” كەواتە بۆ ئەوەی خاوەن بەهرەبیت، پێویستە كورت و پوخت و بێ‌ زیادە كارەكانت ئەنجام بدەیت. بەداخەوە مەسەلەی زمان و خاڵبەندی، كە یەكێكە لە پێویستییە گرنگەكانی داڕشتن و ئەنجامدانی دیداری ئەدەبیی، لێرە فەرامۆشكراوە و وەك پێویست گرنگی پێنەدراوە، كە فەرامۆشكردنی ئەم بوارە وەك ئەوە وایە خواردنێك ئامادەكەیت و خوێی تێنەكەیت، ڕەنگە ڕەنگ و بۆی خوادنەكەت جوانبێت، بەڵام بێ‌ تام و چێژە. دەقیق بۆ دیداری ئەدەبی ئەم نموونەیە ڕاستە .ڕەنگە ئەنجامدانی دیدارێكی گرنگ و باش بێت، بەڵام بێ‌ ڕەچاوكردنی زمان و خاڵبەندیی ،دیدارەكە بێ‌ تام و چێژ و خوێنەر بێزاردەكات. بۆیە زۆر پێویستە بەر لە هەموو لایەنەكانی دیكە، ڕۆژنامەنووس و كەسی پرسیاركەر گرنگی بە زمانی پاراو كورتبێژی و دواتریش خاڵبەندیی، لە داڕشتنەوەدا بدات، بۆ ئەوەی دواجار كارێكی شیاو و بە چێژ پێشكەش بە خوێنەران بكەن.
لە ڕاستیشدا بۆ تێگەیشتن لە جدیەتی هەموو دیدارێكی ئەدەبی دەبێت ئێمە سەیری پێشەكیەكەی بكەین، چونكە ئەگەر قودرەت و توانای نووسەر لە وەڵام دانەوەی پرسیارەكان لەناو دیدارەكەدابێت، ئەوا خاڵی بەهێزی ڕۆژنامەنووس و تواناكانی لەناو پێشەكیەكەیدایە، كە دەتوانێت لە كەمترین ووشەدا بەتەواوی كەسی پرسیار لێكراو كارەكانی و مەبەستی ئەنجامدانی دیدارەكە بە خوێنەر بناسێنێت، ئەمەش هەمان بۆ چوونی (جۆرج پلیمپتن)ی سەرنووسەری (پاریس ریڤیو) كە دەڵێت” چاوپێكەوتنی باش نەك تەنیا خاڵێك لەبارەی كەسایەتی نووسەر ئاشكرا دەكات، بەڵكو یەك دوو سەرسوڕمان و ڕەنگە بیرۆكەیەكیشی تێدابێت”
هەر بۆیە پێویستە پێشەكی دیدارەكان پێشەكی ناوازەبن و بۆچوونی نوێ‌ و گۆشەنیگای جیاوازیان دەربارەی نووسەر و كارەكانیان تێدابێت. نابێت بە هیچ جۆرێك ڕۆژنامەنووس كاری نووسین و ئامادەكردنی پێشەكی دیدارەكە بخاتە ئەستۆی كەسی پرسیار لێكراو جا هەركەسێك بێت، چونكە پێویستە لە پێشەكی هەموو دیدارێكدا ڕوئیای ڕۆژنامەنووس دەربارەی كەسی پرسیارلێكراو نووسەر و بەرهەمەكانیان ببینین، پێویستە بۆ ئەمە ڕۆژنامەنووس جۆرێك لە گەمەی زمانی بۆ نووسینی پێشەكیەكەی تاقیبكاتەوە، تا بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە سەرنجی خوێنەران بۆ خوێندنەوەی دیدارەكەی ڕاكێشێت.
كاركردن لە هەموو بوارێكی ڕۆشنبیری و مەعریفیدا بەتایبەت كاری ئەدەبی، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داهێنانەوە هەیە، داهێنان بەو واتایەی، كە كەسی نووسەر، یان پرسیاركەر، شتی نوێ‌ دەخوڵقێنێ‌، هەربۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووسەكە خۆی پڕزانیاری كردبێت و پێش هەمووشتێك خوێنەرێكی باش بێت و بەر لە ئەنجامدانی كارەكەی نەخشەیەكی بۆ چۆنێتی بەرهەمەكەی هەبێت و بەرچاوی ڕوونبێت كە دەیەوێت چیبكات و بۆ دەیكات و لە پێناو چیدا ئەو كارە دەكات. گەر كەسی ڕۆژنامەنووس، ئەم بەرچاوڕوونییەی نەبێت، ئەوا دەبێتە ئەو بۆمبە غازیەی كە ئێوە لە سەرەتاوە ناوتان هێنابوو. با نمونەیەكت بۆ بگێڕمەوە باس لە نەبوونی ڕوئیای كاركردنی ڕۆژنامەنووسی خراپ دەكات، كە خۆشی نازانێت چۆن كارێكی باشی ئەدەبی ئەنجامبدات، (ماركیز) خاوەنی ڕۆمانی ناوازەی (سەد ساڵ تەنیایی) دەگێڕێتەوە، كە پاش ڕاگەیاندنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێی، ڕۆژنامەنووسێك هەموو ڕۆژێك پەیوەندی پێوەدەكات بۆ ئەوەی دیدارێكی لەگەڵ سازبدات و ئەویش هەمیشە بە بیانووی سەرقاڵ بوون ڕەتی دەكاتەوە، تا بەیانییەك كە (ماركیزی و مارسیدێسی) هاوسەری دەیانەوێت لەماڵ بێنەدەرەوە و ئەو ڕۆژە بە بازاڕكردن بەسەر بەرن، دەبینن ڕۆژنامەنووسەكە لەبەردەم دەرگاكەیاندا دانیشتوە و چاوەڕێی هاتنەدەرەوەی ماركیز دەكات، ئەویش كە دەیبینێت دەڵێت ئەگەرچی بێ‌ ئاگاداركردنەوە هاتوویت، بەڵام كاتێكی باشە و وەرە لەگەڵمان، ئێمە ئەمڕۆ بە بازاڕكردنەوە بەسەر دەبەین، هەرواشیانكرد؛ ئەو ڕۆژە تا ئێورە درەنگانێك هەر سێكیان لە بازاركردن بوون و پێكەوە زۆر جێگا گەڕان و زۆر گفتوگۆیانكرد و زۆر كەسیان بینی و پێكیشەوە نانیان خوارد، كاتێك گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ڕۆژنامەنووسەكە بە ماركیز دەڵێت:- من دەڕۆم، بەڵام كاتێكی دیاریكراوم بۆ دانێ‌ تا دیدارەكەمان بكەین. ماكیز زۆر بەو قسەیە تێك دەچێت و پێی دەڵێت:- بۆ تۆ ئەوەی بۆی هاتبووی دەستت نەكەوت ئەمڕۆ!؟، ڕۆژنامەنووسەكە دەڵێت نەخێر، ماركیزیش پێی دەڵێت:- گەورەترین ئامۆژگاری من بۆ تۆ ئەوەیە كە پیشەكەت بگۆڕیت” ئەم نموونە و بەسەرهاتەی ماركیز وانەیەكی گەورەیە، كە ڕۆژنامەنووس چۆن بتوانێت كارێكی جوان و جیاواز ئەنجامبدات، ڕەنگە ماركیز بە دانیشتن و ڕووبەڕوو زۆر دیداری تەقلیدی لەگەڵدا كرابێت، بەڵام مەبەستی بوو ئەو ڕۆژنامەنووسە دەربارەی ڕۆژێك لە ژیانی ماركیز و خانەوادەكەی بكاتە ڕاپۆرتێكی جیاواز لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، كە ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەو شانسەی لەدەست دا. چونكە ماركیز دەیزانی ئەو ڕاپۆرتە زۆر زیاتر لە دیدارەكە خوێنەر و كاریگەری دەبوو؛ ئەگەر ڕۆژنامەنووسەكە بیزانیایە كارەكەی بەباشی بكات. هونەری ڕۆژنامەنووسی بەستراوە بە سەلیقە و توانای ڕۆژنامەنووسەوە لە درووستكردن و ڕێكخستنی پرسیار، پرسیارێك كە ئەوانیتر ڕێی تێنابەن و بیری لێناكەنەوە، چونكە ئەگەر نووسەر خالقی نووسین و گێڕانەوەبێت. ئەوا رۆژنامەنووس كارگەی بەرهەم هێنانی پرسیارە؛ كە ووروژێنەری نووسەرە بۆ دواندن. هەروەك (مۆریس بلانشۆ) لە کتێبی (پرسیاری نووسین)دا نووسیویەتی” پرسیار توێژینەوەیە، توێژینەوەیش توێژینەوەی ڕەگەکانە، لێکۆڵینەوە و ڕۆچوونە بۆ قووڵایی، هەڵکۆڵینی بناغە و دۆزینەوەی بنەماکانە”. كە وردبونەوە لەمەش گرنگی زیاتر بە بەهرە و توانایی زیاتر بەكاری ڕۆژنامەنووسی دەبەخشێت. هەربۆیە، پێویستە ئەوكەسەی دەبێتە ڕۆژنامەنووس و بڕیاردەدات كار لەو بوارەدا بكات، ورد و بە سەلیقە و ژیر بێت و هەموو ئەو كارانەی كە دەیكات، وەك بەشێك لە ڕوحی خۆی لێیان بڕوانێت، تا بەمەش لە كاری ڕەشكردنەوەی كاغەزەوە، كارەكەی پێناسەی خوڵقاندن و ئەفراندن و پۆست داهێنان وەربگرێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©